۶/۱۷/۱۳۸۹

شانسی كوێر (بەختی ڕەش)

ناوی فیلم: بەختی ڕەش (Blind Chance)
دەرھێنەر: كریستۆف كێشڵۆفسكی
ڕێكەوت و شوێنی بڵاوبوونەوە: ژانویەی 1981 - لەھێستان (پۆڵەند)
----------------------


قەت وا ھەبووە بیری لێ بكەنەوە كە بوون یان نەبوونی ھەندێ ڕووداوی بچووك دەیتوانی كاریگەری زۆر گەورە لە سەر ژیانتان دا بنێ؟! ڕەنگە زۆر كەس بیری لێ نەكردبێتەوە بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ژیانی ھەموو كەس دا ھەندێ ڕووداوی زۆر بچووك و بێ بایەخ ھەن كە دەتوانن لە ڕوانگەیەكەوە وەرچەرخانێك لە ژیانی مرۆڤ دا بە دی بێنن.

نامھەوێ دیالیكتیكی ژیان بخەمە ژێر كاریگەری "چارەنووس" و بڵێم ھەندێ شت دیاری كراوەو دەبێ بكرێ و ببێ، لە بەر ئەوەی كە بە ڕاستی وا بیر ناكەمەوە بەڵام، ھەر لە ژیانی خۆم دا ھەندێ شت ڕووی داوە كە ڕەنگە ھیچ پێوەندیەكیان بە منەوە نەبێ یان زۆر بچووك بن بەڵام ھەل و مەرجی ئێستای ژیانم ئاوێنەی باڵا نوێنی ئەو ڕووداوانەیە. ھەمیشە لای ھاورێیانم باس لەوە دەكەم كە ئەگەر تەقینەوەكەی 1ی گوڵانی ھەولێر نەبوایە ئێستا من ئەو ژیانەی ئێستام نەدەبوو!
فیلمی بەختی ڕەشی كێشڵۆفسكی باس لەو چارەنووسە دەكات. ئەو چارەنووسەی كە بە ھەر لایەك دا بڕۆی لە گەڵتایە و ناتوانی لە دەستی ھەڵبێی. دیارە ئەو فیلمە جیا لە باری كۆمەڵایەتی لھستان و ھەل و مەرجی خۆڵقاندنی تا ئاستێكی زۆر بەرزیش باس لە ھەل و مەرجی ئەو ساڵانەی لەھێستان دەكات كە ئەو فیلمەی تێدا ساز كراوە بەڵام، لە ھەمان كات ا بە ھیچ شێوەیەك كاكرێ جێ پەنجە و كاریگەری "چارەنووس" لە سەر بەرھەمەكانی كێشڵۆفسكی لە بەر چاو نەگیرێت. ھەر ئەوەش یەكێك لەو ھۆكارانەیە كە زۆربەی ڕەخنەگرانی پەل كێشی ئەم خاڵە كردووە كە كێشلۆفسكی لە كارەكانی دا ڕوانگەیەكی ئایدیالیستی ھەیە.
چیرۆكی ئەو فیلمە باس لە لاوێكی خوێندكاری بەشی پزیشكی دەكات بە ناوی "ویتك" دەكات كە لە سەر ویستی بابی دەستی بە خوێندنی بەشی پزیشكی كردووە و ھەر بۆیەش لە ھاوڕێكانی جیا بۆتەوە. ئەم فیلمە لە سێ ئێپیزۆد پێك دێت و ھەموویان بە سێكانسێكی ھاوبەش دەست پێ دەكەن. ویتك لە وێستگەی شەمەندەفەڕ بڵیتێك بۆ ڕویشتن بۆ شاری وەڕشۆ دەكڕێ و بە پڕتاو ھەڵدێ تا بگاتە شەمەندەفەڕ. لە بەشی یەكەم دا ویتك دەگاتە شەمەندەفڕەكەو لە گەڵ كۆمۆنیستێك ئاشنا دەبێت و دەبێ بە ئەندامێكی چالاكی پارتی كۆمۆنیست. لە بەشی دووھەم دا لە كاتی ھەڵاتن بە دوای شەمەندەفڕەكەدا لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێ، لە گەڵ كەسێكی دژبەری حكومەت ئاشنا دەبێ و دەبێتە ئەندامی گروپێكی دژ بە دەوڵەت و لە بەشی سێھەمیش دا دیسان ناگات بە شەمەندەفڕ و ئەمجارەیان ھاوپۆكێكی بەشی پزیشكی دەبینێ، ئەوینداری دەبێ زەماوەند دەكەن و ھەر دوو دەبن بە پزیشك و ژیانێكی دوور لە سیاسەت و ئارام ھەڵدەبژێرن...
ویتك لە ھەر سێ بەشی جیاوازی ئەم فیلمەدا لە گەڵ ھەندێ مرۆڤی ھاوبەش و ھەندێ مرۆڤی جیاواز ئاشنا دەبێت. بە پێی ئەو ھەل و مەرجەی بۆ ژیانی پێك دێ، ڕوانینەكانی بۆ جیھان و مرۆڤ و ژیان گۆڕانیان بە سەردا دێ. لە یەكێك لە بەشەكان دا بڕوای بە ھەبوونی خودا ھەیە و لە یەكی تریان دا نا. لە یەكێك لە بەشەكان دا كۆمۆنیستە و لە یەكێك لە بەشەكان نا. لە یەكێك لە بەشەكان دا دژبەری دەوڵەتەو لە یەكێكان نا. كێشلۆفسكی لێرەدا خاڵێكی زۆر گرینگ باس دەكات. ھەر ئەو چیرۆكە كۆنەی كە ھەموومان دەیزانین و كەس ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات:"مرۆڤ بەرھەمی ھەل و مەرجی ژیانی خۆیەتی." ویتك لە ھەر یەكە لە بەشەكان دا ھەر چەند لە ئاكامی ڕووداوێكی زۆر بچووك و بێ نرخ، بەڵام ژیان و ڕوانین و ئایدۆلۆژیا و ھەموو شتێكی دەگۆڕدرێ. بەڵام خاڵێكی سەرنج ڕاكێش لە فیلمەكەدا ھەیە. ویتك لەو فیلمەدا و لە ھەر سێ شیمانەدا تەنیا ئەوینداری كەسێك دەبێ و لە گەڵ كەسێك دا پێوەندی سێكسی دەبێ. بێ گومان كێشڵۆفسكی بێ ئامانج ئەم كارەی نەكردووە!
خاڵێكی سەرنج ڕاكێشی تر ئەو كاتەیە كە ویتك لە گەڵ بابی قسان دەكا و بابی كە پێشتر ناچاری كردووە لە بەشی پزیشكی دا درێژە بە خوێندن بدات، ئەمجارەیان ئازادی پێ دەبەخشێ. دوای ئەم دیالۆگە ناتەواوەی نێوان ئەو باب و كوڕە، بابی ویتك دەمرێ و ھەر لە بەر ئەوەش ویتك دەیھەوێ بەرەو وەڕشۆ بڕوات. ویتك ئازادی ھەڵبژاردنی پێ دەبەخشرێ بەڵام ڕەنگە كێشلۆفسكی لێرەدا دەیھەوێ ئەوەمان پێ بڵێ كە ئەو ئەسیری كۆمەڵێكی زۆر گەورەترەو لە ئاكام دا ھەر ئەو چارەنووسەی لە پێشە كە كۆمەڵگا دەیھەوێ و یان بە وتەیەكی تر بۆی دیاری كراوە.
ئاكامی فیلمەكە زۆر سەرنج ڕاكێشە. ویتك كە بووە بە پزیشێكی باش، بڕیارە بە فرۆكە سەفەر بكات. كۆتایی ھەموو بەشەكانی تری فیلمەكەش تەنیا لەو شوێنەدایە كە ویتك دەیھەوێ ھەر جارەو بە ھەندێ ھۆكاری جیاوازەوە سەفەر بكات. لە بەشی كۆتایی دا ئێمە ھەموو ئەو ڕوخسارانە دەبینین كە پێشتر لە گەڵ ویتك پێوەندیان ھەبووەو ھەموو لە فرۆكەخانە چاوەڕوانی فڕینی فڕۆكە ڕاوەستاون. ویتك سواری ئەو فرۆكەیە دەبێت كە لە ھەموو بەشەكان دا بڕیار بوو سواری بێ. لە گەڵ ھەموو ئەو ڕوخسارانەی بۆ ئێمە ئاشنان و بۆ ویتك نا، سواری فرۆكەكە دەبێ وچەند چركە دوای ھەڵفرین، فرۆكەكە دەتەقێتەوەو كات...!
چارەنووس ھەر ئەوەیە كە دەبوو ببێ، ڕەنگە لە بەر ئەوەی كە كۆمەڵگا ھەر ئەوەیە كە دەبێ، ڕەنگە لە بەر ئەوەی كە ئێمە ھەر چەندیش ئازاد بین لە ھەڵبژاردنەكانمان دا، دیسان لە ژێر كاریگەری ئەو ھەل و مەرجەدا دەژین كە كۆمەڵگا و سیاسەت و ئایدۆلۆژی و ... بە سەرمان دا دەسەپێنن. لێرەدایە كە مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ ھەوڵ دەدات پێناسەی نوێ بۆ ھەموو ئەو دەستەواژەیانە بدۆزێتەوە كە درێژ ماوەیەكە لە گەڵیان خەریكە و لێیان تێناگا.
كێشڵۆفسكی مامۆستای ناساندنی ئەو خاڵانەیە كە بەردەوام لامان سووك و سادەن و یەك پشوو لێیان تێناگەیەن. ئەو خاڵانەی ژیان لەوان پێك دێت و زۆر جار لە بەر سادەبوونیان كەس بیریان كێ ناكاتەوە. لەو فیلمەدا كە بێ گومان ئەگەر لە زمانی كوردیش دا نەبێ، بەڵام زۆری لە سەر نووسراوەو بە بوێرییەوە دەتوانین بڵێین یەكێك لە خاڵە بەرجەستەكانی سینەمای كێشڵۆفسكیە، ئەو دەرھێنەرە ھەموو شتێك، ھەر وەك چۆن لە ژیانی ئاسایی دا ئاوێتەی یەكن و كەس ناتوانێ لە یەكتریان ھەڵاوێرێ، تێكڕا دەخاتە بەر چاوی بینەر و لە ڕاستیدا سەرمان لەو ڕووداوانە سووڕ دەمێنێ كە بە زۆر شێوازی سووك و سادەتر یان بە پێچ و پەناتر و ئاڵۆزتر لە ژیانی خۆمان دا ھەیە و زۆر جار ناتوانین ھەست بە ھەبوونیان بكەین.
شانسی كوێر یان بەختی ڕەش باس لە ئێمە دەكات و لەو چارەنووسەی كە لە ئاكام دا لە گەڵی ڕووبەڕووین. جا ئەگەر بێت و ھەندێ كەس لە گەڵ شانس و بەخت و چارەنووس دا كێشەیان ھەبێ، (یەكێك لەوان بۆ خۆم) ئەوا زۆر بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێ ھەندێ وشەی تر لە جێی ئەم وشانە دابنێت و باسەكەش زانستی تر بێتەوە لەوەی كە ھەیە.


0 ڕوانگە:

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts