۴/۲۹/۱۳۸۹

مەخمەری شین

ناوی فیلم: مەخمەری شین
دەرھێنەر: دێوید لینچ (David Lynch)
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: 19ی سێپتامبێری 1986

---------------

ڕەنگە بە ھەڵە نەچووبین ئەگەر بڵێین دێوید لینچ یەكێك لە بەھێزترینی ئەو دەرھێنەرانەیە كە توانیوێتی ڕوانگە دەروون ناسیەكانی زیگمۆند فرۆید بە باشترین شێوە لە چوارچێوەی فیلمەكانی دا حەشار بدات. ئەو كێشانەی وا چ بە ئاشكرا و چ بە شاراوە ھەموو كۆمەڵگاكان لە گەڵی ڕووبەڕوون و تاك تێیدا دەتڵێتەوە.
مەخمەری شین ھەر چەند وەك كارەكانی تری دێوین لینچ زۆر بە پێچ و پەنا و خاوەن زۆر خاڵی شاراوە و ھێمای جۆر بە جۆر نیە و سەرەڕای ھەبوونی ھەندێ گرێی سەرەكی و لە ھەمان كات دا ساكارە بەڵام، بۆ ئەو دەرھێنەرە سەرەتایەكی زۆر گرینگە كە دوا بە دوای ئەو فیلمە توانیوێتی بەرھەمی تری وەك "بلواری ماڵھاڵێند" و "شەقامی ون بوو" بخوڵقێنێ. ئەو فیلمە ھەر چەند چورچێوەیەكی بە تەواوی رێئاڵی ھەیە بەڵام بە پەل كێش كردنی بۆ ھەندێ شوێن و كێشەی سێكس و دەروون ناسی "ضمیر ناخودآگاه" ڕەھەندێكی سووڕێئاڵیش لە خۆوە دەگرێ و ئەوەش یەكێك لەو تایبەتمەندیانەیە كە ئەگەر نەتوانین بڵێین جیاوازیەكەی زۆری لە بەرھەمەكانی تری ئەو دەرھێنەرەش ھەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین لەو بەرھەمەی دا ھێشتا بە تەواوی ڕێگەی سووڕێئاڵسمی ڕاستەقینەیە نەگرتۆتە بەر.
ئەو فیلمە بە شێوازێك ڕوخساری ڕاستەقینە و شاراوەی كۆمەڵگای ئەمریكای ئەو كات و _ئێستاش _ نیشان دەدات و بەو وردە كاریانەی كە لینچ كایەی پێ كردوون بە باشی ڕوونی دكاتەوە كە تەواوی ناشیرینیەكانی كۆمەڵگای ئەمریكا لە ژێر ئەو دیمەنە دەست كردانە دا حەشار دراوە كە مرۆڤەكان سازیان كردووە. فیلمەكە زۆر بە وردی ڕەخنەیەكی قووڵی كۆمەڵناسانەیە و بە جۆرێك چیرۆكی تاقمێكی زۆرە لەو كەسانەی كە كۆمەڵگا بەرەو تێك چوونێكی لە ناكاو بەڵام بەردەوام دەبەن. چیرۆكی سادیسم و مازۆخیسمێكی سەیر و سەمەڕ كە كار دەكاتە سەر ھەموو حوجرەكانی مرۆڤ و مناڵیەكەی بەم ڕۆوە و بە داھاتوویەكی گرێ دەدا. چیرۆكی سێكس و توند و تیژی و كوشتار، چیرۆكێك كە ڕەنگە پیتی یەكەمە لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی دا شاراوە بێت و ھەر چاخێك لە مێژوو بە جۆرێك بە خۆیەوە ببینێ. 
 یەكێك لە سەرەكیترین خاڵە لاوازەكانی ئەو فیلمە، بە پێچەوانەی ڕوانگەكانی لینچ بۆ خۆی كە دەرھێنەرێكی سەربەخۆیە و بەردەوام لە ریزی گەورەترین دەرھێنەرەكانی سینەمای سەربەخۆی ئەمریكا دا ناوی ھاتووە، ئەوەیە كە زۆر گەشبینانە سەیری ئەو كۆمەڵگایە دەكات كە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە تێك چوون نیزیك دەبێتەوە و بەردەوام لە شڵەژان دایە. فیلمەكە بە سێكانسێك دەست پێ دەكات كە ئاسمانێكی شین و جوان و دڵگرمان نیشان دەدا، كامێرا دەجووڵێ و دێتە ناو چیمەنێكی سەر سەوز، لە ناو ئەو ھەموو جوانیەدا، دەبینین كە لە ناو چیمەنەكە پڕە لە دەعبا و حەشەرەی پیس و دزێو. ئەوە بێ گومان ھێمای ڕەھەندە شاراوەكانی كۆمەڵگای ئەمریكایە، بەڵام فیلم ھەر بەو سێكانسەوە تەواو دەبێ كە دەستی پێ كردووە، ئەو جار ئیتر ھیچ نیشانەیەك لەو ھەموو دزێویە نامێنێتەوە. ڕەنگە ھەر ئەو خاڵە بێ كە من ھان دەدا ڕوو بكەمە ئەو ڕوانگەیە كە لینچ لەو فیلمەی دا لە ژێر كاریگەری ڕوانگەی كلاسیك و ھەمیشەیی ھالیوود، واتە شەڕی خێر و شەڕ و لە ئاكام دا سەركەوتنی خێر و خۆش بوونی ژیان و ئەو جۆرە ھەڵوەستانەیە.
ئەوە لە لایكەوە، ھەندێ ھێمای سەرەكی تر وەك بەكار ھێنانی ڕەنگی سوور كە ھێمای غەریزە و سێكسە ھێندە مامۆستایانە كەڵكی لێ وەرگیراوە كە بینەرێك تەنانەت بە بێ ھەبوونی زانیاری سەبارەت بەو بابەتە ھەست بەوە دەكات كە بڕیارە لەو شوێنە كە ڕەنگی سوور بە كار ھێنراوە، شتێك بقەومێ. ناوی خودی فیلمەكەو بە كار ھینانی مەخمەری شین بۆ جلی "درۆتی" (ئیزابێلا رۆسۆلینی) خالێكی سەرەكی ترە لە كەڵك وەرگرتنی دەروون ناسانە لە ڕەنگەكان.
بێ گومان باس كردن لە كارەكانی لینچ ھێندە ساكار نیە و پێویستی بە كارێكی زۆر بەرفراوان ھەیە. لینچ لە ئاستێك دایە كە ئیسلاوی ژیژك تەنیا لە سەر یەكێك لە فیلمەكانی بە ناوی شەقامی ون بوو كە لە سەرەتاش دا باسمان كرد كتێبێكی نووسیوەو زۆر بە بەربڵاوی فیلمەكەی شی كردۆتەوە. دیارە ئەو فیلمەش وەك باس كرا ھەڵگری باس و تێڕامانێكی زۆر زۆر بەرفراوەنەو ھەر لە بەر ئەو فیلمەشی لە ساڵی 1987 بووە بە كاندیدای خەڵاتی ئۆسكار و ھاوكات سێ جاری دیكەش بووە بە كاندیدی ئەو خەڵاتە كە سەرەڕای ئەمە قەت ئەو خەڵاتەی بە دەست نەھێناوە. ھەڵبەت ھاوڕێ لە گەڵ ئەوە لینچ خەڵاتێی شێری ئاڵتوونی فێستیڤاڵی كەن بۆ فیلمی  وەحشی، لە قووڵایی دڵەوە وەرگرتووە. لینچ و بەرھەمەكانی ھێندە سەرەنج ڕاكێش و بەربڵاون كە لە بابەتێكی بەم شێوە كورت و بەپەلە قەت ناناسرێن و پێویستیان بە كاتێكی زیاتر و كەسێكی وەك ژیژك ھەیە كە توانای ڕوون كردنەوەی ھەموو لایەنی كاراكتێرەكانی نا فیلمەكانی شی بكاتەوە.
نازانم بۆ بە دڵم دا نایە چیرۆكی فیلمەكە بگێڕمەوە. ڕەنگە ھەر ئەوەش ببێتە ھۆی ئەوەی كە ھەندێ كەس مەراقێكی زیاتریان ھەبێت بۆ بە دەست ھێنان و دیتنی ئەو فیلمە. ھەر بۆیە وەك یەكەم فیلم كە لەو وێبلاگە دا باسی دكەم، چیرۆكەكەی بە نھێنی دەھێڵمەوە بۆ ئەو كەسانەی كە مەراقی دیتنی ئەو فیلمەیان ھەیە.


0 ڕوانگە:

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts