۳/۰۴/۱۳۹۱

سێهەمین کەناری ڕوبار



ژئۆ گیمارۆس خۆزا
لە ئینگلیزیەوە: ئەنوەر ‌حەسەن‌پوور

باوکم پیاوێکی ئەرکناس بوو، ڕێک و پێک و بێ کەلێن و قوژبن. بە پێی لێکۆڵینەکانی من و ئەو پرسیارانەی لە چەند کەسی جێی باوەڕم کردبوو، ئەو لە سەردەمی لاوەتی و بگرە مناڵیەوە خاوەن ئەو تایبەتمەندیانە بوو. تا ئەو جێگەی من لە بیرمە، ئەو نە بەختەوەرتر بوو لەو پیاوانەی ئێمە دەمان ناسین و نە خەمگین‌تر و بێ هیواتر. ڕەنگە هەندێک بێ‌ دەنگ‌تر بوو. دایکم ماڵەوەی بەڕێوە دەبرد نەوەک باوکم. ڕۆژانە بۆڵە بۆڵی لە سەر دەرکردین و بە زمانێکی ناخۆش لە گەڵ هەر سێکمان دەدوا، خوشکەکەم، براکەم و من. بەڵام ئەو بۆڵە بۆڵە ئەو ڕۆژە دەستی پێ کرد کە باوکم ڕای سپارد بەلەمێکی بۆ ساز کەن.


باوکم زۆر جدی بوو سەبارەت بە بەلەمەکە. دەبوو بە تایبەت لە داری میمۆسا (داری گوڵی هاوریشم)* بۆیان ساز کردبا. دەبوو قایم با، هێندە قایم کە بەرگەی بیست ساڵی گرتبا هێندە بەرین با کە تەنیا جێگای کەسێک ببێتەوە. دایکم زۆر نیگەرانی ئەم مەسەلەیه‌ بوو. ئاخۆ ئەوە مێردی وی بوو وا لە ناکاو دەیویست ببێ بە ماسی‌گر؟ یان ڕاوچی؟ باوکم هیچی نەدەگوت. ماڵی ئێمە کەمتر لە مایلێک لە ڕووبارەکە دوور بوو. ڕوبارەکە لە لای  ماڵی ئێمە قووڵ دەبۆوە. بێ دەنگ، مەنگ و بەرین، هێندە بەرین کە ئەو بەری ڕوبارەکە دیار نەبوو.
قەت ئەو ڕۆژەم لە بیر ناچێ کە بەلەمەکەیان هێنا. باوکم نە کەیف خۆش بوو و نە هیچ هەستێکی تری ده‌ر‌بڕی. وەک هەمیشە کڵاوەکەی لە سەر کرد و ماڵ ئاوایی لێ کردین. خواردەمەنی لە گەڵ خۆی نەبرد، نە خواردەمەنی و نە هیچ کەرەستەیەکی تر. ئێمە چاوەڕوان بووین دایکمان بیکا بە شەڕ و هەڵڵاو گرمە، بەڵام هیچی نەکرد. سپی هەڵگەڕابوو، لێوی گەست و تەنیا گوتی:

ئەگەر دەڕۆی، بڕۆ و قەت مەگەڕێوە."

باوکم هیچ وەڵامێکی نەداوە. بە ئارامی سەیری کردم و تێی گەیاندم کە بەڕێ کەم. ترسام دایکم لێم تووڕە بێ، بەڵام بە خۆشیەوە بە دوای باوکم کەوتم. بە یەکەوە بەرەو ڕووبارەکە ڕۆیشتین. هەستم بە بوێری و شادمانی کرد. گوتم:
"باوکە منیش لە گەڵ خۆت دەبەی؟"
تەنیا سەیری کردم. لە دڵ‌دا دوعای بە خێری بۆ کردم و بە ئاماژەی سەر پێی گوتم بگەڕێمەوە. وام نواند کە گەرەکمە بگەڕێمەوە بەڵام هەر کە ڕووی وەرسووڕاند لە پشت دارەکان خۆم شاردەوە تا سەیری کەم. باوکم چووە ناو بەلەمەکە و دوور بۆوە. سێبەرەکەی وەک تیمساحێک بە سەر ئاوەکەدا کشا، بێ دەنگ و درێژ.
باوکم نەگەڕاوە. نەگەڕاوەو لە ڕاستی‌دا نەچوو بۆ هیچ شوێنێک. هەر لەو دەور و پشتە لە سەر ئاو مایەوەو لە سەر ڕووبارەکە لە هات و چوو دابوو. هەموو کەس ترسابوو. ئەو شتەی پێشتر قەت ڕووی نەدابوو، ئەوەی نەدەبوو قەت ڕووی دابا، دەقەوما. خزمەکانمان، جیران و دۆست و ئاشناکانمان هاتن بۆ ئەوەی لە سەر ئەو ڕووداوە لە گەڵ دایکم بدوێن.
دایکم شەرمی دەکرد. هەندێک قسەی کرد و هەوڵی دا ئارام و خوێن سارد بێ. وەک ئەنجام، لانی کەم هەموو کەس بیری لەوە کردەوە (بیریان کردەوە بەڵام کەس نەیوت) کە باوکم شێت بووە. لە بەرامبەردا چەند کەس باسیان لەوە کرد کە باوکم خەریکە بەڵێنێک بە جێ دێنێ کە بە خوداو پیاوچاکانی داوە. یان ڕەنگە نەخوشیەکی قورسی هەبێ. ڕەنگە گول بووبێ و لە بەر خاتری بنەماڵەکەی ڕۆیشتووەو لە هەمان کات‌دا هەوڵ دەدا لێیان نیزیک بێ.
ئەو کەسانەی لە سەر ڕووبارەکە لە هات و چۆ دابوون و ئەو خەڵکەی لە دم ڕووبارەکە دەژیان باسیان کردبوو کە باوکم نە بە شەو و نە بە ڕۆژ قەت پێی لە سەر زەوی دانەنابۆوە. بە دەوری ڕوبارەکە لە خولانەوەدا بوو، تەنیا و تەریک و بێ ئیرادە، وەک گەمیەکی تێک شکاو. دایکم و خزمەکانمان هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی ئەو خواردەنەی پێی بوو تەواو دەبێ و ڕوبارەکە بە جێ دێڵێ و سەفەر دەکا بۆ شوێنێکی تر. (شوێنێك لانی کەم مرۆڤ بتوانێ ڕێزی لێ بگرێ.) یاخود تۆبە دەکاو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ.
ئەوان زۆر لە ڕاستی دوور بوون. باوکم سەرچاوەیەکی شاراوەی هەبوو بۆ دابین کردنی بژیوی رۆژانه‌. من هەموو ڕۆژێک خواردەمەنیم بۆ دەدزی و بۆم دەبرد. یەکەم شەو دوای ئەوەی بە جێی هێشتین، هەموومان بە یەکەوە لە کەنار ڕووبارەکە ئاگرمان کردەوەو دوعامان کرد و بانگمان لێ کرد. من لە قووڵایی دڵەوە پەڕێشان و خەمگین بووم، هەستم دەکرد دەبێ کارێک بکەم. ڕۆژی دواتر بەرەو ڕوبارەکە ڕۆیشتم و نانێک و چه‌ند مۆزێک و هەندێکیش شەکری قاوەیی نەکوڵاوم بۆ برد. بێ سەبرانە ماوەیەکی درێژ چاوەڕوان بووم. پاشان بەلەمەکەم دیت. تەنیا و دوور، بە ئارامی وەک وەی هەست بە تێپه‌ڕبوونی نەکرێ بە سەر نەرمایی ئاوی ڕوبارەکەدا دەڕۆیشت. باوکم لە بەلەمەکەدا دانیشتبوو. منی بینی بەڵام نە ڕووی وەرسووڕاندو نە لە جێی خۆی بزوت. خواردەمەنیەکەم نیشان دا و پاشان لە ناو کونی گاشەبەردێکی کەنار ڕوبارەکە شاردەمەوە. لە وێ لە دەست ئاژه‌ڵ و باران و تەڕبوون لە ئەمان دابوو. هەموو ڕۆژێ ئەو کارەم دەکرد. هەر چەند بڕوام نەدەکرد بەڵام پاشان بۆم ئاشکرا بوو؛ دایکم دەیزانی خەریک بە چیم و بە ئانقەست خواردەمەنیەکانی لە بەر دەست دادەنا تا من بتوانم بە ئاسانی بیان دزم. دایکم بە دەیان هەستی شاراوەی هەبوو کە قەت لای کەس نەیدرکاندبوون.
دایکم ناردی لە دوای براکەی تا بۆ کاروباری مه‌زرا و کاسبی یارمەتیمان بدا. لە بەر وەی کاتێکی زۆرمان بە فیڕۆ دابوو، دایکم مامۆستای تایبەتی بۆ گرتبووین تا لە ماڵێ یارمەتیمان بدا بۆ فێر بوونی دەرسەکانمان. ڕۆژێک لە سەر داوای دایکم، قەشە جلەکانی لە بەر کرد و چوو بۆ دم ڕوبار تا شەیتان و جندۆکەکان لە باوکم دوور کاتەوە. قەشە هاواری کرد و گوتی باوکم بەڵێنی داوە دەست لەو ناپاکی و ناپیرۆزیەی دەروونی خۆی هەڵنەگرێ. ڕۆژێکی‌تر دایکم دوو سەربازی ڕەوانە کرد تا بچن و بیترسێنن. هیچ کامیان سودیان نەبوو. باوکم زۆر دوور ڕۆیشتبوو. جاری وایە هێندە دوور دەبۆوە کە بە سەختی دەبینرا. سەبارەت بەم مەسەلە قەت وەڵامی کەسی نەدایەوەو تەنانەت کەس نەیتوانی لێی نزیک بێتەوە. کاتێک چەند ڕۆژنامەوان هاتن بۆ دم ڕوبارەکەو ویستیان وێنەی لێ بگرن، بەلەمەکەی بەرەو ئەو لای ڕۆبارەکە لێخوڕی و کەوتە ناو زه‌لکاوه‌کانه‌وه،‌ جێگەیەک کە بۆ خۆی وەک بەری دەستی پێی دەزانی و خەڵکی تر زۆر زوو تێیدا ون دەبوون. ئەو لە شوێنە شاراوەو پڕ پێچ و خەمەکەی خۆی هەستی بە ئاسایش دەکرد. ئەو شوێنەی کە چەندین مایل بەرین بوو و بە گەڵا و لق و پۆپی داران حەشار درابوو.
ئێمە دەبوو بە بیرۆکەی باوکم لە مەڕ بە جێ نەهێشتنی ڕوبارەکە رابێین. دەبوو خووی پێ بگرین  بەڵام، نەماندەتوانی. قەت نەمانتوانی خووی پێ بگرین. پێم وایە من تەنیا کەسێک بووم کە تا ئاستێک تێگەیشتبووم باوکمان چی دەوێ و چی ناوێ. بەڵام تەنیا شتێک کە قەت نەمتوانی لێی تێ بگەم ئەوە بوو کە چۆن دەتوانێ باری ئەو هەموو ئازار و دژواریە لە کۆڵ نێ. بە شەو و بە ڕۆژ، بە تاو و بە باران، لە گەرما و لە سەرمای ترسێنەری بەرەبەیانی زستانان، بە کڵاوە کۆنەکەی سەرێوەو جل و بەرگێکی کەم لە بەردا، حەوتوو لە دوای حەوتوو، مانگ لە دوای مانگ، ساڵ بە دوای ساڵ، نائاگا و بێ خەبەر لە ژیان، ڕووەو پوچی و بێ هوودەیی دەڕویشت. قەت پێی لە سەر زەوی دانەنایەوە. قەت ڕووی لە هیچ دوڕگەو کەنارێک نەکردەوە. بێ گومان هەندێک جار بەلەمەکەی لە جێگەیەکی شاراوە ڕادەگرت و دەیبەستەوە. ڕەنگە لە دوڕگەیەک، ئەویش تەنیا بۆ ئەوەی سه‌رخه‌وێک بشکێنێ. قەت ئاگری نەکردەوە، تەنانەت قەت شەمچەشی هەڵنەکرد. چراشی پێ نەبوو. تەنیا بۆ زیندوو مانەوە بەشێکی کەم لەو خواردەمەنیەی  هەڵدەگرت وا من لە ناو کونی گاشەبەردەکە دەمشاردەوە.
تۆ بڵەی تەندروستی چۆن بووبێ. دەبێ وزەی بەردەوامی بۆ بەکار هێنانی بێڵەکان و ئاژۆتنی بەلەمەکە لە کوێ هێنابێ؟ تۆ بڵەی چی کردبێ لە گەڵ ئەو سێڵاوانەی هەموو ساڵێ دێن. ئەو کاتەی کە ڕوبارەکە دەکەوێتە خرۆش و هەموو شتێک ڕادەماڵێ و لە گەڵ خۆی دەیبا؛ لق و پۆپی گەڵای داران، لەشی مردووی ئاژەڵەکان و سەدان شتی مەترسی داری تر. تۆ بڵەی ئەو شتانە ڕوبەڕووی بەڵەمەکە بووبنەوە؟
ئەو قەت لە گەڵ هیچ ڕوحێکی زیندوو نەدواو ئێمەش قەت باسی ئەومان نەکرد. ئێمە تەنیا بیرمان کردەوە. نا، ئێمە قەت نەمانتوانی باوکمان لە بیر بەرینەوە. ئەگەر بۆ چرکەیەکیش وا دیار بووبێ کە ئەومان لە بیر چۆتەوە، تەنیا سوکناییەکی کاتی بووە کە زۆر بە لەز ڕەوشە ترسناکەکەی خۆمانی بە بیر هێناوینەوە.
خوشکم زەماوەندی کرد بەڵام دایکم نەیویست شایی بۆ بگرێ. زۆر دڵتەزێن بوو بۆ ئێمە. هەموو جارێ کاتێک چێشتێکی خۆشمان دەخوارد، بیرمان لەو دەکردەوە. هەر ئەو جۆرەی لە ناو پێخەفە گەرم و نەرمەکەمان‌دا هەر لە بیری ئەو دابووین کە لە ناو شەوە سارد و تۆفانیەکان‌دا تەنیا و بێ پشتیوان، لە هەوڵی ڕزگار کردنی بەلەمەکەی دابوو. ڕەنگە ئێستا و لە داهاتوودا کەسانێک بڵێن هەر دێ و من زیاتر و زیاتر لە باوکم دەچم. بەڵام من دەمزانی ئێستا سەر و ڕدێن و پرچی زۆر ئاڵۆز بووە و نینۆکەکانی درێژ بوون. وەک کەسێکی نەخۆش و لاواز دەهاتە بەر چاوم، کەسێکی ڕەش هەڵگەڕاو بە سەر و ڕدێنێکی زۆر کە بە تاوێ سوتاوە. کەسێکی بێ جل و بەرگ و ڕووت سەرەڕای ئەوەی بۆ خۆم جار جار جل و بەرگم بۆ دەبرد.
وا دیار بوو بە هیچ شێوەیەک ئێمەی بۆ گرینگ نیە. بەڵام من هەستم بە میهرەبانی و ڕیز لە بەرامبەری‌دا دەکرد. هەر کات بۆ ئەنجام دانی کارێکی باش پێیان هەڵدەگوتم، من دەمگوت:
"باوکم  فێری کردم ئاوا بم."
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئاوا نەبوو. ئەم قسەی من جۆرێک ڕاست گۆیی بوو لە درۆ. هەر وەک وتم وا دیار بوو باوکم گرینگی بە ئێمە نادات. ئەی کە واتە بۆ هەر لە دەور و بەری ئێمە دەمایەوە؟ بۆ نەدەچوو بۆ لای خوار یان ژووری ڕوبارەکە؟ یان شوێنێک نە ئەو ئێمە ببینێ و نە ئێمە ئەو ببینین؟ تەنیا ئەو وەڵامی ئەو پرسیارە دەزانێ.
خوشکم کوڕی بوو. پێداگر بوو لە سەر ئەوەی نەوەکەی نیشانی باوکم بدا. لە ڕۆژێکی خۆش‌دا هەموومان بە یەکەوە چووین بۆ دەم ڕوبارەکە. خوشکم جلی سپی بووکێنی لە بەر کردبوو و مناڵەکەی بەرز لە سەر دەستی ڕاگرتبوو. مێردەکەی سێبەری بۆ ساز کردبوون تا تاو لێیان نەدا. ئێمە بانگی باوکمان دەکرد و چاوەڕوان بووین. خۆی نیشان نەدا. خوشکم گریا. ئێمە هەموومان لە باوەشی یەکدا گریاین.
خوشکم و مێردەکەی، ماڵەکەیان بۆ شوێنێکی دوور گوێستەوە. براکەم چوو لە شار بژی. زەمان گۆڕانی بە سەر هات. بە لەزێکی هەمیشەیی کە مرۆڤ قەت هەستی پێ ناکا. سەرئەنجام دایکیشم ڕۆیشت، پیر بوو، ڕۆیشت لە گەڵ کچەکەی بژی. تەنیا من بە جێ مام. بەجێ ماو! قەت نەمتوانی بیر لە زەماوەند بکەمەوە. من بە هەندێک شت و مەک و کەرەستەی ژیان لە وێ مامەوە. باوکم سەرگەردان و تەنیا و تەریک لە سەر ڕوبارەکە بوو و پێویستی بە من بوو. دەمزانی پێویستی بە منە، هەر چەند تەنانەت قەت پێی نەگوتم بۆ وا دەکا. لە بیرمە بە ئاشکرا و پێداگریی ڕای خەڵکم لە سەر ئەم کارەی باوکم پرسیبوو، وتیان بیستوویانە باوکم هەموو شتێکی بۆ ئەم پیاوە شی کردۆتەوە کە بەلەمەکەی بۆ ساز کردووە. بەڵام ئێستا ئیتر ئەو پیاوەش مردووە و کەس هیچ شتێکی نازانێ. ئیستا ئیتر کەس هیچ شتێکی لە بیر نەماوە. تەنیا چەند گەمژە دەدوان و دەیان وت کاتێک بارانە بە خوڕ و بەردەوامەکان دەستیان بە بارین کرد، باوکم وەک نوح لێزان و بە فکر بوو. لە بەر ئەوەی پێش بینی تۆفانێکی تری کردبوو ئەم بەلەمەی بە دروست کردن دا. وەک خه‌ونێکی ئاڵۆز لەبیرمە کە خەڵک وایان دەگوت. هەر چی بێ، من باوکم مەحکووم یان شەرمەزار ناکەم بۆ ئەو کارەی دەیکرد. مووی سەرم بەرەو ماش و برینجی دەچوو.
من تەنیا وشەی خەمناک و دڵتەزێنم بۆ وتن پێیە. خراپیم چی بوو؟ گەورەترین تاوانم چی بوو؟ باوکم هەمیشە لێم دوورە و "نەبوونی ئەو" لە گەڵ منە. وە ڕوبارەکە، ڕوبارەکە هەمیشە خەریکە خۆی تازە دەکاتەوە. ڕوبارەکە، هەمیشە... . خەریک بوو پیر دەبووم و ئێش و ژانی پیریم دەستی پێ دەکرد. سەردەمێکی دوور و درێژ کە بە ئەستەم تێپەڕ دەبێ. نەخوشی و دڵە‌کوتە و نیگەرانی دەستیان بە هێرش کردبوو. تووشی ڕۆماتیسمێکی بە ئازار ببووم. ئەی ئەو؟ بۆ، بۆ ئەو کارەی دەکرد؟ دەبێ ئازارێکی ترسێنەری هەبێ. زۆر پیر ببوو. ڕۆژێک لە کاتی بێ هێزی و پیری‌دا، دەبێ لێگەڕێ بەلەمەکە نوقم بێ. یان دەبوو لێگەڕێ خرۆشی ئاوەکە ژێر و ژووری پێ بکا تا دەیگەیەنێ بە تاڤگەیەک و له‌ ئاکام دا لە ناو پەڕێشانی و خرۆشی تاڤگەدا لە ناو بچێ. ئەم بیرۆکەیە زەختی دەخستە سەر دڵم. ئەو لە دەور و بەری من بوو و منیش بۆ هەمیشە ئارامی و ئاسایشم لێ ون ببوو. تاوانی من چ بوو؟ نازانم. ئێشی من برینێکی کراوەیە لە دەروونم دا دێت و دەچێ. ڕەنگە ئەگەر شتەکان جیاواز بان هەموو شتێکم دەزانی. ڕەنگە ئەو کات هەستم دەکرد چ شتێک هەڵە بووە.
هەر لێی گەڕێین. ئاخۆ شێت ببووم؟ نا، لە ماڵی ئێمە قەت باس لەم وشەیە نەکرابوو، قەت لەو هەموو ساڵەدا کەس بە کەسی نەوت شێت. ڕەنگە لە بەر ئەوەی یان کەس شێت نەبوو یان هەموومان شێت بووین. تەنیا کارێک کە کردم ئەوە بوو چووم بۆ دم ڕووبارەکە و دەسماڵێکم ڕاوەشاند. ئاوا زیاتر شیمانەی ئەوە هەبوو بمبینێ. تەواو لە ژێر فەرمانی خۆم دابووم. چاوەڕوان بووم. لە ئاکام‌دا، لە دوورەوە دەرکەوت. هێدی هێدی لێم نزیک بۆوە. جەستەیەکی سەرسووڕهێنەر و لێڵ لە سەر بەلەمەکە دانیشتبوو. چەند جار بانگم کرد و هەموو ئەو شتانەم وت وا بە ساڵان بوو لە دڵم‌دا بوون. هەموویانم شی کردەوە بۆ ئەوەی ئەرکی خۆم بە جێ هێنابێ. تا ئەو جێگەیەی توانیم هەموو شتێکم بە دەنگی به‌رز گوت:
"باوکە، بە ڕادەی پێویست لە وێ بووی. تو پیر بووی، بگەڕێوە، ناچار نی چیتر ئەم کارە بکەی... بگەڕێوە. ئەو جار من دەڕۆم. هەر ئێستا، ئەگەر پێت خۆشە. دەنا هەر کاتێک پێت خۆشە من دێمە سەر بەلەمەکە و جێگەی تۆ دەگرمه‌وه‌."
کاتێ ئەمەم دەگوت دڵم بە توندی لێی دەدا.
گوێی لێم بوو. هەستایە سەر پێ. بە بێڵەکانی هەندێک بەلەمەکەی سووڕاندو بەلەمەکەی بۆ لای من بەڕێ کرد. پێشنیارەکەی منی پەسند کردبوو. لە پڕ لەرزام. لە دڵەوە لەرزام. دەستی لێ هەڵێنام و دوای ساڵەهای ساڵ بۆ یەکەم جار ڕای وەشاند. من نەمتوانی... ترسام، زەندەقم چوو. هەڵاتم، شێتانە هەڵاتم. ئەویش دەتگوت لە وڵاتێکی تر هاتووە. من داوای لێ بوردنم لێدەکرد، لەبەری پاڕامەوە کە بمبەخشێ، لە بەری دەپاڕامەوە.
من هەستێکی ساردی ترسناکم تەجرەبە کرد کە لە ترسێکی کوشەندەوە دەهات. نەخۆش کەوتم. دوای ئەمە قەت نە کەس بینی و نە هیچ کەس هیچ شتێکی سەبارەت بەو بیست. ئاخۆ من پیاوم دوای ئەم شکستە؟ من ئەو شتەم کە قەت نابێ مرۆڤ وا ببێ. من ئەو شتەم کە دەبێ بێدەنگ بێ. دەزانم تازە زۆر درەنگە. من دەبێ لە بیاوان و دەشتە بێ ناو و نیشانەکانی ژیانی خۆم سەر کەم. لەوەی دەترسم ناچار بم ژیانم کورت کەمەوە. بەڵام کاتێک مەرگ بگاتێ، دەمهەوێ لە سەر بەلەمێکی بچووکم دابنێن و بمخەنە سەر ئەو ئاوە ئەبەدی و هەمیشەییە، لە نێوان کەنارە دوور و درێژەکان‌دا... من لە خوار ڕوبارەکە، ون بوو لە ناو ڕوبارەکە، لە ناو ڕوبارەکە، ڕوبارەکە...

0 ڕوانگە:

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts