۵/۰۹/۱۳۸۹

زێڕی سوور


ناوی فیلم: زێری سوور (طلای سرخ/  crimson gold)
دەرھێنەر: جەعفەر پەناھی
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: ساڵی 2005 ساز كراوە بەڵام لە
بەر ئەوەی لە لایەن بەرپرسانی سینەمای ئێران وەك فیلمێكی
ڕەش بین ناوی لێ برا قەت لە ئێران ئێكران نەكرا.
-----------------------------

من دڵنیام ھەر مرۆڤێك لە ژیانی خۆی دا خاوەنی ھەندێك ساتی تایبەتە كە پێی خۆش بووە كەسێك بكۆژێ یان تا سەرە مەرگ لە كەسێك بدا. ڕەنگە زۆربەی ئەو چركە ساتانە ئەو كاتە سەر ھەڵبدەن كە كەسێك یان كەسانێك ئێمە بچووك بكەنەوە، بە كەممان بزانن یان ئەو كاتەی دەخوازین ببینرێین و نامان بینن و لەوەش زیاتر ڕێگە لە پێش ئەوە دەگرن كە بدیترێین. ئەو كاتەی كە ھەین بەڵام بە نەبوومان دادەنێن و تا ئەو جێگەیەی لە دەستیان بێ بچووك و بێ نرخمان دەكەنەوە. لەو چركە ساتانەدایە كە پێمان خۆشە تۆڵە بكەینەوە، پێمان خۆشە لە ھەر ڕێگەیەكەوە دەبێ با ببێ ھەبوونی بە واتای خۆمان بسەلمێنین و بۆ ئەوەش ئامادەین ھەموو كارێك بكەین. دەڵێن تەنیا ڕێگەیەك ھەیە كە ئەو مرۆڤانەی خۆیان دەكوژن لە خۆ كوشتن پەشیوان ببنەوە، ئەویش ئەوەیە كە ھۆكار یان ھۆكارەكانی خۆ كوشتنیان لە ناو بچێ. تۆ بڵەی ئەو ڕاستیە بۆ ئەو كەسانەی وا دەیان ھەوێ كەسێكیش بكوژن ھەر وەھا بێ؟! ئەگەر وابێ كە واتە ئەو كەسەی دەمان ھەوێ بیكۆژین یان خۆد بیرمان لە كوشتنی كردۆتەوە دەبێ لە ناو بچێ و بەس.
ئەو كەسانەی لە ژیانیان دا لەو ساتانەیان زۆرە و قەتیش نەیانتوانیوە كەسێك بكوژن یان تەنانەت باسی كوشتنی كەسێك بدركێنن، بەرە بەرە دەبن بە كەسانێك كە ھەزاران كۆمپلێكس و گرێ لە ژیان و ڕوحیان دا ھەیە و نەخۆش دەبن. بێ گومان لێرەدا وشەی نەخۆش بارێكی نێگەتیفی نیەو تەنیا بۆ نیشان دانی قورسایی بابەتەكە كەڵكم لێ وەرگرتووە. ھاوكات بەو واتایەش نیە كە ئەو كەسانەی لە ھەل و مەرجێكی جیاوازی ڕوحی دان سەرتر لەو كەسانەن وا باسمان كردن.
ڕەنگە یەكێك لە سەرەكی ترین ھۆكارەكانی جیاواز دیتنی مرۆڤەكان كۆمەڵگای چینایەتی بێ. یەك پارەی ھەیە و ھەر چی دەیھەێ دەتوانێ بیكرێ، یەك نیەتی و سفرەی ھەموو شەوەكانی بەتاڵە. یەك جلی جوانی لە بەردایە، جوان نیەو ھەموو كەس دەیبینێ، یەك جوانە و ڕەبەن و چاوی ھەموو كەس بۆ دیتنی كوێرە. یەك بە حوكمی دەسەڵات و پارە مرۆڤ ترە و یەك بە تاوانی بێ ھێزی و كەڵەڵا بوون دەچەوسێتەوەو فەرامۆش دەكرێ.
ئەگەر تاوانی بێ ھێزی نیە لەو شارەدا بۆچی
بەشی من ماتەم و شین و بەشی خەڵكی زەماوەندە (ھێمن)
بێ گومان ئەگەر كۆمەڵگا ڕێگە نەدا بە چاوێك سەیری ھەموو مرۆڤەكان بكرێ ئەوا ڕۆژێك لە ڕۆژان ھەڵدەكەوێ كەسێك لە بەرامبەر ئەو بێ ڕەحمیە سەر ھەڵدات و ئەگەر ھیچ كارێكیشی لە دەست نەیە لانی كەم یەكێك لەو كەسانەی دەبێتە ھۆی بەدیھاتنی ئەو جیاوازیانە لە ناو بەرێ و بۆ خۆشی لە گەڵی لە ناو بچێ. ھیچ كەس ناتوانێ نكۆڵی لەم ڕاستیە بكات كە تاك بەرەو ھەر شوێنێك بڕوات بەرپرسیارەكەی كۆمەڵ و كۆمەڵگایە و خۆی لە خۆی دا تاك ناتوانێ ڕێگە لە بەردەم نەخۆشیەكی نەخوازراو چاوەڕوان نەكراو بكاتەوە. كە مرۆڤێك ھەست بەوە بكات لەو شوێنە نیە كە دەبێ لە وێ بێ و كە ببینێ كەسانێك ھەن كە لەو شوێنەن كە نابێ لە وێ بن ئەوا ڕوو دەكاتە تۆڵە! تۆڵە لە خۆی، لە بنەماڵەكەی، لە ھاوڕێكانی، لە كۆمەڵگاكەی و لە سروشت و گەردوون ھەموو شتێك. بەرپرسیاری ئەو تۆڵەیەو ئەو ئاكامانەی لێی دەبێتەوە تەنیا كۆمەڵگایە و ھیچی تر.
فیلمی زێڕی سوور ئاكامی یەكێك لەو چركە ساتانەیە كە مرۆڤێك (تاك) تێیدا ھەست بە بچووك بوونەوە دەكات. ئەو ساتەی كە كەسێك ھەست دەكات ستەمی لێ دەكرێ و دەچەوسێتەوە، ئەو كاتەی كە جگە لە تۆڵە كردنەوە ھیچ ڕێگەیەكی لە بەردەم نامێنێ و تەنیا ئەگەر بۆ سەلماندی مرۆڤ بوونی خۆشی بێت دەبێ دەست ببزێوێ و جووڵەیەك بكا. ئەو كاتەی كە دەیھەوێ ھاوار بكا، بقیژێنی و بڵێ:"ئەوەتا منیش ھەم، بۆ كەس نامبینێ، بۆ كەس نامبیسێ بۆ كەس ھەست بە ھەبوونم ناكات."؟!
جەعفەر پەناھی دەرھێنەری بەناوبانگی ئێرانی چیرۆكی ئەو فیلمەی لە ھەواڵێكی ناو ڕوژنامەكان دا دەخوێنێتەوەو عەباس كیا ڕۆستەمی سنارێۆی ئەم فیلمە بە پێی ئەو ھەواڵە ڕاستینە دەنووسێ. لاوێك دوای ئەوەی لە دزینی زێڕ لە زێڕینگەرێك سەركەوتوو نابێ، زێڕینگەرەكە دەكوژێ و پاشان خۆشی دەكوژێ.
فیلمی زێڕی سوور لە ناو زێڕینگەریەك دا دەست پێ دەكات و دوای ئەوەی كە حوسێن (ئەكتەری سەرەكی فیلم) دەرگای زێڕینگەریەكەی لە سەر گەڵا دەدرێ سەرەتا زێڕینگەرەكە و پاشان خۆی دەكوژێ. بە دوای ئەم سێكانسەدا فلاش بەك لێ دەدرێ و جەعفەری پەناھی لەو فیلمەدا بۆمان دەگێڕێتەوە كە ھۆكارەكانی وەھا ڕووداوێك چین و بۆ لە كۆمەڵگایەك دا لاوێك دەگاتە ئەو شوێنە كە تووشی وەھا كارەساتێك بێ!
بێ گومان ئەو چیرۆكە تەنیا چیرۆكی ئێران نیە، بەڵكو بەسەرھاتی تاقمێكی زۆر لە مرۆڤەكانی سەر گۆی زەوییە كە ڕۆژانە لە گەڵ نایەكسانی و چەوسانەوە ڕووبەڕوون و ھەر ڕۆژەی بە جۆرێك و لە لایەن تاقمێكی جیاوازەوە دەچەوسێنەوە. ئەوانەی قەت وەك مرۆڤ سەیریان ناكەن و قەتیش مامەڵەی مرۆڤانەیان لە گەڵ ناكەن. ئەكتەری سەرەكی (حوسێن عیمادالدین) كە لەو فیلمەدا لە پیتزا فرۆشیەك كار دەكا و پیتزا بە ماڵان دا بڵاو دەكاتەوە، لە ژیانی ڕاستینی خۆشی دا ھەر ئەو كارەی ھەیەو ڕەنگە ھۆكاری ئەوەی كە توانیوێتی تا ئەو ڕادەیە لە گێڕانی ئەو دەورەدا سەركەوتوو بێت ھەر ئەوە بێ. ئەوە یەكەم فیلمە كە حوسێن تێیدا دەور دەگێڕێ بەڵام زۆربەی ڕەخنەگران بەھێزترین لایەنی ئەو فیلمە بە دەورگێڕانی حوسێن دەزانن كە بە ڕای زۆر كەس ئەو فیلمەی لە دووپات بوونەوە ڕزگار كردووە. لە ڕاستی دا حوسێن لەو فیلمەدا ھیچ كارێكی تایبەت ناكا كە بینەر پێی سەیر بێ، بەڵكو دەوری ژیانی خۆی دەگێڕێ. بێ دەنگە، ھێندە بێ دەنگ كە جاری وا ھەیە بینەر لە جێگای ئەو دەقیژێنێ، لە جێگای ئەو ھەست بە كەم بوون و ون بوون دەكا لەو كۆمەڵگایەدا و لە جێگای ئەو دەستەمۆی ئەو ژیانە ھەرزەیە دەبێ كە حوسێن تووشی بووە.
ھەر لە سەرەتای فلاش بەكی فیلمەكە دیمەنێك دەبینین كە بێ گومان زۆر وەستایانە كاری لە سەر كراوە. كۆمەڵێكی دە - دوازدە كەسی لە كرێكارانی بەرپرسی خاوێن كردنەوەی شەقامەكان لە بەرەبەیانێكی ئەو شارە نەكبەتە خەریكن بە پڕتا شەقامەكان خاوێن دەكەنەوە. پەناھی بەو دیمەنە دەیھەوێ پێمان بڵێ كە لە گەڵ پیسی و زبڵ و زاڵ ڕووبەڕوو دەبینەوە. پیسی و قرێژیەك كە ئەگەر ھەموو ڕۆژێكیش ھەوڵ بۆ خاوێن كردنەوەی بدرێ ھەر وەك خۆیەتی و تووشی ھیچ گۆڕانێك نابێ. لەو سێكانسەدا پەناھی كایە بە ھێماكان دەكاو ھەر لە سەرەتاوە بینەر ھان دەدا بۆ ئەو شوێنەی كە بۆ خۆی دەیھەوێ. 
حوسێن بە پێی ئەو كارەی كە دەیكا سەر و كاری لە گەڵ ھەموو چینەكانی كۆمەڵگا ھەیە. ئەوانەی كە كاریان لە گەڵ دەكا، واتا ھاوڕێكانی لە خوارترین چینەكانی كۆمەڵگان و ئەوانەی كاریان بۆ دەكا و پیتزایان بۆ دەبا لە سەرترین چینەكان دا. شوێنی ژیانی ئەو كەسانەی داوای پیتزا دەكەن لە بڵند ترین و دەوڵەمەند نشین ترین جێگەی شارە و ھەر ئەوە بۆ خۆی وەستایەتی پەناھی لە ھەڵبژاردنی ئەكتەر و نووسینی چیرۆكەكە دەگەیەنێ.
لە ڕەوتی فیلمەكە دا حوسێن لە گەڵ چەند كەس بەرەوڕوو دەبێ. یەكێك لە فەرماندەكانی خۆی كە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاق لە گەڵی بووە. حوسێن ھەر كە پیتزاكان دەداتە دەستی دەیناسێتەوە و خۆی پێ دەناسێنێ. فەرماندەكەی پێی دەڵێ:"حوسێن زۆر گوڕاوی، نەمناسیەوە، حوسێن بە لاتاو پێی دەڵێ ئەتۆش زۆر گوڕاوی بەڵام من ناسیمێوە." فەرماندەكەی ھەندێ پارەی زیادی دەداتێ و سەرەڕای ئەوەی كە حوسێن نایھەوێ لێی وەرگرێ زۆری لێ دەكا و لە دەستی دەنێ. ئەوە یەكێك لەو خاڵانەیە كە پارادۆكسەكانی ژیانی حوسێن كە ھەموویان بە بێدەنگی خۆی، بە چاو گێڕان و ھەندێ جار بە پرسیار كردن نیشان دەدا. حوسێن لە شوێنێك بووە و بۆ ئامانجێك شەڕی كردووە بەڵام ئێستا لە گەڵ ھاوسەنگەرەكەی زەوی و ئاسمانین مەودایەو ئیتر ئامانجەكان لە یەكدی جیاوازن و ھاوسەنگەرەكانیش لە دوو جەمسەری دژ بە یەك ڕاوەستاون.
یەكێكی تر لەو كەسانەی كە حوسێن دەچێ بۆ ماڵەكای لاوێكی تازە پێ گەیشتوویە كە تازە لە ئەمریكا گەڕاوەتەوەو پیتزای بۆ میوانەكەی كە كیژێكە داوا كردووە بەڵام میوانەكەی لێی تۆڕاوە ھەر بۆیە داوا لە حوسێن دەكا كە بڕواتە ژوورەوەو پیتزاكانی لە گەڵ بخوا. دیارە بە ڕای من لەم بەشە لە فیلمەكەدا پەناھی ھەندێك بە شابلۆنەوە ھەڵوێستی گرتووە و بە داخەوە كارەكەی ھەندێك كەوتۆتە ناو خانی دروشمەوە. پەناھی تەنانەت بە بێ ئەنجام دانی ئەو كارە و بە بێ ھەبوونی ئەو بەشەش دەیتوانی قەڵشتی سەرسووڕھێنەری نێوان چینەكان لە ئێران نیشان بدا. بۆ وێنە ھەندێك بۆ بینەر نائاساییە كە لاوێك كە تازە لە ئەمریكا گەڕاوەتەوە بە بێ ھیچ ھۆكارێك داوا لە كەسێكی نەناسراو كە پیتزای بۆ ھێناوە بكات بچێتە ناو ماڵەكەی و لە گەڵی دانیشێ. ئەویش كەسێك لە چینێكی جیاوازەوە كە ھەر ئەو ماڵەی تێیدا دەژی بۆ حوسێن جێی سەر سووڕمانە. ئەو بەشە لە فیلمەكە دەیتوانی بە شێوازێكی تر بێ، یان لە بەر ھۆكارێكی تر حوسێن كەوتبا ناو ماڵی ئەو لاوە. بانگھێشتێكی وا سووك و سادە ئەویش بە بێ ھیچ ھۆكارێكی تایبەت ھەندێ بینەر تووشی دوو دڵی دەكا.
شوێنێكی تر كە حوسێن دەچێ ماڵێكی ترە كە میوانیەكی تێ دا دراوە و لە بەر پەنجەرەكەوە دیمەنی سەما كردنی تاقمێك كیژ و كووڕ دەبینین. بەڵام حوسێن ناتوانێ كارەكەی بكا لە بەر ئەوەی كە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتڵاعات و چەند پۆلیسێك ئیزنی پێ نادەن. پۆلیسەكان لە بەر دەرگا ڕاوەستاون و ھەر كەس لەو میوانیە دێتە دەر یان دەخواجێ بچێتە ناو میوانیەكە دەگرن و ڕیگە نادەن حوسێن تەنانەت تلەفۆنێك بۆ وەستاكەی بكا لە ترسی ئەوەی مەبادا خەبەر بدا بەو كەسانەی لە ناو میوانیەكە دان!!
دیارە پارادۆكسەكانی كۆمەڵگای چینایەتی و نەخۆشی ئێران لە ھەموو سێكانسەكانی ئەو فیلمەدا خۆ دەنوێنن، بەڵام لە ھەموو شوێنێك زیاتر حوسێن ئەو كاتە ھەست بە بچووك بوون و تێك ڕووخان دەكات كە دەخوازێ بكەوێتە ناو زێڕینگەریەكی سەرەوەی شار و لە بەر ئەو جل و بەرگەی كە لە بەری دایە ڕێگەی پێ نادەن. كاتێك حوسێن بۆ جاری دووھەم لە گەڵ دەزگیرانەكەی دا بە جل و بەرگی جوان و ڕێك و پێك دەچێ ئەو جارە ڕێگەی پێ دەدرێ بەڵام دیسانیش بەرپرسی زێڕینگەریەكە داوایان لێ دەكا كە بڕۆن لە دوكانەكانی خوار شار زێر بكرن زیاتر بە قازانجیانە!
حوسێن ئەو دوو چركە ساتەی لە بیر ناچێ. لە بەر ئەو دوو چركە ساتەیە كە ھەست بە كەم بوون دەكا. ئەو دوو چركە ساتەی كە ڕێگایان لە بەردەم ون بوون و نەدیترانی كردۆتەوە. ڕەنگە ھەر ئەو دوو چركە ساتە ئەستەمەش بن كە ھانی دەدەن بۆ تۆڵە سەندن. حوسێن بە كوشتنی ئەو زێرینگەرەو لە كەسایەتی ئەودا دەیھەوێ ئەو كۆمەڵگایە بكوژێ وا بە جیاواز سەیری مرۆڤەكانی خۆی دەكا، دەیھەوێ ئەو ھزرە بگۆڕێ كە مرۆڤەكان دەچەوسێنێتەوەو بواری ڕەخسانی یەكسانی نادا. ئەو كاتەی حوسێن لە بەرەبەیانێكی تری ئەو شارە نەكبەتە، بە ھەڕەشە داوا لە زێڕینگەرەكە دەكا كلیلەكانی بداتێ و شوێنی زێڕەكەی پێ بڵێ، پیرە پیاوی زێڕینگەر دەست دەنێ بە ئاژیرەكەوە و دەرگاكان گەڵا دەدرێن. حوسێن كە داوا دەكا، ناڵێ زێڕەكانم دەیە، ناڵێ پارەكانم دەیە، تەنیا و تەنیا داوەی ئەو زێڕە دەكا كە نەقیمەی شینی تێدایە و دەزگیرانەكەی پێی جوان بووە. بەڵام پیرەپیاوی زێڕینگەر كە یەكێك لە نوێنەرانی ھەرە بەرجەستەی ئەو كۆمەڵگایەیە (زێڕینگەری!) ڕازی نابێ تەنانەت پارچە زێڕێكی بچووكیش لە ماڵەكەی كەم بێتەوەو ھەر بۆیە دەبێتە ھێمای ھەموو ئەو كۆمڵگا و ھەموو ئەو مڕۆڤانەی دەبێ تۆڵەیان لێ بستێنرێتەوەو وەڵامی ھەموو ئەو نایەكسانی چەوسانەوەیە بدەنەوە. 
فیلمی زێڕی سوور لە بواری تەكنیكیشەوە لە ئاستێكی زۆر بەرز دایەو من بەش بە حاڵی خۆم لە سینەمای ئێران دا، زۆر بە دەگمەن دیمەنی ھێندە ڕووت و ڕاست و باوەڕ پێكراوم لە شەقام و گەڕەكەكانی تاران بینیوە. پەنھای بە پێچەوانەی كارەكانی پێشووی خۆی ئەمجارە سنوورەكانی دروشم دانەوەی بەزاندووەو بێ گومان زێڕی سوور یەكێك لەو بەرھەمانەیەتی كە تێیدا بینەر زیاتر ھەست بە ئازادی دەكات و لە ھیچ شتێكی ئەو فیلمە نامۆ نیە. جا تاقمێك خۆیان لە جێی زێڕینگەر و فەرماندەكە دادەنێن و تاقمێكی تر لە جێی حوسێن و ھاوڕێكانی. ھەڵبەت ئەگەر تاقمی یەكەم لە بەر پارە كۆ كردنەوە دەرفەتی دیتنی ئەو فیلمەیان ھەبێ.
زێڕی سوور كە پێشتر ناوی "زێڕ" بووە پاش میزەڵانی سپی، ئاوێنە و بازنە چوارم فیلمی بڵندی جەعفەر پەناھیە كە لە فێستیڤاڵی نێو نەتەوەیی شیكاگۆ خەڵاتی باشترین فیلمی پێ درا.



1 ڕوانگە:

ناشناس گفت...

سپاس ده‌ستت خۆشبێت مامۆستا
فوئاد

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts