۸/۱۱/۱۳۸۹

من بڕوام بە شۆڕش و ھونەرمەندانی شۆڕش ھەیە!


وەڕگێڕان لە توركیەوە
 ئەنوەر حەسەن پوور

ئەم وت و وێژە لە لایەن دورسون ئاكچام و دوا بە دوای سەركەوتنی فیلمی "ڕێگا" لە فیستیڤاڵی فیلمی كەن دا لە گەڵ یڵماز گونەی ئەنجام دراوە و لە ساڵی 1982 و لە ژمارە 9ی گۆڤاری "توركیای دیمۆكراتیك" دا بڵاو بۆتەوە. بەو باوەڕەوە كە ھیچ نووسراوەیەك ناتوانێ یڵماز گونەی وەك تێڕوانینەكانی خۆی بناسێنێ و لە بەر ئەوەی كە زۆر كەم لە ڕوانینەكانی یڵماز گونەی وەرگێڕدراونە سەر زاراوەی سۆرانی زمانی كوردی، ئەم دیمانەیە وەرگێڕدراوە. ئەم بابەتە لە ژماری پێنجی گۆڤاری فیلم دا بڵاو بۆتەوە. لینكی داگرتنی ئەو گۆڤارە لە كۆتایی بابەتەكە ھاتووە.

دورسون ئاكچام: سەركەوتنی فیلمی "ڕێگا" ھەموو دژبەرانی فاشیسمی توركیای تووشی شادمانیەكی بێ وێنە كرد، ئەم سەركەوتنە بەنرخە ھونەریە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

يڵماز گونەی: وەك دەزانرێ "ڕێگا" لە فێستیڤاڵی كەن دا سێ خەڵاتی بردەوە و خەڵاتی یەكەمی لە گەڵ فیلمی "ون بوو"ی گاوراس دابەش كرد. FIPRES¬CI (یەكێتی ڕەخنەگرانی سینەمای جیھان) بە دەنگی ھاوبەشی ھەموو ئەندامانی، فیلمی "ڕێگا"ی بە ھۆی "شاھیدی ڕاست لە مەڕ ھەل و مەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بوێری لە بواری بە كار ھێنانی ھێزی سینەما" وەكوو باشترین فیلم ھەڵبژارد. بەشێكی زۆر لە نووسەرانی سینەمایی ئەو كاتیش "ڕێگا"یان بە فیلمێكی بوێرانە، شاكار، نەترس و قایم ناساند. بەشێكی زۆر لە نووسەران و ڕوخنەگرانی سینەما سەرنجیان دایە ئەو فیلمە و ھاوكات ئەو فیلمە توانی زۆر بەش و چین و توێژی جیاواز لە سینەمادا بۆ لای خۆی ڕاكێشێ، ھەر بەو ھۆیەشەوە پێویستە زۆر بە وردی لە سەر ئەو بەرھەمە ڕاوەستە بكرێت.

بە ڕای من یەكەم ئەوەی كە گەلەكەمان و ھەموو ئەو نەتەوانەی كە لە وڵاتەكەمان دەژین و ھەل و مەرجەكان بە باشی دەناسین. دووھەم كە بەرھەم و ھونەرەكەمان ئاڕاستە كرد كێشەیەك وەك نیشان دان و سەلماندنی خۆمان بە ئەوروپاییەكانمان نەبوو. بە چاوێكی كراوە و نیزیك لە ڕاستی سەیری ڕاستیەكانی كۆمەڵگا و ئەو كێشانەی پەنگیان خواردۆتەوەو گوشارە كۆمەڵایەتیەكانمان كردو شاھیدیمان لە سەر دا. تووشی ھەڵەی گەورە نەھاتین و نەكەوتینە بۆسەی پۆپۆلیسم و مێلۆدرام یان نەمانویست نیگای ڕەحم و بەزەیی كەس بۆ لای خۆمان ڕاكێشین. ئەندێشە ئەستەتیكیەكان و وشیاری ھونەریمان لە دەست نەداو ھاوكات لە گەڵ بایەخ دان بە ناوەڕۆك گرینگی زبانی گێڕانەوەی بەسەرھاتەكەشمان لە بەر چاو گرت. بە تایبەت لە كاتی مۆنتاژدا، ھاوڕێ لە گەڵ ھەڤاڵ "شەریف"دا ھەوڵمان دا كە زمانی ڕاستی و باوەڕ پێكراوی سینەما بە ھەستیاریەكی زیاترەوە بەرجەستە بكەینەوە. ھەوڵمان دا ئەو شتانەی دەتوانین زێدەی بكەین، پاش جیاكردنەوەی لایەنە لاوازەكان زیاد بكەین. لە ئاكام دا فیلمێكی بێ گەرد و بە ناوەڕۆك ھاتە ئاراوە. تا ئەو ڕادەیەش بە كاریگەر. ناكۆكیەكانی ناو ژیان، بنەمای خوڵقاندنی فیلمەكە بوون، ھەر ئەوەش بوو كە قوڵاییەكی تایبەتی بە فیلمەكەمان بەخشی و وای كرد كە جێی باوەڕتر و ڕاست تر بنوێنێ. "چازێڵ" لەم بارەوە دەڵێ:"ھەموو شتێك لەو فیلمەدا جوانە. ھەموو شتێك ئەوین و ھەموو شتێك نەفرەت. مرۆڤانە و شەیتانانە. فیلمی ناكۆكیەكان. ئاوێتەی دیمەنی نەرم و توند و تیژ. لێوڕێژ لەو دیمەنانەی كە بینەر ئارام دەكەنەوەو ھاوكات تووشی دڵەڕاوكێ و ھەڵچوونی دەكەن".

بۆ ھەوڵدان لە پێناو بەرجەستە كردنی ڕاستنەی سیاسی و كۆمەڵایەتی توركیا، لە جێی ئەو ڕێبازانەی كە سینەما پێیان ڕاھاتبوو و ئەزموونی زۆر ھەبوون لەو بوارەدا، ھەوڵمان دا كە بە چەمكێكی تایبەت بە خودی فیلمەكە ھەڵوێست بگرین و لەم بەینەدا بە كارھێنانی زبانێكی نەرم یەكێك لە سەرەكیترین تایبەتمەندیەكان بوو كە بواری سروشتی فیلمەكەی زۆر بردبوو سەر. دەورگێرانی سروشتی ھەموو ئەكتەركان، كامێرا و چۆنێتی جووڵانەوەی و شێوازی دیالۆگی ئەكتەرەكان دڵی بینەر دەكات بە ئەسیری خۆی و وا دەكات زۆر زیاتر بینەر ھان بدات بۆ بیر كردنەوەو لە ڕاستی دا بینەر تووشی ھەژانێك دەكات.

دەم ھەوێ ئەو ڕاستیە بڵێم كە ھەژێنەری ڕاستین فیلمەكە نیە و ڕاستینەی توركیایە. ئەو گوشارەیە كە گەلی كورد لە بواری نەتەوایەتی دا دەچەوسێنێتەوە. پاشماوەكانی ئەخلاقی فیۆداڵیە. سەركەوتنی ئەو فیلمە لەوە دایە كە ھاوكات لە گەڵ شاھیدی دان لە سەر ئەو ڕاستیە، لایەنە ھونەری و جوانی ناسی و بنەمای ھزری خۆی بە یەكەوە ئاڕاستە دەكات و لە سەریان دەڕوا. لە لایەكی ترەوە دەبێ ئاماژە بەوەش بكەین كە یەكەم فیلمێكە لە توركیا كە زمانی كوردی و گۆرانی كوردی تێدا بە كار دەێ و لەو بوارەشەوە دەوری پێشڕەو دەگێڕێ.

دورسون ئاكچام: ژیانی ھونەریتان بەردەوام لە پێشكەوتن دا بووە، لە قۆناخەكانی ئەو پێشكەوتنەدا سەركەوتنی ئەو بەرھەمە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

یڵماز گونەی: سەركەوتنی "ڕێگا" بە تەنیا ھی من نیە. "شەریف" "تارك" و ھەموو ئەو كەسانەی كە لە بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمەدا یارمەتی دەر بوون و لە ھەمان كات دا ھەموو گەلانی توركیا و ھێزە دژە فاشیستەكانی توركیا خاوەنی ئەو سەركەوتنەن. سەركەوتنی ئەو فیلمە دەبێ بە سەركەوتنی تەواوی ئەو سینەماگەرە لاوانە دابنرێ كە لە زۆر شوێنی ئەم جیھانەدا و لە ھەل و مەرجی زۆر دژواردا خەریك بە كاری سینەمان.
ڕوون و ئاشكرایە كە "ڕێگا" لە چ ھەل و مەرجێكی دژواردا ساز كرا. ئەزموونێك كە دەبێ لەمە وەربگیرێ ئەوەیە:
لە دژوارترین و چەتوون ترین ھەل و مەرجیش دا دیسان ڕێگایەك دەدۆزرێتەوە كە بە سەركەوتن دەگات. ئەو ڕاستیە تەنیا لە جیھانی ھونەردا نیە، بەڵكوو لە ھەموو بوارەكانی تری ژیانیش دا حاشا ھەڵنەگرە. تەنیا ئەوە بەسە كە سیاسەت و ڕێ و شوێنێكی بە جێ و لە بار بگرینە بەر. پێ و دانگ و بەرپرسیارەتی خەبات و كاری گروپ لە بەر چاو بگرین و سەبرمان ھەبێت.

دورسون ئاكچام: ئێستا لە دەرەوەی وڵاتن. بێ گومان كار و باری ھونەریتان لێرەش ھەر بەردەوام دەبێت. ئەو كارانە چۆن پێشبینی دەكەن؟ لە چالاكیە سینەماییەكانتان دا و لە بواری تری ھونەری، ئاخۆ لە گەڵ ناوەندە بیانیەكان دا ھاوكاری دەكەن و پرۆژەیەكتان لەم بوارەوە بە دەستەوەیە؟

یڵماز گونەی: گەورەترین كێشە بۆ من ئەوەیە كە سەربەخۆیی خۆم بپارێزم. واتا نامھەوێ ئازادی خوڵقاندن و ھەڵوێستی سیاسیم لە دەست بدەم و نەكەومە بۆسەی لەم شێوەیە. وەك لە زۆر نموونەی تریش دا بینیومانە زۆر ھونەرمەندی بە نرخ كەوتوونە ژێر پێی بەرژەوەندی سینەمای كاپیتالیسم و ڕاستینەی كەسایەتی خۆیان لە دەست داوە. سەنعەتی سینەمای جیھان دڕندەیەكی ترسناكە، كە دەستی بدەیەی، ناتوانی قۆڵت ڕزگار كەی و سەقەت دەبی. دەمھەوێ پەیوەندی وەھام ھەبێ كە ھەم بتوانم ھزرەكانم بەیان بكەم و ھەم دەستم بە جەماوەرێكی زۆر ڕابگا. دەرفەت و بواری ئەوەم نیە كە بە تەنیا فیلم ساز بكەم، ھەر بۆیە دەبێ بە بنەما وەرگرتنی بەرژەوەندی دوو لایەنە و بە مەرجی پراكتیزە كردنی ھزرەكانم پێوەندی ساز بكەم. لە بیری ئەوە دام كە لە گەڵ بەرھەم ھێنەری بچووك و ناوین دا كار بكەم. تا ئەو كاتەی كە دەگەمە ئەو ئاستەی بە تەنیا فیلم ساز بكەم، ناچارم ئەو ڕێبازە بگرمە بەر.

دورسون ئاكچام: لە دەرەوەی وڵات زۆر دەرھێنەری خەڵكی توركیا دەژین. ئاخۆ پرۆگرامێكت ھەیە بۆ ئەوەی لە گەڵ ئەوان چالاكیت ھەبێ؟

یڵماز گونەی: لە دوو دەلاقەوەی سەیری ئەم كێشەیە دەكەم: یەكەم ڕاوێژی ھونەری، دووھەم ڕاوێژی ئابووری. واتا بە پێی دەرفەتەكانم ھەوڵ دەدەم كە جێ بدەم بە ھاوڕێیانی ھونەرمەند لە دەرەوەی وڵات و تا ئەو شوێنەی كە دەڕەخسێ ئەمە وەردەسووڕێنمە سەر بواری یارمەتی ئابووری. بابەتێكی تریش ئەوەیە كە لە بەرھەمەكانم دا كەڵك وەربگرم لە لایەنە ھونەریەكانی ئەوانیش و بەم شێوەیە پێوەندیەكی دوو لایەنەی ھونەریش بەدی بێت. مۆسیقا، ئەكتەر، دێكۆر، تەكنیك و زۆر شتی تر كە بیریان لێ دەكەمەوەو ھەموو دەرفەتەكانی تر لە گەڵ ئەو مرۆڤانە شرۆڤە دەكەم كە خەڵكی توركیان و لە دەرەوە دەژین.

دورسون ئاكچام: ھەل و مەرجی خوڵقاندنی بزووتنەوەیەكی ھونەری لە ئاستی جیھانی دا كە بتوانێ ھێز و بڕست ببەخشێ بە دژبەرانی فاشیسم و ئیمپریالیسم، چۆن دەبینن؟

یڵماز گونەی: ھونەری شۆڕشگێر لە ناو تێكۆشانی شۆڕشگێرانەدا بەدی دێت و پێش دەكەوێت. ھونەری شۆڕشگێر ئەو ھونەرەیە كە باس لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە دەكات و ئاوێتەیە لە گەڵ شۆڕش و ھاوكات لە گەڵ شۆڕش پێش دەكەوێ. لە لایەكەوە كاریگەری لە سەر شۆڕش دادەنێ و لە لایەكی ترەوە كاریگەری لێ وەردەگرێ.

من تێكۆشانی ھونەری خۆم لە تێكۆشانی سیاسی، واتا تێكۆشانی دژ بە فاشیسم و ئیمپریالیسم بە جیا نازانم. پێم وا نیە ھیچ كەسیش خۆی وەك شۆڕشگێر بە ناو بكات و جیاوز بیر بكاتەوە. وەك دەزانرێ گۆڕەپانی ھونەر زۆر بەرفراوانە. ھونەری سینەما تەنیا بەشێكە لەم گۆڕەپانە مەزنە. ھاوكات لە گەڵ پێشكەوتنی شۆڕش، مۆسیقا، ڕۆمان، سینەما، نیگاركێشی، شانۆ، ئەدەبیات، سینەما و... پێش دەكەوێت و ڕوخساری ڕاستینی خۆی دەنوێنێ. بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دا ناتوانین باس لە بەدی ھاتنی ھونەرێكی بەم شێوەیە بكەین. لە بەر ئەوەی كە ھێشتا تێكۆشانی شۆڕشگێرانە بە كاراكتێری سەرەكی خۆی نەگەیشتووە. بە گشتی، ھونەری شۆڕشگێرانە خاوەن زۆر پێوەندی بە ھێزە لە گەڵ سیاسەتی شۆڕشگێڕانە. ھەست و ئەخلاق و زانایاری و كولتووری شۆڕشگێڕانەی گەلان پەروەردە دەكات و لەم بەینەدا بۆ خۆشی كاریگەری لە شۆڕش وەردەگرێت. لێرەدا ئەو خاڵەی كە دەبێ بەرجەستە بكرێتەوە ئەوەیە: پێوەندیەكانی نێوان پەروەردەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، چەمكەكانی ھونەری شۆڕشگێڕ و ھونەری شۆڕشگێر. واتا ھەڵوێستی بەڕێ و شوێنی جەماوەر، جا نێگەتیف یان پۆزۆتیف، كاریگەری لە سەر ھونەر دادەنێت. "یاسای ھەڵبژاردنی سروشتی" ھەر وەك چۆن لە سروشت و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی دا ھەیە، لە ژیانی ھونەریش دا بەدی دەكرێت. ئەوانەی بە ناوی ھونەری شۆڕشگێرانە پۆپۆلیسم و بە ناوی پۆپۆلیسمەوە سووكایەتی باو دەكەن، نە تەنیا لە بەرژەوەندی شۆڕش دا نین بەڵكۆ زیانیشی پێ دەگەیەنن. ئەوانە زانیاری و وشیاری گەل بە كەم دەزانن و بەردەوام خۆیان بە پێی ئەمە ڕێك دەخەنەوە. ھەر بۆیە ئاستەنگیەكانی بەردەم ئێمە، واتا ئاستەنگیەكانی بەردەم ھونەری شۆڕشگێر، تەنیا فاشیسم و ئیمپریالیسم و بورژوازی و ھێزە پاشڤەرۆكان نین، ئێمە دەبێ ھاوكات لە بەرامبەر لایەنە لاوازەكانی ناو ھێڵەكانی شۆڕشیش دا لە تێكۆشان دا بین. بۆ ئەوەی كە لە ئاستی ناونەتەوەیی دەنگی ھونەرێكی شۆڕشگێر لە بەرامبەر ھێزە ئیمپریالیستەكان و فاشیستەكان بەرز كەینەوەو بە گوێی ھەموو كەسی بگەیەنین، پێویستە بەر لە ھەموو شوێنێك لە ناو خۆمانەوە دەست پێ بكەین. ئەگەر نەتوانین بە چاوێكی ڕاست بین و ڕەخنەگرانە سەیری خۆمانن بكەین و بوێری پێویست لە بەرامبەر كەم و كورتی و لاوازی و ھەڵەكانمان نیشان نەدەین، تەنانەت ئەگەر بتوانین ئەم بزوتنەوەیە ئاوا بكەین، ئەوا ھەرگیز ناتوانین تێیدا سەركەوتوو بین.

من پێم وایە كە ھونەرمەندە شۆڕشگێرەكانی دەرەوەی وڵات كەوتوونە ناو قەیرانی پێوەندیە بەرتەسكەكانی ژیانی ڕۆژانە. ھەوڵ دان بۆ ژیانی ڕۆژانە و لایەنەكانی تر، نابێ ببێت بە ئاستەنگ لە بەرامبەر پێشخستنی ھونەردا. ھونەرمەندێك دەبێ لە گەڵ ئافڕاندنی ھەر شتێكی نوێ، سەر لە نۆی خۆی بخوڵقێنێتەوە. ئەو ھونەرمەندانەی دەتوانن خۆیان سەر لە نوێ بخوڵقێننەوە، دەنگیان زۆر بەرزتر بە گوێی ھەموو كەسێك دەگا. لە مۆسیقاوە تا ڕۆمان، لە سینەماوە تا شانۆ پێویستیمان بە ھونەرمەندی ئەم جۆرە ھەیە. ڕەنگە ئەگەر كۆبوونەوەیەك ھەبا كە ھوموو ھونەرمەندانی دەرەوە تێیدا كۆ ببنەوە، ئەوا وەڵامی ئەو پرسیارە بە باشی تاوتوێ كرابا. پێم وایە ئەگەر كۆبوونەوەیەكی ئاوا ھەبێ، لە ھەنگاوی یەكەم دا زۆر باشە.

دورسون ئاكچام: جێگە و پێگە و ئەركی ھونەرمەندێك لە تێكۆشانی دژ بە فاشیسم و ئیمپریالیسم چیە؟

یڵماز گونەی: ھونەرمەندێكی شۆڕشگێر بەر لە ھەر شتێك دەبێ ئامێری سۆسیالیسمی زانستی بۆ ھونەرەكەی خۆی بە باشی بە كار بێنێت و ئەو زانستە بكات بە ڕێنەما بۆ ھونەرەكەی خۆی. ھونەرێك كە نەتوانێ نیشاندەری ڕێگەی تیۆری شۆڕشگێر بێت، قەت لە گەڵ تێكۆشانی شۆڕشگێڕانە نابێت بە یەك و بەم پێیە لە بەرامبەر كەم و كورتیەكانی ناوخۆی تێكۆشانی شۆڕشگێرانەدا ھیچ ئەنجامێك بە دەست نایە. نابێ جەماوەر لە ناو ھەل و مەرجی ژیانی خۆی دا و تێگەیشتن لەو ھەل و مەرجەدا بخینكێنین. دەبێ بەرھەمی وا بخوڵقێنین كە جەماوەر تووشی جۆش و خرۆش بكات، ئاستی ھەڵسەنگاندن و بیر كردنەوەی جەماوەر قووڵ بكات و بەم پێیە ئەوان زیاتر لە وەی وەك بینەری تێكۆشان بن، بەشێك لە ئەركەكانی تێكۆشان بگرنە ئەستۆ. دەبێ جەماوەر لە بەرامبە ئەو ئانتی پرۆپاگەندەیە كە لە لایەن ھێزە پاشڤەرۆكانەوە دەكرێ وشیار بنەوەو ھونەرێكی ئەلتەرناتیف لە بەرامبەر ھونەری بۆرژوازی دا بێتە مەیدان. ھونەر دەبێ بتوانێ جەماوەر پەروەردە بكات و ئامادە بۆ شۆڕشیان بكات.

ئەو ھێزە كۆمەڵایەتیانەی لە بەرامبەر شۆڕشن، ئاساییە كە بە پێی بەرژەوەندیە چینایەتیەكانی خۆیان بزووتنەوەی ھونەری بەدی بێنن و تێكۆشانی سیاسی و سەربازی خۆیان بە ڕێبازی ھونەری و تێكۆشانی ھونەریەوە بە ھێز بكەن. ئێمە ھاوكات لە گەڵ ئەوەی كە خەریكی پێش خستنی ھونەری پرۆلتاریا و ھونەری شۆڕشگێر و دیموكراتیكی گەلان دەبین، دەبێ بزانین كە لە بەرامبەر ھونەری چینە سەردەست و پاشڤەرۆیەكانیش چ شێوازێكی تێكۆشان دەگرینە بەر. ئەگەر دەمان ھەوێ ببین بە شەرڤانی گۆڕەپانی ھونەری گەل، ئەوا دەبێ ھێڵە سوورەكانی نێوان خۆمان و بورژوازی و ئۆپۆرتۆنیسم و ریۆزیۆنیسم دیاری بكەین و سەبر و قەرار و پێداگری پێویست بۆ سەركەوتنی شۆڕش لە خۆمان نیشان بدەین. من بڕوام بە شۆڕش و ھونەرمەندانی شۆڕش ھەیە.

ئەم بابەتە لە گەڵ بابەتێكی تر بە ناوی "یڵماز گونەی لە زمان خۆیەوە" لە گۆڤاری فیلم لە مەلەفی تایبەت بە یڵماز گونەی بڵاو كراوەتەوە. ئەوەش لینكی داگرتنی ئەو گۆڤارە:
گۆڤاری فیلم: ژمارە پێنج

1 ڕوانگە:

دلقک گریان گفت...

که چی ؟ مثلن بلند شم و با این سن و سال بشینم کردی یاد بگیرم ؟ من هم دوباره برگشتم ... dadashikoli.persianblog.ir

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts