۴/۲۸/۱۳۸۹

پوورە زارا!

منیش وەك لە سەدا ھەشتای خەڵكی كوردستان پوورێكم ھەیە بە ناوی زارا. نیزیك بە نیو سەدە لەوە پێش لە شەوێكی ساردی زستانێكی سەخڵەتی، باپیرم و خاڵی بابم (ژن براكەی) بڕیار دەدەن كە پێوەندی بنەماڵەكەیان پتەوتر بكەن و پوورم بۆ بابم بە ژن بچێ و شوو بكات بە كوڕی خاڵی خۆی تا لە بەرامبەر ئەمە بابم لە گەڵ كچی خاڵی زەماوەند بكا. نە پوورم ناڕازی دەبێ بەو زەماوەندە نە بابم و نە كوڕی خاڵی بابم، بەڵام لەو بەینەدا كچی خاڵی بابم دڵی لە جێگەیەكی ترەو ڕاست شەوێك بەر لەوەی زەماوەندەكان ساز بن، لە گەڵ عەجەمێكی بەژن و باڵا كورتی خەڵكی شاری قەزوێن كە ئێستا لە تایفەدا بە میرزا برایم ناوی دەر كردووە، ھەڵ دێ و بەم شێوەیە ژیانی پوورم گۆڕانێكی گەورەی بە سەر دێ و چارەنووسی وەردەسووڕێ.
 ئەگەر ئاوا نەبوایە ئەوا ئێستا پوورم خێزانی یەكێك لە دەوڵەمەندترین پیاو ماقوڵانی! مەھاباد دەبوو و بۆ خۆی كەیخودای ماڵی خۆی بوو. بەڵام ئەو ڕووداوە ھەموو شتێكی لە پوورم شێواند. پوورم بە ناچار شوو دەكات بە پیاوێكی بە تەمەن تر لە خۆی كە ئەویش ناوی برایمە و لە تایفەدا بە برایم چاوسوور ناسراوە، لانی كەم لە ماڵی ئێمە وایە. وا بزانم ئەو پاشناوە خۆشە لە لایەن نەنكم بە بەری بڕاوە. بۆ ناساندنی برایم چاوسوور ھەر ئەوەندە بەس كە بابم دەیگێڕایەوە:"ساڵێكی بە زستان برایمی سەیزادەی (سەیزادە یەكێكی تر لە پاشناوەكانی برایم چاو سوور بووە) بوو بە میر. من و تاقمێكی زۆر لە لاوانی دێ شەش مانگی ڕەبەق نەمانتوانی ئەو پیاوە وە پێكەنین خەین. لە ئاكامی یاریەكەدا برایم چاوسوور پێنەكەنی و سێ دەستی كەوا و پاتۆڵ لێ بردینەوە."*
من بۆ خۆم لەوەتەی ھەم پێكەنینی ئەو كابرایەم نەبینیوە، تەنیا جارێك نەبێ كە شەوێك لە ماڵی ئەوان نووستم و ئەو پیاوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لای باش و خراپ و كەس و ناكەس دەیگێڕاوە كە بە شەو لە خەودا ناوی كچێكم ھێناوەو لە بەر ئەوەش لە كوێ دیتبامی گاڵتەی پێ دەكردم و ئەو ڕووداوەی دەگێڕاوە كە بەردەوام دەبوو بە ھۆی شەرمی منی مناڵی تەمەن دوازدە ساڵان. پوورم بۆ خۆی بە مێردەكەی دەگوت "یەزید"، ھەڵبەت بە دزی و لە بن لێوی دا. قەت نایەتە بیرم دیتبێتم یان خۆ بیستبم كە برایم چاوسوور بە درێژایی زیاتر لە پەنجا ساڵ ژیانی ھاوبەشی لە گەڵ پوورم پێكەنیبێ یان بە یەكەوە گاڵتەیان كردبێ یان خودا نەخۆاستە دەست بازی و شتی وایان كردبێ و لەو قسانە.
پوورە زارا كە ئێستا تەنیا كەمتر لە 60 ساڵی تەمەنە لە نەخۆشخانەیە و ھەر ئەوڕۆ و سبەی لێدەكرێ كە بمرێ. سەرەكیترین نەخۆشیەكانی ئەمانەن:"نەخۆشی دڵ كە بە ھۆی تەنگ بوونەوەی یەكێك لە دەمارەكانی ژیانی لە مەترسی ھاویشتووە. نەخۆشوی شەكر كە دوایین جار ھێرشی بۆ گورچیلەكانی ھێناو ئەگەری ئەوەی ھەیە كە گورچیلەكانی لە دەست بدا یان چاوی كوێر بێ. تەنگی ھەناسە (ئاسم)، گواتر كە بە كوردی نازانم چی پێ دەڵێن. چەوری لە ڕادەبەدەر و دەیان نەخۆشی تر. نازانم نەخۆشیەكانی تر، بەڵام دڵنیام كە نەخۆشی دڵ و تەنگ بوونەوەی دەمارەكانی پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە تەمەنێك زووخاو ھەڵڕشتن و چەرمەسەریەكانیەوە ھەیە و وەك بۆ خۆی دەیگوت ئەگەر مردم سەراوبنم كن ھەر زووخاوی ڕەشم ڵێ دەڕژێ لە دەست ئەو ژیانەی كردوومە.
پوورە زارا لە تەمەنی 60 ساڵەی خۆی دا، نۆ كچ و كوڕێكی بووە كە لەوانە تەنیا حەوت كچ و ئەو كوڕە تاقانەی بۆ ماوە. كوڕەكەی ئەگەر داوای ئەڵماسی كێوی نووری لە دایكی كردبا بۆی پەیدا دەكرد. تەنانەت لە ناو خزم و كەس دا دەیانگێڕاوە كە پوورە زارا گوارەی گوێی خۆی فرۆشتووە بۆ ئەوەی كەوا و پاتۆڵی خاكی! بۆ كوڕەكەی بكرێ. بەڵام كوڕەكەشی ھەر كۆڕی بابی خۆی بوو و لە تەمەنی 19 ساڵی دا بە دوای ڕێ و شوێنی باوكی دا لێدانێكی باشی لە دایكی دابوو. لەوەتەی من بە بیرم دێ كوڕەكەی مەگەر بە زەبری زۆری و لە ڕووی ناچاری دەنا قەت دایكی نەدواندووە. ئێستاش كە پێویستی بە نەشتەری دڵ ھەیە، ئەوە سێ ساڵە چاوەڕوانە و ھێشتا نۆبەی نەگەیشتووە!
پوورە زارا شێرە ژنی دێھاتەكەی خۆیان بوو. ئەو مارانەی ئەو لەو سەردەمەی تەنیا كیژێكی باڵابەرز و چاو ڕەش بووە، گرتوونی و گەورە كوڕانی گوندی پێ ڕاو ناون، لە سەر زمانی ھەموو ئەو كەسانەن وا دەیناسن و بە گەنجی دیتوویانە. دەگێڕنەوە كە دایكم لە تەمەنی 14 ساڵی، وەك كیژێكی دێھات نەدیوی و جوان و سپیلكە شوو بە بابم دەكا، ژنانی دێ گاڵتەی پێ دەكەن و باسی دەكەن. ڕۆژێك كە یەكێك لەو ژنانە خەریكە لە سەر كانی باسی دایكم دەكا، پوورە زارا گوێی لێ دەبێ، بێ یەك و دوو پرچی دەگرێ و بە پرچان تا سەر گۆلەكەی دێ ڕایدەكێشێ و ھەر چەندی گوو دەرخواردی ژنە دەدا و ژنە دەپاڕێتەوە و دەلاڵێتەوە، ھەر دەڵێ لە گۆڵێت داوێم و دەت خینكێنم، لە ئاكام دا بە تكای كەیخودا و مەلای دێی واز لەو كارە دێنێ و ئەوە ئاخرین جارێك دەبێ كە كەسێك دەوێرێ باسی دایكم بكا یان گاڵتەی پێ بكا.
من لە تەمەنی ھەرزەكاریم دا یەكێك لە گەورەترین شانازیەكانی پوورە زارا بووم. كە دەڕۆیشتم بۆ دێھاتەكەیان لە گەڵ خۆی دەیبردم بۆ سەر كانی و نیشانی تەك تەكی كچانی دێی دەدام و ئەمنیش ھەموو جارێ لە شەرمان عارەقەم دەكرد و سەرم دادەخست تا ئەو قسەكانی تەواو دەبوو و باسەكەیان دەگۆڕا.
بەڵام ئێستا لە تەواوی ئەو ھەرا ھەرا و لاوێتی، لە بوێری و شێرژن بوون و نەكبەتی ژیانێكی كورت بەڵام لێوڕێژ لە داخ و كەسەر، تەنیا ھەناسەیەكی بە تۆبزی و كۆڵێك دەرد و میحنەت و نەخۆشی و چەند جووت چاوی بێ ویزدان كە چاوەڕوانی مەرگێكی بە پەلەی بۆ دەكەن، ماون و ھیچی تر. دڵ پڕیەكەم تەنیا ھی ئەوەیە كە لە گەل ڕۆیشتنی پوورە زارا بەشێكی زۆر لە بیرەوەریەكانی مناڵیم دەڕۆنە ژێر گڵ و دەمرن. ئەو خەمە، لەو دووری و غوربەتەی بە سەرمان دا سەپاوە ھێندەی تر خەمین تر دەبێ و داخی ئەو ژیانەی وا بە سادە و ساكار تەواو دەبێ و بۆ ھەمیشە لە بیر دەچێتەوە، بە بێ ئەوەی ھیچ نووسەر یان دەرھێنەرێك لە شوێنێكی ئەم جیھانە بێ دەر و پەیكەرەدا بیبیسێ یان ھەستی پێ بكات بۆ ھەمیشە لە سەر دڵم دەمێنێتەوە. ڕەنگە ئەوە چارەنووسی كوردستان و ھەموو ئەو بنەماڵانە بێت كە مەحكوومن بە سەد ساڵ تەنیایی و "سەد ساڵ تەنیایی" كوردستان بۆ لە بیر چوونەوە بێت و ھیچی تر.


* میر میرێن كایەیەك بووە كە لە دێھاتەكان كراوە. لەو كایەدا كەسێك میرە و دەورووبەریەكانی كە دەوری نۆكەر و وەزیر و ... دەگێڕن ھەوڵ دەدەن بە پێكەنینی خەن، لە ئاكام دا ئەگەر میر پێ بكەنی ئەوە لێی دەدەن دەنا دەبێ داخوازی میر ھەرچی بێ بە جێی بێنن. 

6 ڕوانگە:

ناشناس گفت...

ئاخ ده‌ستی شێکاوم بۆ پوره‌ زارا. به‌ راستی که‌ ژیانێکی په‌ر له‌ ناخۆشی تێپر کێردوه‌ هیــوا دارێم به‌ زووترین کات له‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌جاتی بێت.
سپاس بۆ تویش
فوئاد

انور حسن پور گفت...

یانی مەبەستت ئەوەیە كە بمرێ؟ یان چاك بێتەوە و درێژە بەو ژیانە نەكبەتیە بدات؟

ناشناس گفت...

پێم وابێت مه‌ردێم له‌ لای ئه‌و خۆشتر له‌و ژیانیه‌..
فوئاد

ناشناس گفت...

ئەڵڵا کە جوانت نووسیوە.. دەست خۆش و پیرۆز بێ.. دە سەد ساڵ تەنیاییش ھەر ئەوەیە ئیدی.. بەڵام ئەمن پوورە زارام نەبوو، پوورە زبێد و پورە زێنەب و ئەوانەم ھەبوو، حەلە؟
سەردار

ناشناس گفت...

قالبی وێبلاگەکەشتم بە دڵە...
س

مەسعوود گفت...

لە نۆزدەیی مانگەوە، خەریکە دڵم دەتۆقی تا ئەم داستانەیی پوورە زارا بخوێنمەوە/ لەسەر کامپیوتەری دۆستان دیتم، بەڵام وا فایدەیی نەدەبوو تا بە تەنیا و لە ماڵی خۆم نەمخوێندباوە، ئاخر لە دوورەوە پوورە زارا دەناسم و جار و بار هەندیک لە نەکبەتیەکانیم لە خۆت بیستبوو، لە باسی سەرکانی و کایەیی میر میرێن و تەنانەت ژن بە ژنەکە و ...
بە هەر شێوە..
نووسیبووت "وەک سەتا هەشتایی خەڵکی کوردستان، پوورت ناوی زارایە... ڕاست دەکەی و گەلێک بەوە پێکەنیم، وەبیر بوونی نەنکی زۆربەیی کوردانی باشوور لە بەریتانیا کەوتمەوە. منیش پوورم و ئامۆزام و پووتێک پوورزا و خزم و بۆرە خزمم هەر زارایە و بە داخەوە ژیانی زۆربەشیان هەر وەک ژیان و بەسەرهاتی پوورە زارایە
...
ماڵپەرەکەشت پیرۆزە، لینکم کرد!

ارسال یک نظر

Newer Posts Older Posts