۱/۱۴/۱۳۹۰

ڕوخساری پێکەنینی ئەمیر کاستاریکا لە کوردستان



ئەنوەر ‌حەسەن پوور


نووسین لە سەر دەرهێنەرێکی وەک بەهمەن قوبادی بە چەند هۆکار کارێکی دژوارە.
یەکەم: سینەما لە کورستان پرۆسەیەکی زۆر ساوایە. هێندە ساوا کە ئەو فیلمانەی بە هەر هۆکارێک لە ئاستی جیهانی دا قسەیەکیان بۆ گوتن پێ بووە یان بە هەندێک هۆکاری سیاسی لە ئاستی جیهانی دا دەنگیان داوەتەوە، لە ژمارەی پەنجەکانی دەست کەمترە. ئەو بابەتە هێندە ترسێنەرە کە مرۆڤ بوێرانە دەتوانێ بڵێ جگە لە چەند فیلم هیچ دەرهێنەرێک و بەرهەمەکانی خاوەن ئەو تایبەتمەندیانە نین کە بتوانن لە مێژووی سینەما دا بمێننەوە. بێ گومان ئەو پێوانەیە کە من بە پشتیوانی ئەو، ئەم ڕوانگەیە دەدرکێنم ڕوانینێکی تەواو شەخسیەو بە هیچ شێوەیەک پێداگری لە سەر ناکەم. تەنیا و تەنیا گرێدراوی شێوازی ڕوانینی بینەرە، جا چ بینەر کەسێکی ئاسایی بێت یان بینەرێکی پرۆفشناڵ. بێ شک ئەم بانگەشەیە لە پێوەندیەکی چڕ و پڕ دایە لە گەڵ بابەتی ساوا بوونی سینەما لە کوردستان و ناتوانین نکۆڵی لە هەل و مەرجی سیاسی – کۆمەڵایەتی – ئابووری کوردستان بکەین. مێژوویەکی لاواز لە بواری سینەما کە بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی لە ژێر کاریگەری تیغی سانسۆری ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی سەر کوردستان لە دایک بوون و دەرهێنەر لە ڕووی ناچاریش بێ هەموو لایەنەکانی لە بەر چاو گرتووە.

دووهەم: هاوکات لە گەڵ خاڵی یەکەم کە باسی کرا، کوردستان لە پشتیوانی هونەرەکانی دیکەش بێ بەشە. پێمان خۆش بێ یان نا، لە دڵمان گران بێ یان نا، ئێمە نەتەوەیەکی بێ ئەدەبیات و بی ڕۆمانین. هەر چی هەیە لە چوارچێوەی بەرهەمی کۆمەڵێک شاعیری گەورە دایە کە بە ڕاستی ئەگەر ئەوانیش نەبوایەن، مەترسی لە ناو چوونی زمانەکەشمان دەهاتە ئاراوە. جێگای سەر سووڕ مانە ئەگەر چاوەڕوان بین وەک نەتەوەیەکی بێ ڕۆمان و بێ ئەدەبیاتی نووسراو، سینەمایەکی بە هێزمان هەبێت. ئەدەبیاتی زارەکی و فۆڵکڵۆر ئەگەر زۆر دەستی بڕوات دەتوانێ بێش بە لەناو چوونی زمان و بەشێک لە کولتووری نەتەوەیەک بگرێ. ڕەوشی نیگار کێشی و مۆسیقاشمان دیارە. کە واتا ئەگەر ئەو ڕستەیەمان قەبووڵ بێت کە سینەما هونەری ‌حەوتەمەو بە جۆرێک هونەرەکان کۆ دەکاتەوە دەبێ قەبووڵی بکەین کە نەبوونی ڕۆمان و مۆسیقا و ئەدەبیاتێکی بە هێز کە لە هەموو لایەنێکەوە لێکۆڵینەوەی ئاکادیمیکی لە سەر کرابێت، کاریگەری ڕاستەوخۆ لە سەر ساز بوون و بەرەو پێش چوونی سینەما دادەنێت.
سێهەم: ئێمە بێ بەشین لە ڕەخنەگری سینەما و ئەوە بابەتێکە زۆر گرینگە لە دروستکردنی کێشە بۆ نووسین لە سەر سینەما. بەر لە وەی دەست بە نووسینی ئەم بابەتە بکەم لە سەر بەڕێز قوبادی و بەرهەمەکانی زیاتر لە سی لاپەڕەی سایتی گوگول بە چوار زمانی کوردی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی گەڕام. بەڵام جگە لەو وت و وێژانە کە لە گەڵ بەڕیزیان کراوەو ئەو هەواڵ و ڕاپۆرانەی ڕۆژانە لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکان دا بڵاو کراوەتەوە هیچم نەدۆزیەوە. خۆی لە خۆی دا زیاتر لە بیست لاپەڕەی ماڵپەڕی گوگوول ئەو لینکانەی تێدایە کە باس لە نامەی کاک بەهمەن بۆ عەبباس کیاڕۆستەمی و بابەتی دەزگیران بوونی خاتوو ڕۆکسانا سابیری (ڕۆژنامەوانی ئەمریکی – ئێرانی کە ماوەیەک لە ئێران دەست بە سەر بوو) دەکات کە کاک بەهمەن نامەیەکی سەر ئاواڵاشی لە سەر بابەتی دەزگیران بوونی خۆی و ڕۆکسانا نووسیبوو.  بە ڕاستی جێگای سەر سووڕمانە کە تەنانەت یەک بابەتیشم نەدۆزیەوە کە بتوانێ بە بەرفراوانی باس لە بەرهەمەکانی کاک بەهمەن قوبادی بکات. تەنانەت فیلمی پشیلە ئێرانیەکان کە لە ئاستی جیهانی دا دەنگی داوەو بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی پێشووی قوبادی سەرنجی میدیای فارسی دەرەوەی ئێرانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بە هیچ جۆرێک و لە هیچ شوێنێک بابەتێکی ڕەخنەیی لە سەر نەنووسراوە. دیارە ئەو هەواڵ و ڕاپۆڕتانەی کە لە لایەن میدیای جیهانیەوە بە شێوەی ڕۆژانە و بە مەبەستی ناساندی کورتی ئەو فیلمە نووسراون، قەت ناتوانن هەڵگری ناوەڕۆکێکی ڕەخنەگرانە بن و دەورێکی بەهەند لە بەرەو پێش بردن و سینەمای بەهمەن قوبادی بگێڕن. ئەوە لە کاتێک دایە کە بە دەگمەن هەیە فیلمێکی سینەمای جیهان یان ئێران خەڵاتێکی بە دەست هێنابێت و بە دەیان و سەدان بابەتی جۆراجۆری لە سەر نەنووسرابێت.
من خۆم وام، ڕەنگە زۆر کەسیش کە دەخوازن بە شێوەیەکی وردتر لە سەیری سینەما بکەن، دوا بە دوای دیتنی بەرهەمی دەرهێنەێک بە دوای ئەو ڕەخنە و بابەتانە دەکەون کە لە سەر فیلمێک نووسراون. ئەگەر نا ڕوو دەکەنە ڕوانگەو تێبێنیەکانی خودی دەر‌هێنەر لە سەر بەرهەمەکانی. گومان لەوەدا نیە کە گرینگترین و بە کاریگەرترین خاڵێک کە لە سەر فیلمێک دەگوترێ، ڕوانینی خودی نووسەرە، هەر بۆیە زۆربەی هەرە زۆری دەرهێنەران هەوڵ دەدەن کە هێڵێکی مسۆگەر لە مەڕ بەرهەمەکانیان دیاری نەکەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هیچ دەرهێنەرێک نایهەوێ تەنیا لە گۆشە نیگا و جیهان بینی خۆیەوە سەیری بەرهەمەکانی بکرێت. بە تایبەت لە سینەمایەک دا کە بەڕێز قوبادی بانگەشە دەکات لە نێوان ڕئاڵیسم و ڕئاڵیسمی جادوویی لە هات و چوون دایە. بە پێچەوانەوە کاک بەهمەن قوبادی لەو وت وێژانەی وا سەبارەت بە بەرهەمەکانی کردوویەتی، زۆر ڕاشکاوانە هەموو ڕوانینەکانی خۆی درکاندووە. بێ گومان ئەوە ئەگەر لە لایەکەوە یارمەتیدەر بێت بۆ سینەمای بێ ڕەخنە و بێ ڕەخنەگری ئێمە، لە لایەکی تر لەمپەڕێکە لە بەرامبەر ڕوانگەی جیاواز دیسان بۆ سینەمای بێ ڕەخنەی ئێمە.
ئەو بابەتەی ئێستا بابەتێکی زۆر کورتە و ئەگەر نەتوانم زۆر شتی تێدا باس بکەم ئەوا لانی کەم بانگەشەی ئەوەم هەیە کە کاتێکی زۆرم بۆ دانا. ناچار بووم سەر لە نوێ بە بەرهەمەکانی کاک بەهمەن دا بێمەوەو هەموویان چاو لێبکەمەوە. سەیری یەک دوو فیلم لە بەرهەمەکانی ئەمیر کاستاریکام کرد کە قوبادی لە سەر ئەو بڕوایەیە کاریگەری لێ وەرگرتوون. هاوکات چەند فیلمی "تاکاشی کیتانۆ" دەرهێنەری ژاپۆنی و "چین کایگە" دەرهێنەری چینیم بینی کە قوبادی بەرهەمەکانی بە دڵ بوون. بە پشتیوانی ئەم کارەو دیتنی دووبارە و چەند بارەی هەموو کارەکانی هەر چەند کاک بەهمەن قوبادی لە یەکێک لە وت و وێژەکانی دا دڵێ:"من هیچ سینەمایەکم بە دڵ نیە." من بەر لە هەر شتێک دەمەوێ بڵێم کە بەهمەن قوبادی پێکهاتەیەکە لەو بەرهەم و دەرهێنەرانەی کە باسیان دەکا و هێشتا ڕێبازی سینەمایی خۆی نەدۆزیوەتەوە.
ئەمیر کاستاریکا دەڵێ:"ئیتر جیهان وێران بووە، ئێستا ئیتر تەنیا دەتوانین جۆک ساز بکەین." ڕەنگە ئەو ڕەستەیە هۆکاری سار کردنی فیلم بێت بە شێوازی کاستاریکا. سینەمای کاستاریکا هەوڵدانێکە لە نێوان ڕئاڵیسمی جادوویی، کۆمێدی و مێلۆدڕام دا.
بە سەرنج دان بە کۆی بەرهەمەکانی بەهمەن قوبادی، مرۆڤ بە سانایی بەو ئەنجامە دەگات کە ئەو دەرهێنەرە بەردەوام لە هات و چوو و ژێر و ژوور کردن دایە و تەنانەت دەتوانم ئەوە بڵێم کە مەترسی دووپات بوونەوە زۆر لێی نیزیکە. لە ڕێبازێک دەگەڕێ کە تێیدا "تایبەت" بێ و لە زۆربەی هەرە زۆری وت و وێژەکانی دا باس لەو هەوڵدانە بۆ "تایبەت" بوون دەکات. من بەش بە ‌‌حاڵی خۆم پێم وایە کە تایبەت بوون شتێک نیە کە بە دوای دا وێڵ بی، بەڵکوو ئەنجامێکە لە کۆی بەرهەمی هونەرمەندێک. کاتێک ئەمیر کاستاریکا دەڵی ئیتر جیهان وێران بووە و ئێمە تەنیا دەتوانین جۆک ساز بکەین، پشتیوانێکی زۆر قورس و قایمی لە پشتە. پشتیوانێک کە تەواوی ڕەنج و ئازار و خوێن و برینەکانی سەردەمێکی خوێناوی ئەورووپای لە خۆوە دەگرێ کە سینەما توانیوێتی واژۆیەکی زۆر بە‌هێزی لە ژێر بدا. ڕەنگە هیچ کەس نەیتوانیبێت هێندەی کاستاریکا کولتوور و ژیانی سەردەمێکی ناوچەی "باڵکان" بگێڕێتەوە. کاستاریکا ڕاست لەو جێگەیە ڕاوەستاوە کە بەهمەن قوبادیش دەتوانێ لەوێ ڕاوەستێ. دەرهێنەرێک کە ئەورووپا بۆ لە سەر پێ ڕاگرتنی سینەمای خۆی و دژایەتی لە گەڵ سینەمای هالیوود پشتیوانی لێ دەکات. بەڵام بەهەمەن قوبادی هەوڵدانێکی سەرنەکەوتوویە لە ناو زنجیرەیە ئەو شەپۆلانەدا. هات و چوویەکی سەقەت لە نێوان ڕئالیسمی جادوویی، کۆمێدی و مێلۆدارم دا. هات و چوویەک کە نەیتوانیوە بە باشی کەڵک وربگرێت لە مێژوویەک شەڕ و ئازار و برین و خوێن. نەیتوانیوە خۆی لە ناو هەزار توێی شەڕ و خوێنی دوێنێ و ئەمڕوو هەمیشەیی کوردستان دا بدۆزێتەوە.
باس لە ئەنفاڵ و ‌حەلەبجەو شەڕ و قاچاقچێتی و هەژاری و خوێن و لە نێو هەموو ئەمانەدا مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و کولتووری نەتەوەی کورد دەکا بەڵام، زمانی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان کولە و داڕشتنی پەیکەرەی چیرۆکەکان و خوڵقاندنی کەسایەتیەکان دەیان و سەدان کەم و کورتی زەق و بەرچاوی تێدایە کە بێ گومان تەنیا تایبەت نین بە بەهمەن قوبادی و بەرهەمەکانی ئەو لە کوردستان.
ڕاست لەو خاڵە دایە کە سەقەت بوونی سینەمایەکی بێ پشتیوان لە ئەدەبیات خۆ دەنوێنێ و زیاتر زەق دەبێتەوەو باشتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نەوبوونی تێکستی بە‌هێز و سێناریۆی باش چەند کاریگەری دەکاتە سەر پێکهاتەی سینەما و بەرهەمێکی سینەمایی.
بۆ ئەوەی کە ناو ئاخنی ئەم باسە زیاتر شی بکرێتەوە پێویستە وردبینانەتر بڕوانینە ببەرهەمەکانی قوبادی و پێ بنێنە ناو لوێ چیرۆکەکان. ئامانجی سەرەکی من تەنیا هەڵسەنگاندنی سووچێکی بچووک لە ڕوانینی قوبادی و شێوازی داڕشتنی چیرۆکی بەرهەمەکانێتی و بۆ ئەم مەبەستە بە گشتی چاوێک بە هەموو بەرهەمەکانی و بە تایبەتی بە فیلمی"ئاوازەکانی وڵاتی دایکم" دا دەخشێنم. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو فیلمە بە تایبەتی، ئەوەیە کە ئەو فیلمە لە ناو بەرهەمەکانی قوبادی دا لە نێوان دوو ڕێچگە جێ دەگرێ. لە نێوان فیلمی ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان کە هەنگاوی سەرەتای قوبادی بووەو ناتوانێ هەڵگری تەنانەت بەشێکی کەم لە بانگەشەکانی قوبادی بێت. کیسەڵەکان هەنگاوێک سەرترە و نیوەی مانگیش دەیان و بگرە سەدان هەنگاو لە ژێرتر. پشیلە ئێرانیەکانیش کە دەکەوێتە ناو خانێکی ترەوەو پێن ناوەتە گۆڕەپانێکی زۆر جیاواز لە کوردستان و کەڵکەڵەکانی. من پێم وایە کە فیلمی ئاوازەکان دوورترە لە تەواوی ئەو ڕەخنانەی کە لە سەر قوبادی هەیە کە دەڵێن قوبادی بۆ فستیڤاڵەکان فیلم ساز دەکات. هەر بۆیە ئەم فیلمەم بە تایبەت وەک کۆڵەکەی باسەکە هەڵبژارد.
ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان لە هەل و مەرجی کوردستان وەرگیراوەو ئەگەر ئیزنی ئەوەمان هەبێت گۆڕانێک بە سەر هەندێ لە شوێنی ڕووداوەکان دا بێنین، ئەوا دەتوانین بڵێن ئاوێنەیەکی باڵا نوێنی کوردستان و بەشێک لە ڕووداوە کۆمەڵایتیەکان و هەل و مەرجی سیاسی ئەم وڵاتەیە کە بە داخەوە ناتوانین بیشارینەوە خەوشێکی دزێویشی بە سەردا کشاوە. ئاوازەکانیش بە جۆرێک هەر دريژەدەری ئەم ڕێبازەیەو بێ شک نیگای وشیاری قوبادی لە هەڵبژاردنی رووداوەکانی کوردستان ئاراستە دەکات. هەڵس و کەوت و جووڵانەوەو شێوازی قسەکردن و دوانی تاقمێکی تایبەت لە کەسایەتیەکانی کوردستان لە زەینی هەر بینەرێکی ئاشنا زیندوو دەکاتەوەو بۆ هەر بینەرێکی غەریبیش هێمایەکە لە کوردستان و ژیان و کەسایەتیەکانی بە خڕ و پتوونی.
ئەو فیلمە فیلمی ڕێگایە. لێگەڕین و ئامانج. ڕێگایەک کە هەمیشە دەتوانێ گۆڕان بە سەر کەسایەتیەکان بێنێت و وەرچەرخانێکیان تێدا بەدی بێنێ. لەو فیلمەدا ئێمە نازانین لە کێ دەگەڕێین. لە کەسایەتیەک کە زۆر سیحراویە و شاراوە بوون و نەناسیاوی ئەم کەسایەتیە تایبەتمەندیەکی ئاسمانی و دوور لە زەینی پێ دەبەخشێ. ئەمە نیگای یەکەمە: هەنارە ئەوینی دێرین و فەرامۆش نەکراوی میرزا کە ژنێکی دەنگ خۆشەو پەنای بۆ مەنفا بردووە. دیار نیە بۆ ‌هەڵاتووە. لە ترسی مێردەکەی یان کۆمەڵگاکەی یان هەر دوو لا. کێشەیەکمان هەیە، ئەگەر میرزا ئەو ژنەی خۆش دەویست و لە گەڵ گۆرانی گوتنی ئەو دا کێشەی نەبووە بۆ لە گەڵی نەڕۆیشتووە؟ وەڵامی پرسیارەکەمان وەردەگرین بەڵام بەرە بەرە. بە هەر حاڵ میرزا لە هەل و مەرجێکی هەستیار و پڕ لە قەیران دا دەخوازێ بە یارمەتی کوڕەکانی (بەرات و عەودە) بکەوێتە شوێن هەنارەو بیدۆزێتەوە.
بێ گومان ئەم چیرۆکە بەو پلانە گشتیە کە باسمان کرد توانایی ئەوەی هەیە کە فیلمێکی کەم وێنە بخوڵقێنێ و لە مێژووی سینەما دا بمێنێتەوە. دەیتوانی چیرۆکێک بێت کە سنوورەکانی کوردستان ببەزێنێت و ببێت بە فیلمێک کە بەشێک بێت لە سەر قافڵەی سینەما لە کوردستان. بەڵام هێشتا نەگەیشتووین بە نیوەی فیلمەکە کە هەموو شتێک وەردەسووڕێ. ئیتر ئەو شتەی کە ئێمە دەیبینین کەڵکەڵی کوردستان و وڵاتێکی لێ قەوماو نیە کە قوبادی دەخوازێ تێیدا تایبەت بێتەوەو لە هەموو فیلمەکانی دا لە هەوڵ دانی ساز کردنی ئەمە دایە. ئیتر ئێمە ڕووبەڕووی کێشەکانی کوردستان و مرۆڤەکانی نین، بەڵکو هەندێک چەمک و هەڵوەستەی تر کە ڕەنگە دەرهێنەر بۆ خۆی وەک تکنیکی فیلم و پێکهاتە ناوزەدیان بکات، باڵ بە سەر چیرۆک و بەسەرهات و تەنانەت کەسایەتیەکانیش دا دەکێشێ. ئەو فیلمە لە کوردستان ساز کراوە بەڵام لە ناخی کوردستان و بگرە کەسایەتیەکانی خودی فیلمەکە هەڵنەقوڵاوە. قوبادی لە یەکێک لە وت و وێژەکانی‌دا دەڵێ:"من بۆ خۆم دەڵێم کە ئەوینداری فیلمی "سەردەمی کۆیلێکان"ی کاستاریکام. ئەو شێتی و ئاڵۆزی و هەژاری و ژیان لە ژێر سێبەری شەڕ بەردەوام لە کوردستانیش دا هەبووە. جگە لەمانە دواتر لێکۆڵینەوەم کرد و بەم ئەنجامە گەیشتم کە بەشێکی زۆر لە کوردەکانی تورکیا کۆچ بەری باڵکان بوون و ئێمە تەنانەت هەندێ وشەی لە یەکمان هەیە. ئەوان بە دایک دەڵێن "دایە" و خۆشەویستی لە زمانی ئەوانیش دا هەر "ئەوین"ە. ڕاست وەک زمانی کوردی. شەیدانی ئەمیر کاستاریکا نیم بەڵام وزەی مرۆڤەکانیم خۆش دەوێ. ئاوازەکانی خۆم لە ستایشی ئەو فیلمەی ئەو ساز کردووە. (وت و وێژی سەعید قوتبی زادە – گێڕانەوەی شێتانەی مرۆڤ‌گەلێك لو سەر سنووری مەرگ)
بەڕێز قوبادی دەڵێ ئەو فیلمەم لە ستایشی فیلمەکەی کاستاریکادا ساز کردووەو من وەها دەیخوێنمەوە کە ئەو فیلمە لە ژێر کاریگەری کاستاریکادا ساز کراوە. بە جۆرێک کە تەنانەت دەتوانین بڵێین قوبادی ویستوویەتی هەڵس و کەوتی کەسایەتیەکانی کاستاریکا دەرخواردی فیلمەکەی خۆی و دیالۆگەکانی بدا. فیلمەکەی قوبادی بە ئاشکرا خۆی بە سەر کەش و هەوای کوردستان دا دەسەپێنێ. لەو ڕەگەزە نیە کە کوردستان بە خۆی دەبینێ. دیمەنی کوردستانێکمان نیشان دەدات کە لە گەڵ ناسنامەی خۆی لە ناکۆکی و پاڕادۆکس دایە و تووشی پاشڤەڕۆییەکی سەر سووڕ هێنەر بووە و کەش و هەوایەکی ئاڵۆز و بێ ناسنامەی هەیە و هەر بەم جۆرەش گرفتاری گۆشەنیگای بەر تەسکی دەرهێنەرەکەی دەمێنێتەوە. واتا فیلمەکە لە یەکەم بانگەشەی خۆی دا کە باس کردن لە ناسنامە و کەش و هەوای کوردستانە بێ ئەنجام دەمێنێتەوەو بە لاڕێ‌دا دەڕوات.
ئەو ڕووداوانەی کە قوبادی لەو فیلمەدا باسیان دەکا لە چوارچێوەی چیرۆکێکی ئاڵۆز و بڵاو و لەرزۆک بە یەک دەگەن کە بە هیچ جۆرێک توانای ڕاکێشانی فیلمێکی درێژیان بە دوای خۆیان‌دا نیە.
ئەم فیلمە لە سەر دوو بناغە ساغ دەبێتەوە: یەکەم دیالۆگ و دووهەم ئەو دیمەنە جوان و دڵ بزوێنانەی کوردستان کە بێ شک سەرنجی هەر بینەرێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بوێرانە دەتوانم بڵێم کە ئەکتەرەکان جگە لە گوتنی دیالۆگەکان هیچ ئەرکێکی تریان پێ نەدراوە. بێ گومان ئەو لاوازیە هێندە بەرچاوە کە بیانووی "کەڵک وەرگرتن لە ئەکتەری ئاماتۆر" ناتوانێ وەڵام دەرەوەی ئەم کەم و کورتیە بێت. من هەست دەکەم کە قوبادی بۆ خۆشی هەستی بەم لاوازیە کردووەو لە زۆر شوێن دا هەوڵ دەدات خۆی لە نیشان دانی پۆرترەی ئەکتەرەکانی بپارێزیت و بینەر بە هەندێک دیمەنی جوانی کوردستان و پۆرترەی مناڵان سەر قاڵ بکات.
ئەو پێناسەیەی کە لە دیمەنی سینەمایی دەکرێت شتێکە و نیشان دانی هەندێک دیمەنی دڵ بزوێن و بە کاریگەری جوان لە وێنەی کارت پۆستاڵ و پۆستێر کە ڕەنگە بە ڕاستی بۆ بینەرێکی ئەوروپی سەرنج ڕاکێش بێت شتێکی تر. لە گەڵ ئەمەش‌دا، ئەم فیلمە باس لە کەڵکەڵەی مۆسیقا دەکات لە کوردستان، بەڵام ئەو ئاواز و گۆرانیانەی کە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ وەك بڵەی بە زەبر لە فیلمەکەدا بە جێ کراون، زۆر جار بینەر ماندوو دەکەن و من خۆم هەندێ جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەگەر ئەو فیلمە ئەدیتۆرێکی وەک هایدە سەفی یاری نەبوایە کە یەکێک لە باشترین و بە ئەزمونن ترین ئەدیتۆرەکانی سینەمای ئێرانە، ئەوا ئەو دیمەنانەی وەک کۆمەڵێک کلیپ نیشانی بینەر دەدرێن چۆن بە یەک پەیوەند دەدرانەوە. بۆ وێنە سێکانسی گۆرانی "هەنارە" لە کەمپی مناڵەکان بە بیر بێننەوە. تۆ بڵەی ئەدیتۆر و دەرهێنەر ئەم دیمەن و گۆرانیانەیان کردبێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی دەرهێنەر هەندێ لە چیرۆكی فیلمەکە دوور بێتەوە؟ با لە بیرمان نەچێ کە بە دڵنیاییەوە ئەوەش لە بەر چاو گیراوە کە ئەو دیمەنانە هەندێ بینەری تایبەت بە خۆیان دەبێ.
کاک بەهمەن لە وت و وێژێکی تردا لە گەڵ "جومانا فارۆكی" بۆ گۆڤاری تایمز دەڵێ:"قسەیەکی ئێرانی هەیە دەڵێ:ئێوە دەتوانین بە لۆکە سەری کەسێک ببڕن. ئەو دیمەنە کۆمیک و تەنزانە لۆکەن کە من هەوڵم داوە بە یارمەتی ئەوان ڕەنج و ئازاری هەڵقوڵاو لە دڵی ڕاستیەکان کەمتر کەمەوە. لە بەر ئەوەی کە ئەگەر ویستبام هەموو ئازارەکان باس بکەم، کەس توانای سەیر کردنی نەدەبوو."
من وا بیر ناکەمەوە. لە بەر ئەوەی کە پێم وایە ڕەساڵەتی سینەما شتێکی ترەو جێگەو شوێنەواری تەنزیش لە سینەمادا جێگەیەکی‌تر. بیر بکەنەوە لەو چوارچێوەیە کە بینەرێکی ئەوروپی بە دیتنی فیلمەکانی بەڕێز قوبادی لە زەینی‌دا ساز دەىێ. لە فیلمی ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان‌دا. لە ئاوازەکان و کیسەڵەکان، لە نیوەی مانگ و لە ئاکام دا لە پشیلەکان. من لێرەدا بە مافی خۆمی دەزانم کە بڵێم وەک کوردێک نە خۆم و نە بنەماڵەکەم و نە شارەکەم و نە ئەو هاوڕێیانەی لە شەڕ دابوون و ئازارەکانیان لە نیزیکەوە چێشتووە لە فیلمەکانی بەڕێز قوبادی‌دا نادۆزمەوە. ڕاستەو ڕاستیش لەو چینەوە هاتووم کە ئەو باسیان دەکات. ئەو چینە ژێر دەستە هەژارەی کە بەردەوام قوربانین. هەژار بووم و دەزانم هەژاری یانی چی! سوور دەزانم کە نە کەڵکەڵەی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە فیلمەکانی قوبادی بۆمان دەگێڕێتەوەو نە کەڵکەڵەی مۆسیقا و مۆسیقاژەنەکانی وڵاتەکەم ئەوەیە. سەرم سووڕ ماوە لەو هەموو جیاوازیە کە لە نێوان پشیلەکانی ئێران و پشیلەکانی کوردستان نیشان دراوە. ئەوە لە کاتێک دایە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - لە گەڵ تەواوی ئەو دەرفەتانەی کە لێی ستێنراوەتەوە – لێگەڕینی بۆ مۆسیقا هەیە و لانی کەم جیلی تازە بە باشی بە دوای ئەم شتە دەکەون. دەبێ جیاوازی لە چی دابێ کە پشیلەکانی کوردستانی ئێمە لە فیلمی نیوەی مانگ دا هێندە پاشکەوتووترن لە پشیلەکانی ئێران. ئاخۆ لێگەڕین بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک لە کوردستان و تاران هێندەی جیاوازی هەیە؟ بە دڵنیاییەوە دەبێ ئەوە بڵێین کە ئەو دیمەنانە کە لێوڕێژن لە نەزانی و جەهل و پاشڤەڕۆیی تاقە دیمەنی کوردستان نین. کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو هەموو نەزانی و جە‌هلە بکات کە ڕۆژانە خەریکن هێندەی شەڕ قوربانی دەستێنن، بەڵام ئاشکرایە کە ئەوانە تاقە دیمەنی کوردستان نین.
دەگەڕیمەوە سەر باسی چیرۆک. لە فیلمی ئاوازەکان دا چیرۆک لە گەڵ خۆی لە ناکۆکی دایە. ناکۆکیەکی سەیر. هێگڵ دەڵێ:"لە دایک بوونی کوڕەکان مەرگی باوکەکانە." واتە کاتێک بیری نوێ لە دایک دەبێ، بیرە کۆنەکان دەمرن. کەس ناتوانێ نکۆڵی لەم ڕاستیە بکات. لە ئاوازەکان دا میرزا بە ژنەکە دەڵێ:"درۆم بە کوڕەکانم گوتووە. گوتوومە تەڵاقم داوە. لە بەر ئەوەی ئەوان غیرەتین. مەسەلەکەم کرووە بە مەسەلەیەکی نامووسی." میرزا شەرمی هەیە لە ڕاستیەک کە تەنانەت نەیوێراوە بە کوڕەکانی بڵێ. فیلمێک کە کەڵکەڵی سەرەکی مۆسیقایە بەڵام قارەمانەکەی لە گەڵ ئەم ناوەڕۆکە لە ناکۆکی دایە. ئەمەو دەیان نموونەی تر لە بەرهەمەکان‌دا. بیر بکنەوە لە بابەتی دەست‌درێژی بۆ سەر ئاگرین لە فیلمی کیسەڵەکان. ڕووداوەکە دوای ڕووداوی ‌حەلەبجەیە. لە فلاش بەکیک‌دا ئاگرینی تەمەن پازدە – شازدە ساڵان لە ناو ئاوێک‌دا دەست‌درێژی دەکرێتە سەر. هەر بەو سیمایە کە لە داهاتوودا دیتوومانە. سیمایەکی تەمەن پازدە – شازدە ساڵان. کە چی دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ ئاگرین هەر ئەو ئاگرینەیەو ئێستا مناڵێکیشی هەیە. دیاریش نیە مناڵێک کە دوای نۆ مانگ لە دایک بووە بۆ دەبی دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە دە ساڵ هەر دوو ساڵی تەمەن بێ! ئاگرین بۆ نەگۆڕاوە و... . من هۆکارەکەی دەزانم. لە بەر ئەوەی کە قوبادی بە پەلە بووە لە ساز کردنی فیلمەکە. لە بەر ئەوەی کە تەنانەت نەیتوانیوە چاوەڕوانی تەواو کردنی سێناریۆش بێت و بە وتەی خۆی بەشێک لە سێناریۆێان دەنووسی و لە کاتی فیلم هەڵگرتن دا لە سەدا پەنجای چیرۆکەکە دەگۆڕدرا. لە بەر ئەوەی کە نەیاندەزانی چ دەکەن و دەبوو لەو فیلمەدا دەست‌درێژی و مناڵێکی ‌حەرام زادە (بە وتەی دەرهێنەر) و داگیرکەری لە کوردستان و خۆ کوشتنی ژنان و دەیان بابەتی تر لە فیلمەکەدا جێ بگرن. جا گرینگ نیە چۆن، گرینگ ئەوەی کە هەبن.
یان سێکانسی کەوتنە خواری نیوە مانگ (گۆڵشیفتە فەراهانی) لە ئاسمانەوە بۆ سەر مینی باسەکە بە بیر خۆتان بێننەوە. بە لای منەوە ئەو سێکانسە نە تەنیا هەڵگری هیچ ڕەهەندێکی ڕئاڵیسمی جادوویی نیە، بگرە پێکەنینیە. دێنمەوە بیری خۆم کاتی هەڵفڕینی ڕێمێدیووس لە شاکاری سەد ساڵ تەنیایی. من بڕوام کرد، دڵنیام هەموو کەس بڕوای کردووەە. من گریام تەنانەت. من بەو بڕوایە گەیشتم کە مارکێز دەڵێ:"ڕێمێدیووس لە ڕادەبەدەر جوان و ژیر بوو بۆ ئەم جیهانە." ئێمە هەموومان بڕوامان کرد لە بەر ئەوەی کە پێش هەموومان مارکێز بڕوای کردبوو. بەڵام ئەو سێکانسەی نیوەی مانگ هێندە دەستکرد و لاواز و بێ فکر ساز کراوە کە بە ڕای من تەواوی فیلمەکە دەباتە ژێر پرسیار. لێرەدایە کە ئیزن بە خۆم دەدەم بڵێم، قوبادی ڕوخساری پێکەنینی کاستاریکایە لە کوردستان. نەوەک لە بەر ئەوەی کە پێە ناوەتە ژانرێکی قورسی سینەما، بەڵکو لە بەر ئەوەی کە نەیتوانیوە ڕەهەندەکانی ڕئالیسمی جادوویی لە کوردستان بناسێت.
کاک بەهمەن قوبادی لە یەکێک لە وت و وێژەکانی لە گەڵ هەفتەنامەی ئاشتی دەڵێ:"من لە سەر ئەو بڕوایەم کە ئێمە لە بواری کولتووری دیداری و ڕوانینی سینەمایی مەودامان لە گەڵ جیهان زۆرە. ئەوان ئەو کۆد و هێمایانە وەردەگرن لە هێما سینەماییەکان تێ دەگەن." من پێم سەیرە، بە ڕاستی ئەو ڕوانینەم پێ سەیرە. لە بەر ئەوەی کە ‌هێما و سەمبۆلی هەر هونەرێک لە ناخی ئەو کۆمەڵگایە دێتە دەر کە تێیدا سەر هەڵدەدا و زیاتر لە هەموو کەس بۆ ئەو کەسانە بەرجەستەیە کە لە نێویان‌دا ژیاوە. ئەو فیلمە لە کوردستان ساز کراوە، هێماکانی کوردستانی تێدایەو ئەگەر ژنێک لە ئاسمانەوە بێتە خوار خەڵک توانای وەرگرتنی ئەم هێمایەیان نیە!ش
خاتوو شیرینی جەم لە بابەتێک دا کە لە سەر ئەو فیلمە نووسیوێتی (گۆڤاری ڕەخنەی سینەما) دەڵێ:"من دەڵێم کە مرۆڤەکانم خۆش دەوێ، وڵاتەکەم خۆش دەوێ. بەڵام ئەوان وەها دەناسێنم کە قڕانێک نرخیان نیەو بە ئاسانی ئەو بەر ئەو بەر دەکرێن. مناڵەکانم پاشکەوتوو و دزێون... . "ئاوازەکانی وڵاتی دایکم" وشەگەلێکی جوانن، بەڵام هەر ئەوەندە پەیوەندیان بە فیلمەکەوە هەیە کە ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان. هەر بۆیە لە دەرەوە بە ئاسانی ناوی دەگۆڕدرێ و دەبێ بە "ون بوو لە عێراق"." ڕاست دەکا. جێگای باسە، جیگای پرسیارە. پشیلەکان و ئەسپەکان و کیسەڵەکان هەڵگری چ مانایەکی قووڵن کە من ناتوانم لێکی دەمەوە مەگەر پشت ببەستم بە مەرگی بەرهەم‌‌هێنەر و هێرمۆنۆتیک و نازانم چی و چی و چی... .
بێ شک قسە لە سەر بەرهەمەکانی کاک بەهمەن زۆرە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لە هەوڵ دان و تێکۆشانی ئەو بکات بۆ پێشکەوتنی سینەما لە کوردستان. بەڵام من دەخوازم قسەیەکی کاک بەهمەن بە بیر خۆی بێنمەوەو کۆتایی بە بابەتەکەم بێنم. کاک بەهمەن لە وت و وێژەکەی هەفتەنامەی ئاشتی‌‌دا دەڵێ:
"ئەمڕۆ کاتێک دەم هەوێ تەلەفۆن بۆ دایکم بکەم لە ‌عێڕاق! ناتوانم. ناتوانم شتێک بنێرم. لە بەر ئەوەی کە هیچ ئادرەس و کۆڵان و شەقامێک بەو ناوە نیە. ئێستا ئەگەر لەو هەل و مەرجەدا بێم و لە سەر هەڵپەڕکێ و ئاواز و گۆڕانی فیلم ساز بکەم بە ڕاستی خەیانەتێکی گەورەم بە کورد کردووە. تەنانەت ئەگەر بێت ساز بکەم هەندێک دەڵێن زیندە بە گۆڕ کردنی سەد و هەشتا هەزار کوردت لە بیر کردووە؟ حەلەبجەت لە بیر کردووە؟ تێکۆشانی ئەو نەتەوەیەت لە بیر کردووە؟ کامێرا ناتوانێ و مافی ئەوەی نیە ئەمانە نەبینێت. من ڕادەوەستم لە بەرامبەر ئەو کەسەی بە دوای هەڵپەڕکێ و گۆڕانیەوە بێت و ئەمە لە بیر بکات."
لە وت و وێژێکی‌تردا (وت و وێژ لە گەڵ ڕادیۆ زەمانە) دەڵێت:"فیلمی پشیلەکان لە مایەی کارەکانی ترم دا نیە. ئیتر نەهاتووم سەبارەت بە کەسێکی ئاسایی لە گوندێکی دوورەدەستی کوردستان فیلم ساز بکەم. بەڵکوو ئەو جارە کارێکی زۆر گەورەم کردووە. کارێک کە دەمێنێتەوە و بۆ بەشێکی زۆر تایبەت لە کۆمەڵگاکەم ساز کردووە."
ئێستا تەنیا پرسیارێک دەمێنێتەوە کە دەبێ کاک بەهمەن وەک دەرهێنەرێکی کورد وەڵامی بداتەوە:"گەلۆ هەل و مەرجی کوردستان گۆڕاوە یان هەموو ئەو شتانە لە بیر کران؟!"

* ئەم وتارە لە ژمارە شەشی گۆڤاری فیلم دا کە تایبەت بوو بە بەهمەن قوبادی و بەرهەمەکانی بڵاو بۆتەوە...

2 ڕوانگە:

ناشناس گفت...

دەست خۆش

Jamshid Bahrami گفت...

سڵاو کاک ئەنوەر گیان خۆشحاڵم کە لە هەوڵ‌دای و سینەما بە کوردی دەنووسیتەوە، بە گشتی بیر کردنەوە لە هونەر بە کوردی و بە تایبەت بیر کردنەوە لە سینەمای کوردی لە کاتێکدا کە بیرکردنەوەکانت ئاخندراوە بە هەستێکی نۆستالۆژیک گەلێک زەحمەتە، چونکوو ئەوە منیش بۆ خۆم ماوەیەیەکە ئەزموونی دەکەم، بۆیە دەڵێم زەحمەتە... بەڵام بێگومان ئەو هەوڵانەی جەنابت قەد ون نابێت.
جار جار سەرێکیش لەم ماڵەی من بدە، منیش ورتە ورتێکم دێ، و بەشێک لە ورتە ورتەکانم تەرخان کردووە بە سینەما : http://denglog.blogspot.com
خۆشحاڵ بووم کە ئەم ماڵەتم یتەوە.
بە هیوای پیوەندی زیاتر
هەر سەرکەوتوو بیت
بژیت
جەمشید

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts