۵/۲۶/۱۳۸۹

ئاوازە



ناوی فیلم: ئاوازە (the prestige)
دەرھێنەر: کریستۆفێر نۆڵان
ڕێكەوت و شوێنی بڵاو بوونەوە: 20ی ئۆكتۆبەری 2006 - ئەمریكا

------------------------
ئەو فیلمه‌ به‌سه‌رهاتی دوو جادووگه‌ری به‌ناوبانگ و پرۆفێشناڵی شاری له‌نده‌نه‌ به‌ ناوه‌کانی "ئاڵفرێد بۆردن" و "رۆبێرت ئنجی"یه‌ که‌ به‌ یه‌که‌وه‌و هاوڕێ له‌ گه‌ڵ مامۆستاکه‌یان، له‌ سه‌ر سه‌کۆی ساڵۆنه‌کانی له‌نده‌ن جادووگه‌ری ده‌که‌ن. ئه‌م دوو جادووگه‌ره‌ له‌ بواری که‌سایه‌تیه‌وه‌ جیاوازیه‌کی زۆریان به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌. رۆبێرت مرۆڤێکی خۆ به‌ زل زانه‌ که‌ ته‌نیا چاوی له‌ وه‌یه‌ به‌ بیر و هزری مرۆڤه‌کانی تر گه‌وره‌ بێته‌وه‌و له‌ به‌رامبه‌ردا ئاڵفرێد مرۆڤێکی ساده‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامی زه‌همه‌ته‌کانی خۆیدا جێگه‌ و پێگه‌ی ژیانی پێک هێناوه‌. ئه‌وان له‌ یه‌کێک له‌ جادوویه‌کانی خۆیان دا جوولیای هاوسه‌ری رۆبێرت ده‌به‌ستنه‌وه‌و له‌ بۆشکه‌یه‌کی ئاوی داوێن. جوولیا ناتوانێ گرێیه‌کان بکاته‌وه‌و له‌ ئاکام دا ده‌خینکێ. رۆبێرت مه‌رگی ژنه‌که‌ی به‌ تاوانی ئاڵفرێد ده‌زانێ و له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ که‌ به‌ ئه‌نقه‌ست گرێیه‌کانی وا لێداوه‌ که‌ جولیا نه‌توانێ بیانکاته‌وه‌. هه‌ر به‌و هۆیه‌ش نێوانیان تێک ده‌چێ و له‌و ساته‌وه‌ ده‌بن به‌ دووژمن.

فیلمه‌که‌ گرێیه‌کی سه‌ره‌کی تێدایه‌ که‌ ده‌رهێنه‌ر تا کۆتایی فیلمه‌که‌ ئیزن نادات بکرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ به‌ هێزه‌کانی ئه‌م فیلمه‌یه‌. فیلمه‌که‌ ده‌یان بابه‌تی تریش له‌ خۆوه‌ ده‌گرێ که‌ به‌ ڕای من په‌یامێکی سه‌ره‌کی هه‌یه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ناواخنی فیلمه‌که‌دا شاڕاوه‌یه‌. جا با له‌و شوێنه‌وه‌ سه‌یر بکه‌ین که‌ گرینگ نیه‌ نووسه‌ر یان ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه‌ یان ویستوویانه‌ چی بڵێن، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ چۆن ده‌بینین و له‌ کوێوه‌ سه‌یری بابه‌تێک ده‌که‌ین.

له‌ جیهانێکی سه‌یر و سه‌مه‌ڕه‌دا ده‌ژین. له‌ جیهانێک دا که‌ هه‌موو که‌س هه‌وڵ ده‌دا بینه‌ری تایبه‌تی خۆی په‌یدا کات و جادووگه‌ری بۆ بکات. له‌ جیهانی سیاسه‌دمه‌دارانی جادووگه‌ر، ڕۆژنامه‌وانانی جادووگه‌ر، سه‌رمایه‌دارانی جادووگه‌ر، سه‌رۆک کۆماره‌‌ جادووگه‌ره‌کان و ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران جادووگه‌ری تر. له‌ کوتایی ئه‌م فیلمه‌دا که‌ دوایین زۆره‌بانی نێوان ئاڵفرێد و ڕۆبێرت ڕوو ده‌دات، ڕۆبێرت به‌ر له‌ مه‌رگی و به‌ر له‌ وه‌ی چاوی به‌ سه‌ر جیهانی جادووگه‌ره‌کان دا ببه‌ستێ، ده‌لێ: کاتێک خه‌ڵک فریو ده‌درێ، شتێک له‌ چاویان دایه‌ که‌ هه‌موو که‌س ناتوانێ ده‌رکی پێ بکات. تۆ بله‌ی کاتێک سیاسه‌تمه‌داره‌ جادووگه‌ره‌کانیش ئێمه‌ومانان فریو ده‌ده‌ن، هه‌ست به‌و شته‌ بکه‌ن که‌ له‌ چاوماندا دیاره‌. تۆ بڵه‌ی دوای ئه‌و جادووگه‌ریانه‌ی که‌ ئه‌وان ده‌یکه‌ن، ئێمه‌ش خۆمان فریو بده‌ین. له‌ فیلمه‌که‌دا باس له‌وه‌ ده‌کرێ که‌ ئێمه‌ ناتوانین به‌ سرنجه‌وه‌ چاو لێ بکه‌ین بۆیه‌ فریو ده‌درێین. تۆ بڵه‌ی ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌کان بتوانن به‌ سه‌رنجه‌وه‌ سه‌یری خۆیان و جیهان و مرۆڤه‌کانی تر بکه‌ن، گۆڕانێک به‌ سه‌ر جیهان دا بێت؟ ئاخ که‌ چه‌ند له‌ یه‌ک ده‌چن دیمه‌نی ئه‌و کاته‌ی جادوویه‌ک ده‌بینین و له‌ خۆشی ئه‌وه‌ی نازانین چی ڕووی داوه‌ هاوار ده‌که‌ین و چه‌پڵه‌ لێ ده‌ده‌ین له‌ گه‌ل ئه‌و کاته‌ی که‌ سیاسه‌تمه‌دارێک، سه‌رۆک کۆما‌رێک یان جادووگه‌رێکی تر قسه‌مان بۆ ده‌کات و له‌ خۆشیان فرمێسک له‌ چاوه‌کانمان دا قه‌تیس ده‌مێنێ. تۆ بڵه‌ی که‌ی فێر بین به‌ ڕوانینێکی ڕاسته‌وه‌ سه‌یری جیهانی خۆمان و جادووگه‌ره‌کانی بکه‌ین؟ تۆ بڵه‌ی که‌ی فێر بین ئه‌و کاته‌ی که تێنه‌گه‌یشتووین چی ڕووی داوه، چه‌پڵه‌ بۆ هیچ جادووگه‌رێک لێ نه‌ده‌ین.‌‌ تۆ بڵه‌ی ئه‌م جیهانه‌ تا که‌ی به‌ جادووگه‌ری به‌ڕێوه‌ بچێت؟ ئاخۆ به‌ ڕاستی ئه‌وه‌ ئێمه‌ین که‌ خۆمان فریو ده‌ده‌ین؟

لاپەڕەی ئەو فیلمە لە IMDB


3 ڕوانگە:

ناشناس گفت...

سپاس و ده‌ست خۆشی بو کاک انور

فوئاد

ناشناس گفت...

thanx kak anvar

ئه‌نجومه‌نی ه‌ده‌بیی مه‌هاباد گفت...

ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی مه‌هاباد ئاماده‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌رهه‌ی شاعیران و نووسه‌رانی کورد. بۆ ئاگاداریتان گۆڤاری به‌رهه‌م له‌سه‌ر وێبلاگی ئه‌نجومه‌ن ده‌توانن دانلۆد بکه‌ن.
mail: edebi.meh@gmail.com

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts