۵/۳۱/۱۳۸۹

كورتە فیلمێك سەبارەت بە ئەوین

ناوی فیلم: كورتە فیلمێك سەبارەت بە ئەوین (Krótki film o milosci - a short film about love) 
دەرھێنەر: كریستۆف كێشڵۆفسكی
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: 20 ئاپریل 1989


------------------
ئەوین! ڕەنگە زێدەگۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین ھیچ وشەیەك ھێندەی ئەوین سینەمای بە خۆیەوە خەریك نەكردووە. زۆر زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات فیلمێك بە بێ پشتیوانی ئەوین بتوانێ سەر ھەڵبدات و لە سەر پێ بمێنێتەوە. وشەیەكی سیحراوی و ھەستێكی سەیر و سەمەڕە كە مرۆڤایەتی تا ڕۆژی ئەمڕۆ ھەوڵی پێناسە كردنی دەدات و بۆی پێناسە ناكرێت. ھەستێك كە مرۆڤ لە گەڵ خۆی لە سەر پێ ڕادەگرێ و لە گەڵ لە ناو چوونی خۆی، لە ناوی دەبات. ئەو ھەستەی كە تەنانەت دڵ ڕەق ترین مرۆڤەكانیش دێنێتە لەرزەوەو كوڵی گریانیان ھەڵدەستێنێ. گریان، فرمێسك، ھەنسك، ئەوین و... وەك بڵەی ھەموو لە كانیاوێك دێنە دەر، ئەو وشە سیحراویانەی كە سینەما و ئەدەبیات و ھونەر بە گشتی بە خێو دەكەن و سات بە سات و چركە بە چركە گوڕ و تینی پێ دەبەخشن.
"كورتە فیلمێك سەبارەت بە ئەوین" ھاوڕێ لە گەڵ بەشێكی زۆر لە بەرھەمەكانی تری كیشڵۆفسكی ھەوڵدانێكە لە پێناو بەرجەستە كردنەوەی ئەم ڕاستیە. لەو فیلمەدا بەر لە ھەر شتێك حەقیقەتێك ڕوون دەبێتەوە، مرۆڤەكان بەو نرخ و بەھایانەوە زیندوون كە بە بۆنەی وانەوە ھەست بە مرۆڤ بوون دەكات. ئەگەر بێت و بە ھەر ھۆكارێك ئەو نرخانەمان لێ بستێنرێتەوە كە شانازیان پێوە دەكەین و ھەر یەكەی پارچەیەكن لە فەلسەفەی بوونمان ڕەنگە زۆر بە ھاسانی بتوانین واز لە زیندوو مانەوەو ژیان بێنین.
بە وتەی زۆربەی ڕەخنەگرانی سینەمایی كریستۆف كیشلۆفسكی لەو فیلمەدا كە ناوەكەی تری "زینایە مەكە" و شەشەمین فەرمان لە "دە فەرمان"ی موسایە و پێشتر لە چوارچێوەی زنجیرەیەكی تەلەویزیۆنی ساز كرابوو و پاشان بە ناوی "كورتە فیلمێك سەبارەت بە ئەوین" ھەندێ گوڕانكاری تێدا كراو وەك فیلمێكی سینەمایی ئێكران كرا، یەكێك لە بەنرخ ترین بەرھەمەكانی خۆی خۆڵقاندووە. وەكوو زۆربەی بەرھەمەكانی تری لەم بەرھەمەش دا كیشڵۆفسكی ھەوڵی داوە ڕوو بكاتە ڕۆح و دەروونی مرۆڤ. دیارە دەستی داوەتە كارێكی زۆر قورس و گران كە ھەر لە خۆی دەوەشێتەوەو زۆر بە سەركەوتوویش بە ئەنجامی گەیاندووە. 
ھەرچەند ئەم ڕوانینە لە سەر ئەو بەرھەمەی قورسایی دەكا كە ئەم فیلمە بە پێی شەشەمین فەرمانی حەزرەتی موسا ساز كراوەو لە ڕاستیدا خاڵی بنەماكەشی ھەر ئەمەیە، بەڵام زۆر بە ئاشكرا دەبینین كە گرێ كوێرەی ناوئاخنی فیلمەكە لە گەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دا ھێند بە پێز و وەستایانە گرێ دراوەتەوە كە وای لەو بەرھەمە كردووە قەت پیر نەبێ و لە ھەر سەردەمێك داو بە ھەر ڕوانین و جیھان بینیەكەوە كە سەیری بكەیەن تازەیەو قسەی بۆ گوتن زۆرە.
ئیستەنلی كوبریك سەبارەت بە بەرھەمەكانی كێشڵۆفسكی و بە تایبەت ئەو بەرھەمەی دەڵێ:"من بە گشتی لە سەر بەرھەمی ھونەرمەندە گەورەكان نادوێم، لە بەر ئەوەی ھەست دەكەم بەو كارە بەرھەمەكانیان كەم نرخ دەكەمەوە، بەڵام لە ڕاستی دا كیشڵۆفسكی زۆر باش پێی ناوەتە ناو ئاخنی مرۆڤ و تێڕوانینەكانی خۆی ھێندە بە ھێز ھێناوەتە زمان كە ھیچ وتەیەكی بۆ گوتن نەھێشتۆتەوەو لە ئاكام دا ڕۆحی مرۆڤ دەكاتە ئەسیری خۆی".
ئەو فیلمە باس لە ئەوینێكی ڕاستەقینە دەكات. ئەوینێك كە وەك باسمان كرد نرخێكی پیرۆزەو ئەگەر لە مرۆڤ بستێنرێتەوە، ئەوا ھۆكاری مانەوەو ژیان كردنی لە ناو دەچێت. چیرۆكی ئەوینی لاوێكی تەمەن 19 ساڵە كە ئەوینداری ژنێكی 31 ساڵان دەبێت. ئەو ئەوینە لەو شوێنەوە سەر ھەڵدەدات كە "تۆمێك" لە پەنجەرەی ماڵی خۆیەوە بە تێلێسكۆپ سەیری ماڵی "ماگدا" دەكات و ھێدی ھێدی تێدەگات كە ھەستێكی جیاوازی سەبارەت بەو ژنە پەیدا كردووە. كە سەیری ژیانی ساكار و بێ ڕۆحی خۆی دەكات و ژیانی ماگدای نیوە ھونەرمەند دەبینێ كە ھەموو ئاكارەكانی بۆ ئەو جێگەی سەر سووڕمانە و ھەر جارەی لە گەڵ پیاوێك دێتەوە ناو ماڵ و تۆمێك شاھیدی سێكس و عاشقایەتیەكانی لە گەڵ ئەو پیاوانە دەبێت، ھەست دەكات كە دەبێ ماگدا ھی ئەو بێ. بەڵام خاڵێكی لاواز لە شوێنێك دا ھەیە. ماگدا ھی جیھانێكی ترەو درێژ ماوەیەكە ئەو جۆرە ناڕواتە ژیان و ئەوینداری كە تۆمێك وا لە سەرەتاكەی دایە. تۆمێك ھەموو ژیانی تەرخان دەكات بۆ بە دەست خستنی ماگدا. لە ئیدارە پۆستەوە بە دزی یادداشتی بۆ ڕەوانە دەكات كە بێ ئەو پارەیی ھەڵ بگرێ كە بۆی ھاتووە. (تۆمێك لە ئیدارەی پۆست كار دەكا) ھەموو بەیانیەكی ناشتا ھەڵدەستێ و شیر دەباتە بەر دەرگای ماڵی ماگدا. شەوانە ڕاست لە كاتی ھاتنەوەی ماگدا بۆ ماڵ دەست لە كارەكانی ھەڵدەگرێ و ھاوڕێ لە گەڵ ماگدا لە پشت تێلۆسكۆپەكەی ناو ماڵی خۆیەوە لە گەڵ ماگدا نان دەخوا، ھەناسە دەكێشێ و ژیان دەكا.
ئەو عەشقە ھەر وا شاراوەیە تا ئەوەی كە ڕۆژێك لە ئەنجامی ھەندێ ڕووداو دا تۆمێك ڕازەكەی ئاشكرا دەكات. لەو دیالۆگانەی كە لە نێوان ماگدا و تۆمێك دا ڕوو دەدات، جیاوازی ڕوانینەكان دەردەكەون. لە ڕاستی دا تۆمێك ھێشتا خاوەن ڕوانینیش نیە. كاتێك ماگدا لێی دەپرسێ "چیت لێم دەوێ؟" تۆمێك لە وەڵام دا دەڵێ:"نازانم." ماگدا پێی دەڵێ دەتھەوێ لە گەڵت بێم و بڕۆین شار بگەڕێین، دەت ھەوێ بێی ماڵی من، دەت ھەوێ لە گەڵم بنووی؟ بەڵام تۆمێك ھیچ كام لەوانەی ناوێ. تەنیا پێناسەیەك كە تۆمێك لە ئەوین دەیكات ئەمەیە:"ئەوینێكی شیرین وەك تامی ئایس كریم." پێناسەیەك پاك و مناڵانە وەك خۆی. جیاوازی ئەم دوو مرۆڤە ھێندە زۆرە كە مرۆڤ لە دیالۆگەكانیانەوە باش بۆی دەردەكەوێ ھیچ شتێك بە یەكیان ناگەیەنێ. ئەوان خەڵكی دوو جیھانی جیاوازن. جیھانێكیان ئەوین بە واقعێكی جەستەیی دەزانێ و جیھانێكی تر بە ڕووداوێكی نەست و سەیر و سەمەڕ و دوورە دەست. 
لە ئەنجامی ئەو گفتۆگۆیانە دا ماگدا دەیھەوێ بە تۆمێك بسەلمێنێ كە ئەو لە ھەڵە دایە. لە گەڵ خۆی دەیباتە ماڵە خۆی. تۆمێك لە سەر كورسیەك دانیشتووە. ماگدا دەستە گەورە بەڵام پاكەكانی تۆمێك دەگرێ و لە سەر ڕانەكانی خۆی دادەنێ. تۆمێك بۆ چەند چركەیەك لە خۆی دوور دەكەوێتەوە. بەڵام ئەو ناتوانێ ئەو پێناسەیە لە ئەوین پەسند بكات. ماگدا پێی دەڵێ ئەوەیە ئەو ئەوینەی تۆ باسی دەكەی، دەتوانی بڕۆی لە حەمام خۆت بشۆیەوە. بەڵام تۆمێك بە تووڕەیی ماگدا بە جێ دێڵێ و بە پەلە دەچێتەوە بۆ ماڵی خۆی. لێرە دایە كە ھەست دەكات ئەو نرخەی لێ زەوت كراوە كە بە بیانوو و ھێزی ئەوەوە دەژیا. لێرەدایە كە تۆمێك ھیچ بیانوویەكی بۆ مانەوە بۆ نامێنێتەوەو ھەر بۆیەش لە حەمامی ماڵی خۆی دا بە ئامانجە كۆتایی ھێنان بەو ژیانەی وا ئیتر ئەوینی تێدا نیە، شاڕەگی دەستی دەبڕێ.
بەڵام تۆمێك نامرێ. ئەو دەبێ بمێنێتەوە تا ماگدا بەم ڕاستیە بگات جگە لەو ئەوینەی ئەو پێناسەی كردووە، ئەوینێكی تریش ھەیە. تۆمێك ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت و ئەمجارەیەن دەورەكان گۆڕانیان بە سەر دا دێ. تۆمێك بە تایبەتمەندیەكانی خۆیەوە جێگەی ماگدا دەگرێتەوەو ماگداش لە ناو كەل و پەلی ماڵی خۆی دا كۆنە دووربینێك دەبینێتەوەو لە بەر پەنجەرەوە سەیری ژوورەكەی تۆمێك دەكات. ڕووداوێك ئەوی شڵەژاندووە، دەبێ چ ھێزێك بێ كە تۆمێك تا ئەو ڕادەیە گرفتاری بووبێ؟!
كاتێك تۆمێك لە نەخۆشخانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵە خۆی، ماگدا دەڕواتە لای. تۆمێك خەوتووە. ماگدا لە تێڵێسكۆپەكەی ژووری تۆمێكەوە سەیری ژوورەكەی خۆی دەكات. خۆی دەبینێ كە شەوێك دوای ئەوەی لە گەڵ یەكێك لە ئەویندارەكانی بە شەڕ ھاتووە، لە ژوورەكەی خۆی دەگری. ئەمجارەیان دەرھێنەر ئەو شتەمان نیشان دەدات كە تۆمێك ھەستی پێ كردووە. ئەو ھەستەی كە نەیدەتوانی بە بێ ئەو بژی و ئامادە بوو سادە و ساكار لە ژیانی واز بێنێ. ماگدا دەبینێ كە بۆ خۆی لە سەر كورسیەك دانیشتووەو دەگری. تۆمێك دێتە ژوورەوەو دەست دەخاتە سەر شانی. بێ ئەوەی ھیچ بڵێ دڵداری دەداتەوە و دەیڵاوێنێتەوە. تۆمێك ھەموو ساتەكان لە گەڵ ئەو ئەوینە ژیاوە كە تامی ئایس كریم دەدات، ئەو ڕەنگە نەتوانێ پێناسەی بكات بەڵام ھەستی پێ كردووەو لە گەڵی ژیاوە. ماگدا لە گۆشەی نیگای تۆمێكەوە سەیری ژوورەكەی خۆی دەكات و ھەست بەو حەقیقەتە دەكات كە تۆمێك ئامادە بوو ژیانی بۆ بدات. ئەو ڕاستیەی كە لە ماڵەكەی خۆی دا ھەبوو، تێیدا دەژیا بەڵام ھەستی پێ نەدەكرد.
كێشڵۆفسكی نەك تەنیا بەو بەرھەمەی بەڵكوو لە زۆربەی كارەكانی تری دا ڕوانگەیەكی ڕۆژھەڵاتی ھەیە سەبارەت بە بابەتەكان. مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتا، ئەو سەرەتایەی كە لە گەڵ ئەو ڕێگا درێژەی مرۆڤ پێواوێتی گۆڕانی بە سەر ھاتووەو وەك خۆی نەماوەتەوە. لە بەرھەمەكانی كێشڵۆفسكی دا ھەموو شتێك زۆر سادەیە، ھەموو شتێك سادە دەست پێ دەكات و بە شێنەیی دەڕواتە پێش. بەڵام كە بینەر وە خۆ دێتەوە دەبینێ لە جیھانێك پرسیاری سەیر و سەمەڕەدا گیرساوەتەوەو ھەوڵ دەدات وەڵام بۆ ھەموویان بدۆزێتەوە. یەكێك لە سەرەكی ترین تایبەتمەندیەكانی كێشڵۆفسكی ئەوەیە كە ڕێگە دەدات بینەر بەشدار بێت لە بەرھەمەكانی دا. بینەر مافی قسە كردن و ھەڵبژاردنی ھەبێت و لە ئاكام دا ڕاست دەمان گەیەنێ بەو شوێنەی كە دەبێ لە وێ بین.
لایەنێكی تری بەرھەمەكانی كێشڵۆفسكی و ئەو بەرھەمەشی مۆسیقایە. كەس ناتوانێ نكۆڵی لەمە بكات كە بەرھەمەكانی ئەو لە گەڵ مۆسیقای پرایزێنێر ئاوێتە بوون و مۆسیقا دەورێكی زۆر سەرەكی دەگێڕن. بێ گومان سینەما بە بێ مۆسیقا شەل و گێڕەو ئەم ڕاستیە لەو بەرھەمی كێشڵۆفسكی دا سەد ھێندەی تریش خۆ دەنوێنێ. كە سەیری ئەو فیلمە دەكەم تەنیا بیر لە یەك خاڵ دەكەمەوە، ھیچ شتێك لە خۆِڕایی نیە. ھەموو شتێك لە جێگای خۆی دایە و بە لابردنی ھەر خاڵێك بەشێك لە ھەست و بیرۆكەكان لا دەبەین. پرایزێنێر كە یارمەتی دەری زۆربەی كارەكانی تری كێشڵۆفسكی بووە لەو بەرھەمە كورتەی ئەوینداری دا ھاوڕێ لە گەڵ دیمەنەكان گەمەمان پێ دەكات. ڕەنگە باش بێت ئەگەر مرۆڤ جارێك بە بێ بینینی فیلمەكە تەنیا گوێ لە مۆسیقایەكە بگرێ. بێ گومان ھەست بە تاقمێك لەو خاڵانە دەكات كە بە بینینی فیلمەكە ھەستی پێ كردوون.
كێشڵۆفسكی خاڵێكی زۆر بەرجەستە و حاشا ھەڵنەگری سینەمای جیھانە. زۆر ڕەخنە گر كێشڵۆفسكی لە ڕیزی دە دەرھێنەری گەورەی مێژووی سینەما دادەنێن. بەرھەمی "دە فەرمان" وەك حەوتەمین فیلمی "معناگرا"ی مێژووی سینەما ناوزەد كراوە. كێشڵۆفسكی بۆ خۆی لەم بارەوە دەڵێت:"كە دەستم بەم كارە كرد، لە دەورووبەری مرۆڤەكان دوور كەوتمەوە، ئەو جار كەوتمە ناویان."


0 ڕوانگە:

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts