۱۱/۰۹/۱۳۸۹

خەڵك لە گەڵ سینەماكاری ژن كێشەیان نیە، كێشە كاربەدەستەكانن!


(شیلان سەعدی لە بەردەم چەند پرسیاردا)
سازدانی:
ئەنوەر حەسەن پوور

زۆر باش هاوکاری کراوم و لە هەر دوک لا خەڵک هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەکردووم و بە پێچەوانە بۆیان سرنج راکێش بووە کە ژنێک کاری فیلم دەکا بە تایبەت لە گووندەکان. دەبێ بڵێم کێشەی ئێمە لە بواری کۆمەڵایەتی و لەگەڵ خەڵک نییە و ئەوان بەو باوەڕە گەیشتوون کە ژن لە هەموو بوارەکان دا دەتوانێ ئیش بکا و قەبووڵیان کردووە. زۆرترین کێشە لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە کار بەدەستن و بە داخەوە باوەڕی ئەوان بە دەرهێنەری ژن کەمترە.


شیلان سەعدی: گەر بمانهەوێ باسی سینەمای کوردی بکەین دیارە زەحمەتە لە چەند دێڕێک دا کوورتی بکەینەوە چونکە بابەتێکە کە پێویستی بە باسێکی زۆر هەیە. لە پێش هەموو شتێکدا ئێستا ئێمە لەسەر دەستەواژەی سینەمای کوردی یان سینەمای کوردستان ساغ نەبوێنەوە، هەروەک زۆر دەستەواژە و وشەی تر لە کوردی دا کە ئێستاش پێناسەیان نییە. بە بوچوونی من بەکارهێنانی دەستەواژەی سینەمای کوردستان جوانترە چونکە لەو دەستەواژەیە دا پاڕادۆکسێک هەیە، وڵاتێکی سەر بەخۆ نییە بەناوی کوردستان بەڵام سینەمایەک دەیهەوێ بوونی هەبێ کە تایبەت بەنەتەوەیک کە بۆ بوونی وڵاتی سەربەخۆ هەوڵی داوە و دەدا. ئەوە ڕای منە بەڵام بۆ ولامی پرسیارەکەتان دەبێ بڵێم بەدلنیایەوە سینەما لە نێو ئێمەی کورد دا هەیە و خەرێکە بۆ داهاتوو هەنگاوی باش دەنێ و تێکۆشانەکانیش لە گۆڤار و سایت و فێستیوالە جۆراوجۆرەکان بە ناوی سینەمای کوردی ناسراوە. ئەگەر سەیرێکی رەوتی سینەمای کوردی بکەین لە سەرەتاوە تاوەکوو ئێستا گۆڕانکاری تێدا دەبینین چونکە سینەماکارەکانی ئێستا لە بواری جیاجیا دا خەریکی ئەزمونی نوێن هەر ئەوەش پێشان دەدا سینەمایەک هەیە و خەریکە خۆی دەسەلمێنێ و پێناسە بۆخۆی دەدۆزێتەوە.
لە ڕوانگەی ئێوە، جێگە و پێگەی ژن لە سینەما لە كوردستان لە كوێیە؟ ئایا ئێوە پێتان وایە كە پێی ژن لە كوردستان بۆ سینەما كراوەتەوە؟
شیلان سەعدی: به داخەوه سینەماش وەکو زۆربەی تێکۆشانەکانی تر لە کوردستان رۆڵی ژن تێیایدا کەمە بەتایبەت بەهۆی تایبەتمەندیەکانی کاری سینەما نە تەنیا لە کوردستان لە زۆربەی وڵاتانی تریش ئەو ئاستەنگیەی لە بەر دەم ژنان دا هەیە لە بەر دەم پیاوەکان نییە. هەرچەندە مێژووی سینەما پێمان دەڵێ یەکەم هەنگاوی داهاتنی سینەما تەنیا پیاو هەلیان نەهێناوەتەوە و ژنیش رۆڵیان تێیایدا هەبۆ بەڵام دواتر سیستەمی ستۆدیۆیی رۆڵی ژنیان وەک ئەکتەر و لە رۆڵی خۆشەویستی ئەستێرە پیاوەکان دا راگرت. ئێستا لە کوردستانیش ئێمە زۆرتر ژنەکان وەک ئەکتەر لە سینەما دا دەبینین. هەڵبەت سینەما لە کوردستان دا ساوایە و لە هەنگاوەکانی داهاتوو سەتا سەد رۆڵی ژنان بەرچاوتر دەبێ.



پێم خۆشە بەر لە ھەر شتێك ڕوانگەتان وەك ژنێكی سینەماكار لە سەر سینەما لە كوردستان بپرسم. ئایا پێتان وایە كە ئەم پرۆسەیە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە ناوی سینەمای كوردی لە سەر دابنێن؟
      ئەگەر لە ژیان و كاری سینەماگەری خۆتانەوە بڕوانن، پێتان وایە كاری سینەماگەری بۆ ژنان لە كوردستان، چ جیاوازیەكی لە گەڵ بەشداری لە بەشەكانی تری كۆمەڵگا ھەیە و دژواریەكانی ئەم بابەتە لە چی دا دەبینن؟
شیلان سەعدی: دیارە هەر کارێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، تایبەتمەندیەکانی سینەما و زۆربەی سەختییەکانی بۆ ژن و پیاو یەکسانە، ئامادە کردنی سێناریۆ، دۆزینەوەی پاڵپشتی ماڵی، کۆ کردنەوەی ستافێکی باش و تا دوایی بۆ هەر دەرهێنەرێک زەحمەتە، هەڵبەت با ئەوش بڵێم من ئیستا فیلمی بڵیندم دروست نەکردوە و دڵنیام زەحمەتەکانی پترە بەڵام وەک ئەزموونی خۆم لە کاری دۆکۆمێنت و کورتە فیلم دا دەبێ بڵێم وەک دەرهێنەرێکی ژن خەڵک پتر هاوکاریان کردووم و زۆر جار باشتر متمانەیان پێکردووم و هەندێک لە کارەکانم زووتڕ راپەڕیون.

ئێوە لە دوو بەشی باشوور و ڕۆژھەڵاتی كوردستان كارتان كردووەو خاوەن چەندین بەرھەمی جۆراوجۆرن لە باری سینەمایی دا، جیاوازی كار كردن لەو دوو پارچە، بۆ ئێوە لە چی دایە؟ لە بواری كۆمەڵایەتی و بە پێوەندی لە گەڵ كاری ئێوەدا، لە كام پارچە كار كردن ئاسان ترە؟
شیلان سەعدی: هەر وەک ئاماژەم پێ کرد زۆر باش هاوکاری کراوم و لە هەر دوک لا خەڵک هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەکردووم و بە پێچەوانە بۆیان سرنج راکێش بووە کە ژنێک کاری فیلم دەکا بە تایبەت لە گووندەکان. دەبێ بڵێم کێشەی ئێمە لە بواری کۆمەڵایەتی و لەگەڵ خەڵک نییە و ئەوان بەو باوەڕە گەیشتوون کە ژن لە هەموو بوارەکان دا دەتوانێ ئیش بکا و قەبووڵیان کردووە. زۆرترین کێشە لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە کار بەدەستن و بە داخەوە باوەڕی ئەوان بە دەرهێنەری ژن کەمترە بە تایبەت لە ئێران، هەڵبەت من قەت بیرم لە ئەوە نەکردۆتەوە توانی خۆمیان وەک ژنێک پێ بسەلمێنم و زۆرتر سەرقاڵی کاری خۆم بووم و دیارە بەرهەم باشتر تواناکان پێنیشان دەدا.
 ھەڵوێستی كاربەدەستانی سینەما لە ڕۆژھەڵات و ئێران، چ جیاوازیەكی لە گەڵ باشوور ھەیە؟ ئایا ژن بوونی ئێوە كاریگەری دەكاتە سەر شێوازی ڕوانینی كاربەدەستان لەو دوو بەشە؟
شیلان سەعدی: بەڵێ هەر وەک باسم کرد متمانە بە دەرهێنەری ژن کەمترە. لە ئێران سینەما پتر لە سەد ساڵی مێژوو هەیە و وردە وردە ژنانی ئێرانی توانییان سەرەتا وەک ئەکتەر و پاشان وەک دەرهێنەر و نوسەر خۆیان بسەلمێنن و رۆڵی باشیان هەبێ. لە زانکۆکانی تاران و لە کەش و هەوای فێرکاری سینەما و شانۆ دا زۆر جیاوازی نێوان ژن و پیاو نییە بەڵام دواتر بۆ چوونە ناو سینەمای پرۆفشناڵ ئەو بابەتە بەرچاوە بەڵام زۆر ژنی سینەماکار سەلماندوویانە بە تێکۆشانی بەردەوام دەتوانن کاری زۆر گەورەش بکەن. بەڵام لە شارەکانی تری ئێران بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەکە ئاڵۆزترە. هەر وەک باسم کرد لەلایان زۆربەی ئەو کەسانەی کاربەدەستن ژن وەک سینەما کار قەبووڵ نەکراوە و متمانەی پێناکەن و زۆرتر لە کاری وەک یاریدەدەری دەرهێنەر، لێکۆڵەر و... دەمێننەوە. هەربۆیەش ئێستا لە کوردستانی رۆژهەڵات دەرهێنەری پیاومان یەکجار زۆرە و دەرهێنەری ژن زۆر کەم. هەڵبەت با ئەوەش بڵێم من زۆرتر باسم لە سەر سینەمای کورتە. لە باشور بە هۆی بوونی رێکخراوی وەک یکیتی ژنان و یکیتی ئافرەتان هەل بۆ چەند ژن رەخساوە تا بتوانن فیلم دروست بکەن. بۆ من تا ئێستا لە باشور کێشەیەک لە سەر ئەو بابتە دروست نەبۆ لانی کەم لەو شوێنانی کە دۆکۆمێنتم بۆ دروست کردون.

وەك ژنێكی سینەماكاری كورد، چ ئاستەنگی گەلێكی گەورە لە پێش خۆتان دا دەبینن؟ قەت وا ھەبووە كە بە ھۆی ژن بوون نەتوانی پڕۆژە یان بەرنامەیەك كە لە مێشكت دا ھەبووە بەڕێوە بەری؟ (واتا سیستەمی پیاو سالاری كۆمەڵگا چەندی كاریگەری لە سەر كارەكانتان كردووە؟)
شیلان سەعدی: نا تا ئێستا تەمام بۆ دروست کردنی هەر فیلمێک گرتبێ دروستم کردووە. راستە کە کێشە بۆ دەرهێنەری ژن پترە لە پیاو بەڵام زۆر جار ئەو کیشانە نەیانتوانیوە پێش بە کار کردن بگرن بە تایبەت بۆ کەسێک کە بییهەوێ حەتمەن فیلمەکەی دروست بکا. با دووپاتی بکەمەوە کە من فیلمی بڵێندم دروست نەکردووە و ئاگادرایشم کە ئەو سیستەمە پیاو سالاریە زۆرجار نەیهێشتۆ زۆر ژنی خوولیای سینەما ببنە سینەماکار لە تەواوی جیهان ئەو کێشەیە هەیە بۆیەش سینەماکاری ژن کەمترن لە پیاوەکان و حەتمەن ئەو کێشانە بۆ منیش دێنە پێش کاتێک فیلمی بڵێند دروست بکەم.

پێم خۆشە پرسیارەكانم بێنمەوە سەر باسی ژن. ئەو ھەبوونەی كە بەشێكی زۆر گەورە لە سینەمای جیھانی بە خۆیەوە خەریك كردووە! بە گشتی جێگای ژن لە مێژووی سینەما چۆن دەنرخێنن؟ لە ھەل و مەرجی ئێستای سینەما لە كوردستان، ژن چ جێگایەكی ھەیە؟ ئەگەر دەركرێ بەراوەردێك لە نێوان ئەم دوو بابەتە بكەن.

شیلان سەعدی: هەر وەک ئاماژەم پێکرد ژن لە هەوەڵ هەنگاوەکانی سینەما دا رۆڵی هەبوو، (ئالیس گای بلاش) ژنە سینەماکاری فەڕانسەوی هاوڕێی برایانی لوومیەر بوو لە کاتی دروست کردنی هەوەڵین ئامێری فیلم گرتن و بڵاوکردنەوە، بەڵام دواتر ناوی لە مێژوی سینەما دا سڕدڕاوە و لە 70کان پاش بڵاو بوونەوەی بیرەوەریەکانی و چەند کتێب خەڵک ناسیان و زانیان چ رۆڵێکی هەبووە هەر وەها ئەو ژنە یەکەم ستۆدیۆی سینەمایی لە ئەمریکا دامەزراندووە و یەکەم فیلمی فیکشێنی دروست کردووە بەڵام یەکەم فیلمی فیکشێن لە مێژووی سینەما دا بە ناوی (ژۆرژمیلێیس) تۆمار کراوە. چوونکە ئەو کات ژن لە کۆمەڵگادا رۆڵێکی بەرچاوی نەبوو و هەر بەو پێیەش رۆڵی لە سینەماش دا بەرچاو نەبوو یان ئەگەریش کەسانێک بەرچاو دەبوون دەشاردرانەوە. پاش شەپۆلی دووهەمی فێمینیسم لە شەستەکان رۆڵی ژن بەرچاوتر بوو، ژنانی تێئۆریسیەن سەریان هەڵدا و رەخنەیەکی زۆر لە قارەمانی ژنی لە ناو فیلمەکان گیرا، فێستیوالی تایبەت بە سینەمای ژن بەڕێوە چوو و وردەوردە بەتایبەت لە ئەوروپا ژن زۆربەرچاو بوون لە سینەما دا، لە ئەمریکا ئێستاش سیستەمی ستۆدیۆیی زۆر رێگە نادا ژن وەک دەرهێنەر خۆی بنوێنێ. بەڵام شێوازی فیلمنامە نوسین و کاڕاکتێرە ژنەکان وەک قارەمانی فیلمەکان زۆریان گۆڕان بەسەر داهاتووە. لە کوردستان وەک باسم کرد سینەما ساوایە و هەروەها کووتم کە گوڕانکاری بەسەر سینەما دا کاتێک بوو کە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی رووی داوە، بەڵام لە کوردستان ئێستاش زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت کێشەکانی ژنان چارە سەر نەکراوە و هەر ئەوەش رەنگدانەوەی لە سینەمادا دەبێ.


وەك ژنێكی سینەماكار، قەت وا ھەبووە كە بە دیتنی فیلمێك ھەست بە بینینی خۆت بكەی؟ واتا كاری چ سینەماكارێكی جیھانیت لە سەر ژنان بە دڵە؟ یان چ دەرھێنەرێكی ژن؟ ئایا لە كوردستان كەس ھەیە سەرنج ڕاكێش بێت لە بواری كاری سینەمایی لە سەر ژنان؟

شیلان سەعدی: من کاتێک تەماشای فیلمێک دەکەم زۆر بەلام گرینگ نییە دەرهێنەرەکەی ژنە یان پیاو. هەڵبەت هەندێک فیلم هەن کە بە واقێع باسی ژنیان کردوە و ژیان و هەستی ژنانەیان باش پێشان داوە. وەک جیێن کەمپیۆن(ژنەسینەماکار) یان فێلینی و هەر وەها زۆر دەرهێنەری تر. لە ئێران رەخشانی بەنی ئێعتماد کە زۆر راشکاوانە واقعی ژنی سەردەمی ئێران پێشان دەدا و هەروەها بەهرام بەیزایی. لە کوردستان دەرهێنەرەکان زۆر قووڵ نەبوونەوە لە کاراکتێری ژن و ژنان زۆرتر دایک یان ژنی ماڵن.


پێتان وایە ئاستەنگیەكانی پێش بەشداری ژنان لە سینەما دا چیە؟ تا ئێستا پرۆژەیەكتان ھەبووە كە نەتوانن ئەكتەری ژنی بۆ پەیدا بكەن یان خود لە كاری بەڵگەنامەیی دا تووشی كێشە بوون. بۆ وێنە لەو بەرھەمەی كە لە سەر خەتەنەی ژنان سازتان كردبوو؟! ھەڵوێستی پیاوەكان چۆن بوو لە سەر ئەم بەرھەمە؟
شیلان سەعدی: پێشتریش باسم کرد کە زۆربەی کێشەکانی سینەما بۆ هەمو سینەماکارێک یەکسانە بە هۆی ئەوە کە سینەما ئێستاش لە کۆمەڵگای ئێمە پێگەی نییە مەبەستم کاری سینەمایە، بۆیەش دۆزینەوەی ئەکتەری ژن زەحمەتە، لە رۆژهەڵات ئەو جۆرەی پێویستە خەڵک کاری سینەما ناناسن چونکە تەلەڤزیۆن مانای کارەکانی گۆڕیوە بۆ وێنە هەندێک بەرهەمی خۆی وەک فیلمی سینەمایی بەخەڵک دەناسێنێ لە حاڵێک دا کە فیلم نین بۆیە خەڵک ئاگاداری پڕۆسەی کاری سینەمایی نین و هەروەها هەندێک قسە و قسەڵۆک دەربارەی سینەما بۆتە هۆی کەم بوونی ئەکتەری ژن. لە باشوریش لە ساڵانی پێشو لە هۆڵەکان فیلمی هیندی و عەڕەبی پێشاندەرا و رۆلی ژن لەو فیلمانەدا زۆر سووکە و بۆتە پێک هاتنی روانگەیەکی ناحەز لەسەر ئەکتەری سینەما. ئەو فکرە کۆنانە زۆر جار رێگری هاتنی ژنان بۆ ناو سینەمان. بۆ ئەو دۆکۆمێنتەی کە دەربارەی خەتەنە لە باشور دروستم کرد کێشەی زۆرم نەبوو چونکە وەک باسم کرد ژن بوونی خۆم بۆ هۆی ئەوەکە زۆر ژن راشکاوانە قسەم لەگەڵ بکەن و باوەڕیان پێم هەبوو تەنانەت پیاوەکانیش نەیار نەبوون.
پرۆسەی سینەما لە كوردستان بە واتای مۆدێرن پرۆژەیەكی تازەیە. بەڵام ئێمە لە ئەدەبیات ھەندێك نموونەی باشمان ھەیە كە یان لە سەریان نووسراوە یان خود بۆخۆیان نووسەرن. یان بە تایبەت لە مۆسیقا دا ئێستا كوردستان ھونەرمەندی زۆرە. پێوەندی نێوان ئەدەبیات و مۆسیقا لە گەڵ سینەما لە كوردستان چۆن دەبینن؟ بۆ ئەدیبان و مۆسیقا لە كوردستان ڕاكێشی ناو سینەما ناكرێن؟
شیلان سەعدی: لە ماوەی چەند ساڵی رابردو چەند ئەزمونێکمان هەبوو وەک فیلمی ژانی گەلی جەمیل رۆستەمی کە بە فیلم کردنی رۆمانەکەی برایم ئەحمەد بوو یان فیلمەکەی حوسێن سێڤدین کە رۆمانی ئێوارەی پەروانی بەختیار عەلی هەوێنی فیلمانەکەی بوو و لە گەڕەکی داوەڵەکانی شێرزاد حەسەنیش فیلمێک دروست کراوە کە من هیچ کامیانم نەبینیوە. بەڵام چونکە سینەمای کوردی زۆر جار هەولی داوە خۆی لە واقیع و دۆکۆمێنت بوون نیزیک بکاتەوە بە داخەوە فیلمنامە کەمتر گرنگی پێدراوە و  ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەکە ئێستا ئەو گرینگێی کە دەبێ بدرێ بە ئەدەبیان پەی نەدرێ. لە بواری مۆسیقاشدا ئەگەرچی ئێستا گۆرانی بێژمان زۆرە بەڵام ئێستا ئاهەنگدانەری ئەوەندە پڕۆفێشناڵمان نییە کە بۆ مۆسیقای فیلم کار بکا یانیش ئەگەر هەبێ دەرهێنەرە کوردەکان بۆلایان نەچون. 

لە باكووری كوردستان بە تایبەت لە بەرھەمەكانی یڵماز گونەی و ھونەرمەندە نوێیەكان _بۆ وێنە كازم ئۆز _ ژن جێگای تایبەت بە خۆی ھەیە. ڕوانگەتان لە سەر ئەم بابەتە چیە؟ ئەوان لە كوێی ئەم پرۆسەیە دان؟
شیلان سەعدی: هونەرمەندەکانی باکوری کوردستان لە وڵاتێک دەژین کە جیاوازی زۆری لەگەڵ عێراق و ئێران هەیە و رەنگە لەوێ باس کردن لە ژن هەندێک ئاسایی تر بێ. لە فیلمەکانی یلمازگۆنایش دا ژن وەک زۆربەی فیلمەکانی مێژوی سینەما ئێمە قارەمانی ژنمان نییە، ژن خوشک یان دایکی قارەمانە هەر وەک ئەو پێناسە کلاسیکەی بە سەر سینەمادا دا زاڵە، باسی کێشەی ژن ناکرێ. بەڵام ژنی سەردەمی دەرهێنەر حوزوری هەیە لە فیلم دا جا یان کاراکتێرێکی باشە و لەپەنا قارەمان یان خراپە و خیانەت دەکا، ژن کاراکتێری سەرەکی نییە، لە فیلمەکانی کازم ئۆزیش دا بەهەمان شێوە کاراکتێر سەرەکێکان پیاون باسی کێشە کۆمەڵتی و سیاسی دەکا.

دەتوانم بپرسم چ پرۆژەیەكی جیددیتان لە سەر ژن لە بەر دەست دایە؟ ئایا بە تەمای كاری تریش ھەن لە سەر ژنان؟ لە باشوور چەندە یارمەتی دەدرێ بە سینەماكاران و بە تایبەت سینەماكارانی ژن؟ پێم خۆشە بزانم پێوانەكانی یارمەتی دان چین؟
شیلان سەعدی: لە کۆمەڵگای ئێمە دا کاتێک کچێک لە ماڵ دەردەکەوێ و دەچتە قوتابخانەو زانکۆ و تێکەڵاوی خەڵک دەبێ هەر لە سەرەتاو وردە وردە هەست بە جیاوازێکان و کێشەکان دەکا بۆیە بۆ زۆر یەک لە ژنان بیرۆکەی چارەسەری کێشەکان و هەنگاو نان بۆ نەهێشتنی جیاوازیەکان دورست دەبێ. منیش کاتێک بۆلای سینەما چوم هەستم کرد ئەو هونەرە دەتوانێ ئامێرێکە بۆ باس کردن لە کێشەی ژن. یەکەم کورتە فیلمم دەربارەی کچێکی خوێندکار بوو کە لە کوورەخانە کار دەکا، لە دووهەمین و سێهەمین کورتە فیلمەکانیش ئەو شتە دووپات بۆوە و باسی سەرکی فیلمەکانم ژن بوون، بەڵام لە دۆکۆمێنت دا مەوزوعی تریشم تاقی کردەوە. پاشان کێشە کۆمەڵایەتیەکان بۆم گرینگ بوون و ئێستا حەز دەکەم زۆرتر باس لەو کیشە کۆمەڵایەتیانە بکەم و رۆڵی ژن لە چارەسەری دیاردەکان و چارەسەری کێشەکان. سەبارەت بە کاری ئێستام دەبێ بڵێم ماوەیەک بەر لە ئێستا کورتە فیلمێکم دروست کرد و خەریکی کاری مۆسیقا و دەنگ دانانم و چەند بیرۆکەیەکم هەیە بۆ داهاتوو کە پێم وایە زوویە باسیان بکەم. هەروەها لە باشور بەڕێوبەرایەتی سینەما پالپشتی سینەماکاران دەدا بۆ فیلم دروست کردن و جاری واشە یێکێتی ژنان و یێکێتی ئافرەتان بەڵام من ئێستا سەردانی ئەو شوێنانەم نەکردوە بۆیە زۆرم زانیاری لەسەریان نییە. 

لە ناو كارەكانی خۆتان دا، كامەیان لە جەوھەری ژنانەی خۆتان نیزیك تر دەبینن؟ ئایا تا ئێستا ھەستت كردووە كە خۆت لە سینەمادا بینیوەتەوە؟
 شیلان سەعدی: من لە سەرتای رێگام و خەریکی ئەزمونم و زوویە باس لە ئەو شتە بکەم.
----------------------

شیلان سه‌عدی
له‌ دایک بووی 1980 مه‌هاباد
به‌که‌لۆریای سینه‌ما (زانکۆی تاران) 2008
ئه‌ندامی کۆڕی سینه‌مای لاوانی مه‌هاباد وه‌ک ده‌رهێنه‌ر و عه‌کاس. (له‌32000 تا ئێستا)
کورته‌ فیلم:
1.       ئه‌وین 2004
2.        هاوارێکی مناڵانه‌ 2005
3.       جیاز 2007
4.       كۆڵانێك لە پشت ماڵی ئێمە 2010
فیلمی دۆکۆمێنتی:
1.       خه‌یاڵی ون بوو 2006
2.        بنیاده‌م وه‌ک بنیاده‌م 2006
3.       جل و به‌رگی موکریان 2009
چالاکی له‌ بوواری عه‌کس (ره‌سم)
1.       عه‌کاسی شانۆی ( بنیاده‌م وه‌ک بنیاده‌م) 2006
2.        عه‌کاسی زنجیره‌ی دۆکۆمێنتی ( گه‌نجی سه‌ر به‌ مۆر) 2008
3.       عه‌کاسی شانۆی ( بۆ نووشا له‌ ڕۆژی له‌ دایک بوونی) 2009
4.       عه‌کاسی چه‌ند کو‌رته‌ فیلم
5.       پێشانگای فۆتۆگرافی هاو به ش لە مه هاباد 2010
چالاکی له‌ بواری ته‌لڤزیۆن:
1.       ده‌رهێنه‌ری به‌شه‌ دۆکۆمێنتێکانی پڕۆگرامی ( دوو هه‌نگاو تا به‌یانی) کاناڵ 4ی ئێران
2.       ده‌رهێنه‌ری سێ به‌شی زنجیره‌ی دۆکۆمێنتی (گه‌نجی سه‌ر به‌ مۆر) ته‌لڤزیۆنی مه‌هاباد
3.       ده رهێنه ری چوار به شی دۆکۆمێنت له زاگروس تی وی
به‌شداری له‌ فێستیڤال و خه‌ڵاته‌کان:
1.       چواره‌مین فێستیڤالی فیلمی مه‌هاباد، فیلمی ئه‌وین، وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر و باشترین فیلم.2005
2.       به‌شداری له‌ فیستیڤالی عه‌کسی ورمێ 2006
3.       به‌شداری له‌ فێستیڤالی کورته‌ فیلمی ئیران 2006 به‌ فیلمی ئه‌وین.
4.       به‌شداری له‌ فیستڤالی ناوچه‌ی 2ی ئێران له‌ ئیلام به‌ فیلمی (هاوارێکی مناڵانه‌)2006
5.       به‌شداری له‌ پێنجه‌مین فێستیڤالی فیلمی خوێندکارانی ئێران، خه‌ڵاتی باشترین دۆکۆمێنت بۆ فیلمی خه‌یاڵی ون بوو2007
6.       به‌شداری له‌ فێستیڤالی فیلمی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، خه‌ڵاتی باشترین دۆکۆمێنت بۆ فیلمی خه‌یاڵی ون بوو. 2007
7.       به‌شداری له‌ فێستڤالی فیلمی ناوچه‌ 2ی ئێران له‌ خۆڕه‌م ئاباد به‌ فیلمی (جیاز) خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گه‌ری.2007
8.       به‌شداری له‌ فێستیڤالی فیلمی دیاربه‌کر 2006
9.       به‌شداری له‌ هه‌وه‌ڵین فێستیڤالی خوێندکاری (سێبه‌ر) خه‌ڵاتی باشترین ده‌ر‌هێنه‌ر بۆ فیلمی جیاز2007
10.   به‌شداری له‌ فێستیڤالی فیلمی فه‌ڕش له‌ کاشان، خه‌ڵاتی دووهه‌می باشترین فیلم بۆ فیلمی جیاز.2008
11.   به‌شداری له‌ فێستیڤالی فیلمی (پروین اعتصامی) به‌ فیلمی چناو.2008
12.   به‌شداری له‌ فێستیڤالی عه‌کسی خوێندکاران له‌ زانکۆی هوونه‌ری تاران2009
13.   به‌شداری له‌ فێستیڤالی فیلمی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژ ئاوا، خه‌ڵاتی باشترین لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ فیلمی (جل و به‌رگی موکریان)2009
14.      به‌شداری له‌ فێستیڤالی فیلمی باشوری پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژ ئاوا مه هاباد، خه ڵاتی باشترین ده رهینه ربۆ فیلمی (جیاز)2010

0 ڕوانگە:

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts