۵/۱۷/۱۳۸۹

یڵماز گونەی لە زمان خۆیەوە!




وەك ھونەرمەندێك بە یڵماز گونەی ناسراوم. ناوە ڕاستیەكەم "یڵماز پووتون"ە. ناوەكەم ئەو واتایانەی ھەیە: "كەسێك كە لە بەرامبەر دژواریەكان ناچەمێتەوە، بێ ھیوا نابێ، ناكەوێتە دڵەڕاوكێ و ناترسێ." پاشناوەكەشم (پووتون) بە دەنكی میوەی دارێك دەڵێن كە ناشكێ. لە ساڵی 1937 لە گوندی "یەنیجە"ی سەر بە شاری "ئادانا" ھەڵكەوتوو لە باشووری توركیا ھاتمە دونیا. بە ڕەچەڵەك كوردم. یەكێك لە دوو مناڵەكەی بنەماڵەیەكی بێ خاك و زەویم. دایكم دیندار بوو و سەوادی خوێندن و نووسینی نەبوو. ھێشتا ماوە... . بابیشم سەوادی خوێندن و نووسین لە سەربازی فێر ببوو. ئەویش وەك دایكم قەتی قوتابخانە نەدیتبوو. ساڵی 1976 ئەو كاتەی من لە زیندانی قەیسەری بووم مرد. نەمتوانی قەبرەكەی ببینم...

لە تەمەنی نۆ ساڵیمەوە تا ئێستا بۆ خۆم كارم كردووە و ژیانم بە سەر بردووە. یەكەم ئیشم گاوانی گوێلكان بوو. خوێندنی كوتاییم لە ئادانایە تەواو كرد. ئەو ساڵانە گوڤارێكی ھونەریم بە ناوی "دۆروك" دەردەكرد. حەزم لە ھونەر بوو و چیرۆكیشم دەنووسی. ساڵی 1955 بە ھۆی چیرۆكێكمەوە وە دوام كەوتن و شكایەتم لێ كرا و دادگایی كرام.
ساڵی 1957 بە خەیاڵی كۆلێژی ئێكۆنۆمی ھاتمە ئیستانبول. بەڵام نەمتوانی درێژەی بدەم. ئەو دادگاییەی كە لە ساڵی 1955 دەستی پێ كردبوو، بە ئەنجام گەیشت و یەكەم جار بڕیاری حەوت ساڵ و نیو زیندانی و دوو ساڵ و نیو مەنفام بە سەردا بڕابوو. بەڵام پاشان دادگا بڕیارەكەی شكاند و بوو بە ساڵ و نیوێك زیندانی و شەش مانگ مەنفا. زانكۆ بە نیوەیی ماوە. تەنیا یەك ڕێگەم بۆ مابۆوە؛ دەبوو لە قوتابخانەی ژیان و ئەو مامۆستایانەی كە ژیان پەسندیان دەكا و بە سەرم دا دەسەپێنێ پەروەردە كەم. وام كرد... كتێب، سینەما، كار، بێ ڕەحمی، یاسا ویشكەكانی ژیان، گوشارە كۆمەڵایەتیەكان، قەحبەیەتیەكان، جوامێریەكان... خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەو سەختی و زەحمەتیەی ڕوو بە ڕووم بوون... .
لە مانگی مەی ساڵی 1961 لە گەڵ زیندان ئاشنا بووم. لە دێسامبری 1962 زیندانیەكەم تەواو بوو. مەنفای "قۆنیە" كرام كە بە بنەماخوازی خۆیەوە ناسراوە. مافی دەركەوتن لە سنوورەكانی ئەو شارەم نەبوو. دەبوو ھەموو ئێواران لە ئیدارەی پۆلیس لاپەڕەیەكم ئیمزا كردبا. زیاترین ئیمزام لە دەفتەری پۆلیسی كردووە. 180 جار... . ساڵی 1968 چووم بۆ سەربازی. لە ئاپریلی 1970 گەڕامەوە. ئەو دوو ساڵەی لە ژیانم دزراوە...
لە مانگی مەی ساڵی 1971 وەكوو دەیان ھەزار نووسەر و ڕوناكبیر و ھونەرمەندی تر، منیش كەوتمە ژێر چاوەدێری. بە بێ ھیچ تاوان و ھۆكارێك، تەنیا ئەندێشە نەبێ. دوای حەوتوویەك مانەوە لە ژێر چاوەدێری، ئازاد كرام. ئەو جارەیان نەك بە دەستوور و فەرمانێكی نووسراو و فەرمی، بەڵام بۆ ماوەی سێ مانگ مەنفای "نەوشەھیر" كرام. ئەو جار نەدەچووم بۆ ئیمزا، بەڵام پۆلیس ھەر بە دوامەوە بوو. لە 16 مارتی 1972 بە بیانوو و تاوانی یارمەتی دان بە شۆڕشگێرەكان دەستگیر كرام. بە بڕیاری دادگا 10 ساڵ زیندان لە مەنفا بە سەرم دا بڕا. لە سەردەمی حكوومەیت "ئێجێویت" وە بەر بەخشش كەوتم و ساڵی 1974 ئازاد كرام. ئەم ڕۆش وا ئێجێویت بۆ خۆی لە زیندان دایە. لە سێپتامبری 1974 ناوم كەوتە ناو جەنایەتێكەوەو 19 ساڵم زیندانی بە سەردا بڕا. لە زیندان دا گۆڤارێكی ھونەری - كولتووریم بە ناوی "گونەی" بەڕێوە دەبرد. دوای سێزدە ژمارە بە ھۆی گۆڕانی بەڕێوەبەری زیندان گۆڤارەكەم ڕاگیراو بە ھۆی نووسراوەكانمەوە دە شكایەتی جیاوازم لێ كرا. تاوانەكانم ئەمانە بوون: پرۆپاگەندە كردن بۆ كۆمۆنیزم، لاواز كردنی ھەستی نەتەوایەتی، ھان دانی گەل بۆ تاوان، تاریف كردن لەو كارانی تاوانن و گاڵتە كردن بە دەسەڵات و ئیعتیباری دەوڵەت. داوای 100 ساڵ زیندانم بۆ دەكرا بە گشتی... . لە ئۆكتوبری 1981 نەگەڕامەوە بۆ زیندانی ئیسپارتا كە ئیزنی ھاتنە دەریان پێ دابووم. پاشانیش ھەڵاتم بۆ دەرەوەی وڵات. تا مانگی ئۆكتۆبری 1981 زیاتی لە 12 ساڵی تەمەنم لە زیندانە جیاوازەكان دا تێپەڕ كرد. لە ماوەی ئەو دوازدە ساڵەدا لە گەڵ پازدە زیندانی جۆر بە جۆر ئاشنا بووم و ژیانم تێدا كردن. ھەر كە لە وڵاتەكەم ھەڵاتم، لە مانگەكانی سەرەتادا چەند دادگاییم بە نەجام گەیشتن و بە گشتی 20 ساڵ زیندان و زیاتر لە حەوت ساڵ مەنفام بە سەر دا بڕابوو. دادگاییەكانی تریشم بەردەوامن، بەڵام ھێشتا نازانم ئەنجامەكەیان چیەو چەند ساڵی ترم زیندانی پێ دراوە...

یڵماز گونەی

0 ڕوانگە:

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts