۵/۰۹/۱۳۸۹

زێڕی سوور


ناوی فیلم: زێری سوور (طلای سرخ/  crimson gold)
دەرھێنەر: جەعفەر پەناھی
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: ساڵی 2005 ساز كراوە بەڵام لە
بەر ئەوەی لە لایەن بەرپرسانی سینەمای ئێران وەك فیلمێكی
ڕەش بین ناوی لێ برا قەت لە ئێران ئێكران نەكرا.
-----------------------------

من دڵنیام ھەر مرۆڤێك لە ژیانی خۆی دا خاوەنی ھەندێك ساتی تایبەتە كە پێی خۆش بووە كەسێك بكۆژێ یان تا سەرە مەرگ لە كەسێك بدا. ڕەنگە زۆربەی ئەو چركە ساتانە ئەو كاتە سەر ھەڵبدەن كە كەسێك یان كەسانێك ئێمە بچووك بكەنەوە، بە كەممان بزانن یان ئەو كاتەی دەخوازین ببینرێین و نامان بینن و لەوەش زیاتر ڕێگە لە پێش ئەوە دەگرن كە بدیترێین. ئەو كاتەی كە ھەین بەڵام بە نەبوومان دادەنێن و تا ئەو جێگەیەی لە دەستیان بێ بچووك و بێ نرخمان دەكەنەوە. لەو چركە ساتانەدایە كە پێمان خۆشە تۆڵە بكەینەوە، پێمان خۆشە لە ھەر ڕێگەیەكەوە دەبێ با ببێ ھەبوونی بە واتای خۆمان بسەلمێنین و بۆ ئەوەش ئامادەین ھەموو كارێك بكەین. دەڵێن تەنیا ڕێگەیەك ھەیە كە ئەو مرۆڤانەی خۆیان دەكوژن لە خۆ كوشتن پەشیوان ببنەوە، ئەویش ئەوەیە كە ھۆكار یان ھۆكارەكانی خۆ كوشتنیان لە ناو بچێ. تۆ بڵەی ئەو ڕاستیە بۆ ئەو كەسانەی وا دەیان ھەوێ كەسێكیش بكوژن ھەر وەھا بێ؟! ئەگەر وابێ كە واتە ئەو كەسەی دەمان ھەوێ بیكۆژین یان خۆد بیرمان لە كوشتنی كردۆتەوە دەبێ لە ناو بچێ و بەس.

۵/۰۱/۱۳۸۹

مەرگ و خاتوون

ناوی فیلم: مەرگ و خاتوون (Death and the maiden)
ناوی دەرھێنەر: ڕۆمەن پۆڵانسكی (Roman Polanski)
نووسەر: بە پێی شانۆنامەیەكی ئاریەڵ دۆرفمەن
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: 23 دێسامبری ساڵی 1994 - ئەمریكا

---------------

 ئەو فیلمە بە پێی شانۆنامەیەكی نووسەرێكی خەڵكی شیلی بە ناوی ئاریەل دۆرفمەن ساز كراوەو وەك لە سەرەتای فیلمەكەدا دەنووسرێ ئەو ڕووداوە لە وڵاتێكی نادیاری ئەمریكای لاتین دەقەمێ كە دیكتاتۆری پێشوو لە ناو چووە و ڕژیمێكی نوێ ھاتۆتە سەر كار.
ھەر لە سەرەتای فیلمەكە لە گەڵ كاراكتێری سەیر و سەمەڕەی ژنێك ڕووبەڕوو دەبینەوە كە ھەموو كردەوەكانی نیشاندەری ئەو ڕاستیەن كە كێشەیەكی ھەیە. "بولینا" ھاوڕێ لە گەڵ ھاوسەرەكەی (جێڕاردۆ) لە كۆنسێرتێكی مۆسیقا دانیشتوون. بولینا دەستی ھاوسەرەكی گرتووەو بە توندی ڕێكی دەكوشێ. پارچە مۆسیقایەك بە ناوی "مەرگ و خاتوون" بەرھەمی ھونەرمەند فرانسیس شۆبێرت لە لایەن چوار مۆسیقا ژەن دەژەنرێ. لە سێكانسەكانی دوایی دا دوای ئەوەی كە شەوێكی تاریك و دەریایەكی تۆفانی و ماڵێكی دوورەدەست و تەریك دەبینین كە تێیدا بولینا خواردنی ساز كردووە. بەڵام سەیرە كە لە سەر مێزی خواردن دانانیشی، خواردنەكەی دەباتە ناو ژوورێكی تەنگ و تاریك و لە ژێر تیشكی چرایەكی بچووك دەست بە خواردن دەكا. لە پڕ دەنگی ترۆمبیلێك دەبیسێ. بێ ھیچ ھۆكارێك دەترسێ، ھەموو مۆم و چراكانی ماڵەوە دەكوژێنێتەوە، دەمانچەیەك ھەڵدەگرێ و دەرگاكە قفڵ دەكا. پاشان بۆی دەردەكەوێ كە ھاوسەرەكەی لە ڕێگا ترۆمبیلەكەی خراپ بووە و كەسێك یارمەتی داوەو گەیاندوویەتەوە بۆ ماڵەكەی. لە میانەی دیاڵۆگی ئەو پیاوە لە گەڵ جیراردۆ بۆمان دەردەكەوێ كە جیراردۆ پارێزەرێكی بەناوبانگە كە بە تازەیی لە لایەن سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كراوە بە بەرپرسی لێكۆڵینەوە لە سەر جینایەتەكانی ڕژیمی دیكتاتۆری پێشوو. 

۴/۲۹/۱۳۸۹

مەخمەری شین

ناوی فیلم: مەخمەری شین
دەرھێنەر: دێوید لینچ (David Lynch)
ڕێكەوتی بڵاو بوونەوە: 19ی سێپتامبێری 1986

---------------

ڕەنگە بە ھەڵە نەچووبین ئەگەر بڵێین دێوید لینچ یەكێك لە بەھێزترینی ئەو دەرھێنەرانەیە كە توانیوێتی ڕوانگە دەروون ناسیەكانی زیگمۆند فرۆید بە باشترین شێوە لە چوارچێوەی فیلمەكانی دا حەشار بدات. ئەو كێشانەی وا چ بە ئاشكرا و چ بە شاراوە ھەموو كۆمەڵگاكان لە گەڵی ڕووبەڕوون و تاك تێیدا دەتڵێتەوە.
مەخمەری شین ھەر چەند وەك كارەكانی تری دێوین لینچ زۆر بە پێچ و پەنا و خاوەن زۆر خاڵی شاراوە و ھێمای جۆر بە جۆر نیە و سەرەڕای ھەبوونی ھەندێ گرێی سەرەكی و لە ھەمان كات دا ساكارە بەڵام، بۆ ئەو دەرھێنەرە سەرەتایەكی زۆر گرینگە كە دوا بە دوای ئەو فیلمە توانیوێتی بەرھەمی تری وەك "بلواری ماڵھاڵێند" و "شەقامی ون بوو" بخوڵقێنێ. ئەو فیلمە ھەر چەند چورچێوەیەكی بە تەواوی رێئاڵی ھەیە بەڵام بە پەل كێش كردنی بۆ ھەندێ شوێن و كێشەی سێكس و دەروون ناسی "ضمیر ناخودآگاه" ڕەھەندێكی سووڕێئاڵیش لە خۆوە دەگرێ و ئەوەش یەكێك لەو تایبەتمەندیانەیە كە ئەگەر نەتوانین بڵێین جیاوازیەكەی زۆری لە بەرھەمەكانی تری ئەو دەرھێنەرەش ھەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین لەو بەرھەمەی دا ھێشتا بە تەواوی ڕێگەی سووڕێئاڵسمی ڕاستەقینەیە نەگرتۆتە بەر.

۴/۲۸/۱۳۸۹

پوورە زارا!

منیش وەك لە سەدا ھەشتای خەڵكی كوردستان پوورێكم ھەیە بە ناوی زارا. نیزیك بە نیو سەدە لەوە پێش لە شەوێكی ساردی زستانێكی سەخڵەتی، باپیرم و خاڵی بابم (ژن براكەی) بڕیار دەدەن كە پێوەندی بنەماڵەكەیان پتەوتر بكەن و پوورم بۆ بابم بە ژن بچێ و شوو بكات بە كوڕی خاڵی خۆی تا لە بەرامبەر ئەمە بابم لە گەڵ كچی خاڵی زەماوەند بكا. نە پوورم ناڕازی دەبێ بەو زەماوەندە نە بابم و نە كوڕی خاڵی بابم، بەڵام لەو بەینەدا كچی خاڵی بابم دڵی لە جێگەیەكی ترەو ڕاست شەوێك بەر لەوەی زەماوەندەكان ساز بن، لە گەڵ عەجەمێكی بەژن و باڵا كورتی خەڵكی شاری قەزوێن كە ئێستا لە تایفەدا بە میرزا برایم ناوی دەر كردووە، ھەڵ دێ و بەم شێوەیە ژیانی پوورم گۆڕانێكی گەورەی بە سەر دێ و چارەنووسی وەردەسووڕێ.

Newer Posts Older Posts