۵/۰۱/۱۳۸۹

مەرگ و خاتوون

ناوی فیلم: مەرگ و خاتوون (Death and the maiden)
ناوی دەرھێنەر: ڕۆمەن پۆڵانسكی (Roman Polanski)
نووسەر: بە پێی شانۆنامەیەكی ئاریەڵ دۆرفمەن
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: 23 دێسامبری ساڵی 1994 - ئەمریكا

---------------

 ئەو فیلمە بە پێی شانۆنامەیەكی نووسەرێكی خەڵكی شیلی بە ناوی ئاریەل دۆرفمەن ساز كراوەو وەك لە سەرەتای فیلمەكەدا دەنووسرێ ئەو ڕووداوە لە وڵاتێكی نادیاری ئەمریكای لاتین دەقەمێ كە دیكتاتۆری پێشوو لە ناو چووە و ڕژیمێكی نوێ ھاتۆتە سەر كار.
ھەر لە سەرەتای فیلمەكە لە گەڵ كاراكتێری سەیر و سەمەڕەی ژنێك ڕووبەڕوو دەبینەوە كە ھەموو كردەوەكانی نیشاندەری ئەو ڕاستیەن كە كێشەیەكی ھەیە. "بولینا" ھاوڕێ لە گەڵ ھاوسەرەكەی (جێڕاردۆ) لە كۆنسێرتێكی مۆسیقا دانیشتوون. بولینا دەستی ھاوسەرەكی گرتووەو بە توندی ڕێكی دەكوشێ. پارچە مۆسیقایەك بە ناوی "مەرگ و خاتوون" بەرھەمی ھونەرمەند فرانسیس شۆبێرت لە لایەن چوار مۆسیقا ژەن دەژەنرێ. لە سێكانسەكانی دوایی دا دوای ئەوەی كە شەوێكی تاریك و دەریایەكی تۆفانی و ماڵێكی دوورەدەست و تەریك دەبینین كە تێیدا بولینا خواردنی ساز كردووە. بەڵام سەیرە كە لە سەر مێزی خواردن دانانیشی، خواردنەكەی دەباتە ناو ژوورێكی تەنگ و تاریك و لە ژێر تیشكی چرایەكی بچووك دەست بە خواردن دەكا. لە پڕ دەنگی ترۆمبیلێك دەبیسێ. بێ ھیچ ھۆكارێك دەترسێ، ھەموو مۆم و چراكانی ماڵەوە دەكوژێنێتەوە، دەمانچەیەك ھەڵدەگرێ و دەرگاكە قفڵ دەكا. پاشان بۆی دەردەكەوێ كە ھاوسەرەكەی لە ڕێگا ترۆمبیلەكەی خراپ بووە و كەسێك یارمەتی داوەو گەیاندوویەتەوە بۆ ماڵەكەی. لە میانەی دیاڵۆگی ئەو پیاوە لە گەڵ جیراردۆ بۆمان دەردەكەوێ كە جیراردۆ پارێزەرێكی بەناوبانگە كە بە تازەیی لە لایەن سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كراوە بە بەرپرسی لێكۆڵینەوە لە سەر جینایەتەكانی ڕژیمی دیكتاتۆری پێشوو. 
پاشان دیالۆگێك لە نێوان بولینا و ھاوسەرەكەی ڕوو دەدات كە ڕوونی دەكاتەوە بولینا لە ڕژیمی پێشوودا زیندانیەكی سیاسی بووە. دیالۆگەكانی ئەو دوو كەسە، ھەل و مەرجی ئێستای ژیانیان و كەسایەتی و بەشێكی زۆر لە ھەموو لاینە فكریەكانیان بۆ بینەر ڕوون دەكاتەوە. پاش كێشمەكێشێك ئاشت دەبنەوەو جیراردۆ خەوی لێ دەكەوێ. لە پڕ دەنگی ترۆمبیلێكی تر دێ كە جارێكی تر بولینا بە ترسەوە دەمانچەكەی ھەڵ دەگرێ و بە شڵەژاوی خۆی لە بەر دەرگا حەشار دەدا. جیراردۆ وە ئاگا دێ و دەردەكەوێ كە ھەر ئەو كەسەی یارمەتی داوە لە بیری چووە تەگەری ترۆمبیلەكەی بداتەوەو ھەر بەو شەوە بۆی گەڕاندۆتەوە. ئەم جارە جێراردۆ ئەو كابرایە كە ناوی دوكتور "رۆبێرتۆ میراندا"یە دێنێتە ژوورەوە. ئەو كاتەی كە ئەو دوو كەسە لە بەر دەرگای ماڵەكە خەریكن قسان دەكەن، ڕوخساری میراندە دەبینین كە زۆر شڵەژاو و ترساو پاڵە بە دیوارێكەوە داوەو ھەناسە بڕكەیەتی. وەك بڵەی بیرەوەریەكی زۆر ترسناكە بە بیر ھاتبێتەوە یان خود تووشی كێشەیەك بووە. بەڵام بینەر پێی سەیر نابێ، لە بەر ئەوەی كە ھەر لە سەرەتاوە لە گەڵ كاراكێرێكی سەیر و سەمەرە ڕووبەڕووین، كاراكتێرك كە دەزانین كێشەیەكی ھەیە و ئیتر بۆمان ڕوون بۆتەوە كە ئەو كێشەیە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ھەل و مەرجی ژیانی پێشووی و زیندان و شكەنجەوە ھەیە.
 بولینا شێتانە ھەموو پارەكانی ناو ماڵ و پارەی گیرفانی مێردەكەی ھەڵ دەگرێ و لە پەنجەرەكەوە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە. بە دزیەوە ترۆمبیلی دوكتور میراندا ھەڵ دەگرێ و ھەڵ دێ. لێرەدا بە ڕای من یەكێك لە گرینگ ترین سێكانسەكانی ئەو فیلمە دەخوڵقێ. سێكانسێك كە ھیچ یەك لە ڕەخنەگران بە وردیەوە باسیان لێ نەكردووە. دوكتور و جێراردۆ بە یەكەوە دەست بە خواردنەوە دەكەن. جێراردۆ باس لە فرۆید دەكا و دوكتوریش لە قسەكانی دا فەكت لە نیچە دێنێتەوە. باسی ژنەكانیان دەكەن. دوكتور لە سەر ئەو بڕوایەیە كە ھاوسەرەكەی دێتەوە و نابێ نیگەران بێ. لە شوێنێك دا گاڵتەی پێ دەكا كە ئەو ئەویندارە و ئەو شتانەی سەبارەت بە ژنان دەیڵێت تەنیا قسەیە و ھیچی تر. من ھەست دەكەم پۆڵانسكی لەم سێكانسەدا دەیھەوێ زۆر شت باس بكا، تۆ بڵەی دوو پیاو تەنیا لە بەر ئەوەی كە ڕەگەزیان یەكە ھێند سادە و ساكار لە یەكدی نیزیك بنەوە یان ئەوەی كە ھێند ھۆكاری زۆر گرینگ تریش لە گۆڕێ دان؟!
بولینا لە ڕێگەدا پەشیمان دەبێتەوە. ترۆمبیلەكەی دوكتور لە سەر ھەڵدێرێكەوە دەخاتە ناو دەریا و دەگەڕێتەوە. بولینا ڕوو دەكاتە دوكتور، لە كاتێك دا كە دوكتور لە خەو دایە لێی نزیك دەبێتەوە، بۆنی پێوە دەكات و لە خەو ھەڵی دەستێنێ، ھەر كە وە ئاگا دێ، مەودای پێ نادا و لێی دەدا. بێ ھۆشی دەكا و لە كورسیەكی دەبەستێتەوە. لە دیالۆگەكانیان لە گەڵ دوكتور وا دەردەكەوێ كە بولینا گەرەكێتی تۆڵە لە دوكتور بستێنێتەوە. دوكتور تا ئەو ساتە بۆ ئێمە پیاوێكی سادە و گەمژە و گێلە كە سەبارەت بەو شتانەی كە بولینا بۆی باس دەكات ھیچ شتێك نازانێ. جێراردۆ بە خەبەر دێ. كە ئەو دیمەنانە دەبینێ سەری سووڕ دەمێنێ. بولینا پێی دەڵێ كە ئەو بۆ خۆیەتی. كێیە؟ دوكتور. ھەر ئەوەی كە منی شكەنجە كرد. ھەر ئەوەی كە دەست درێژی پێ كردم. ھەر ئەوەی كە... . بەڵام جێراردۆ كە پارێزەرێكە و ئەمە قەبووڵ ناكا. پێی دەڵی كە بە بێ ھیچ بەڵگەیەكەوە ناتوانی ئەو كارە بكەی. بەڵام بولینا دەڵێ من بە بۆن و پێكەنین و قسە كردنەكانی دەزانم كە ئەوە. تەنانەت بەو نەوارەی كە لە ترۆمبیلەكەی دایە، بە مۆسیقای "مەرگ و خاتوون" كە لە كاتی ئەشكەنجەكانی دا گوێی لێ دەگرت. جێراردۆ پێی دەڵێ تۆ شێت بووی و تەنانەت ھەوڵی یارمەتی دانیش دەدا بە دوكتور. بەڵام سەر ناكەون.
لە دیالۆگێكی ترلە نێوان بولینا و جێڕاردۆ، بولینا ھەندێك لە بیرەوەریەكانی ناو زیندانی بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو بیرەوەریانەی قەت باسی نەكردوون و لە ھەموو كەسی شاردوونەوە. جێڕاردۆ بە بیستنی ئەو بیرەوەریانە تێك دەچێ، دەپەشۆكێ. ھەر چەند دوكتور ئامادە نیە ھیچ یەك لەو شتانە قەبووڵ بكات كە بولینا باسیان دەكا، بەڵام بە تۆبزی ناچاری دەكەن ھەموو شتێك بنووسێ و لە بەرامبەر كامێرا دا ھەموو شتێك بڵێ. دوكتور بەردەوام خۆی وەك كەسێكی گەمژە نیشان دەدا كە بینەر لە بەر ئەوە ھەر لە دوو دڵی دایە گەلۆ ئەو ڕاست دەكات یان بولینای ئازار كێشاو و شكەنجە دیتوو.
بولینا دوكتور وە پێش خۆی دەدا و دەیھەوێ بیبا بۆ ئەو شوێنەی ترۆمبیلەكەی لە دەریا ھاویشتووە و ھەر لە وێ ئەویش لە دەریا باوێ. لە دەرفەتێك دا دوكتور ھێرش دەبا بۆ بولینا و دەمانچەكەی لێ دەستێنێ. بەڵام لە ناكاو كارەبا كە بە ھۆی بارانی شەوی پێش پچڕابوو، دێتەوەو ھەر لەو بەینەدا بولینا بە یارمەتی ھاەسەرەكەی جارێكی تر دوكتور دەست بە سەر دەكەن و بولینا بەرەو شوێنی لە ناو بردنی ترۆمبیلەكە بە ڕێ دەكەوێ. لە وێ، لە نێوان ئەو دیالۆگانەی كە لە بەینێ بولینا و دوكتور ڕوو دەدا، لە ئەنجامی ھەڵەیەكدا دوكتور دەكەوێتە سەر تەڵەو جێڕاردۆ بۆی دەردەكەوێ كە تەواوی ئەو شتانەی بولینا باسیان دەكا ڕاستە و دوكتور ھەر ئەو كەسەیە كە لە زیندان دا بولینای شكەنجە داوەو دەست درێژی كردۆتە سەر. جێڕاردۆ ھێرشی دەكاتە سەر، بەڵام ناتوانێ ھیچی لێ بكا. بە بولینا دەڵێ:"ناتوانم، ناتوانم بیكۆژم." جێڕاردۆ دەكەوێتە سەر عەرزەكەو دەگری. بولینا دەڕوا دەستە بەسراوەكانی دوكتور دەكاتەوەو ھەر دووكیان بەرەو ماڵ دەگەڕێنەوە. كامێرا جارێكی تر شەپۆلەكان نیشان دەدا كە دەخرۆشێنن. 
لە دوایین سێكانس دا جارێكی تر ئەو كۆنسێرتە دەینین كە پارچە مۆسیقای "مەرگ و خاتوون"ی تێدا دەژەنرێ. ئەو جارەیان دوكتور ھاوكات لە گەڵ بنەماڵەكەی لە نھۆمی سەرەوەی ھۆڵەكە دانیشتووە و نیگایان لە گوڵ بولینا كە لە نھۆمی ژێرەوەیە قەتیس دەمێنێ. 
بێ گومان ئەو فیلمە ئەوەندەی كە باس لە نھێنیەكانی ھەست و ڕوح و ڕەوانی ژنێك دەكا كە دەست درێژی كراوەتە سەر و زیندان و شكەنجەیە دیوە و ڕەنگە لە سات بە ساتی ژیانی دا لە گەڵ ئەو بۆن و دەنگ و ئازارانەدا بژی كە پێشتر ڕووبەڕوویان بۆتەوە، ھێندەش باسی بەخشین و لێبوردن. ھەر چەند ڕەنگە لێ بوردنێكی ئاوا، زۆر تاڵتر بێت لە كوشتن بەڵام ئەو ڕۆحەی كە دەتوانی دوای ئەو ھەموو تاوانە ببوورێنێ، دەبێ ڕۆحێكی گەورە بێت. ڕەنگە ئەگەر تاوانباران دوای دەیان بەخشینی ئاوا بگەڕێنەوە بۆ ئەو ھەل و مەرجەی كە تاوانیان تێدا كردووە، دیسان تووشی ھەمان تاوان و جینایەت بنەوە، بەڵام ئەوانەی وا بەردەوام لە ژێر ستەم دا بوون و لە ژێر شكەنجە و دەست درێژی ڕەنگە قەت نەتوانن تەنانەت ڕێگە لە بەرامبەر مەرگێكی سادە كە تۆڵەی تێدایە بكەنەوە. پۆڵانسكی وەكوو زۆربەی تری فیلمەكانی، لەو فیلمەش دا وەك مامۆستایەكی زۆر بە ھێز كە دەزانێ لە فیلمەكانی دا ھەوو شتێك لە شوێنی خۆی دابنێ، ھەموو شتێكی لە شوێنی خۆی داناوە. لە ھەڵبژاردنی كاراكتێرەكان، بە تایبەت بێن كینگزلی (دوكتور) ھێندە بە وردە كاریەوە جووڵاوەتەوە كە بینەر لە گەڵ یەك یەكی كەسایەتیەكان دا ھەست بە ئازار و نەفرەت و قین دەكا. پۆڵانسكی بە كێشانەوەی ئەو بازنەیە، واتا تەواو بوونی فیلمەكە ڕاست لەو شوێنەی كە دەست پێ دەكا ڕەنگە بیھەێ پێمان بڵێ بازنە ھەر لەو شوێنەدا تەواو دەبێ كە دەست پێ دەكا. ڕەنگە پێمان بڵێ بە گۆڕینی ھەل و مەرجی سیاسی ڕژیمەكان و گۆڕان، كۆمەڵگا دەبێتە شوێنێك كە ھەموو بە یەكەوە تێیدا دەژین. تاوانبار و بێ تاوان. ئەشكەنجەكەر و ستەم لێكراو زاڵم. ھەموو كەس. بە یەكەوە دەخۆن، بە یەكەوە دەنوون، بە یەكەوە دەڕۆن گوێ لە مۆسیقا بگرن، بە یەكەوە سەیری فیلم دەكەن و ... . ڕەنگە ھەموو ئەو ڕووداوانەی ناو ئەو فیلمە خەیاڵێك بن كە بولیناكان دەیكەنەوە، خەیاڵێك كە ئەگەر بێت و دەرفەتی وە دی ھاتنیشی بێ دیسان ئەوە قەت ناتوانن وەك تاوان باران بن و كەسێك یان كەسانێك شكەنجە بدەن یان بكۆژن.


2 ڕوانگە:

انجمن ادبي مهاباد گفت...

بانگه‌وازی سمینارێک له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی مریه‌م قازی

ناشناس گفت...

salam havre.boro la sar weblogakam bochon bda khoshhal dabm
www.3canc.persianblog.ir

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts