۱۰/۲۲/۱۳۹۱

 If I don't publish something, they will suspend my blog...

۳/۰۴/۱۳۹۱

سێهەمین کەناری ڕوبار



ژئۆ گیمارۆس خۆزا
لە ئینگلیزیەوە: ئەنوەر ‌حەسەن‌پوور

باوکم پیاوێکی ئەرکناس بوو، ڕێک و پێک و بێ کەلێن و قوژبن. بە پێی لێکۆڵینەکانی من و ئەو پرسیارانەی لە چەند کەسی جێی باوەڕم کردبوو، ئەو لە سەردەمی لاوەتی و بگرە مناڵیەوە خاوەن ئەو تایبەتمەندیانە بوو. تا ئەو جێگەی من لە بیرمە، ئەو نە بەختەوەرتر بوو لەو پیاوانەی ئێمە دەمان ناسین و نە خەمگین‌تر و بێ هیواتر. ڕەنگە هەندێک بێ‌ دەنگ‌تر بوو. دایکم ماڵەوەی بەڕێوە دەبرد نەوەک باوکم. ڕۆژانە بۆڵە بۆڵی لە سەر دەرکردین و بە زمانێکی ناخۆش لە گەڵ هەر سێکمان دەدوا، خوشکەکەم، براکەم و من. بەڵام ئەو بۆڵە بۆڵە ئەو ڕۆژە دەستی پێ کرد کە باوکم ڕای سپارد بەلەمێکی بۆ ساز کەن.


۶/۰۶/۱۳۹۰

سەد و بیست و حەوت سەعات!

زۆر جار ژیان هیچ شتێکی پێ نیە کە پێت ببەخشێ. ئەوە هەستێکە کە هەر چەند ڕۆژ جارێک، چەند حەوتوو جارێک، چەند مانگ جارێک، چەند ساڵ جارێک و تەنانەت ئەگەر لە ڕاستی لانەدەم هەموو ڕۆژێ جارێک دێ و لە دەرگام دەدا. چەند ساڵە لە بەرامبەر ئەو هەستە بێ دەنگ دەبم و ترسنۆکانە خۆم لە گێلی دەدەم. جاران بێدەنگ نەدەبووم. جاران خۆم لە بەرامبەر ژیان و ئەو هەستە ترسێنەرەی کە ژیان هیچی بۆ من پێ نیە، لە گێلی نەدەدا. لانی کەم قەڵەمەکەم هەڵدەگرت و چیرۆکێکم لە ژیان دەگرت. بێ دەنگم دەکرد. پاشان کە بۆ خۆم چیرۆکەکەم دەخوێندەوە، دەمگوت تۆ هیچت بۆ من پێ نیە ژیان بەڵام، من زۆرم لە باران دایە بۆ تۆ. ناڵێم نووسراوەکانم شاخیان وا و باڵیان وا، بەڵام لانی کەم ئەو هەستەی لە من دا بەدی دێنا کە لە بەرامبەر چلێسی ژیان‌دا بێدەنگ نەبم و ئەگەر ئەو هیچم ناداتێ با من شتێکی بدەمێ. ئارام دەبوومەوە پاش نووسین. ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. نە ژیان هیچ شتێکی بۆ من پێیە و نە من سوورم لە سەر ئەوەی شتێکم بۆ ژیان پێ بێ. لە ڕاستی‌دا، جاران بەو کارە خۆم ئارام دەکردەوە، بەڵام ئێستا، بۆم گرینگ نیە. ئێستا دەمەوێ بڕوا بکەم کە هەموو شتێک ڕاست ئەو جۆرەیە کە لە پێش چاومە. جگە لەمە هەر هەستێکی‌تر نامۆ و دوورەدەستە.
چەند ڕۆژ لەوە پێش فیلمی "127 سەعات"م چاو لێ کرد. چیرۆکی شاخەوانێکە کە ڕۆژێک بێ ئەوەی بە کەس بڵێ ڕێگەی شاخێک دەگرێتە بەر. لە وێ بەردێکی گەورەی بە سەر دەستی‌دا دەکەوێ و دەستی لە بن بەردەکە گیر دەکا. بۆ ماوەی 127 سەعات لەو شوێنە، لە جێگەیەک کە دەستی هیچ بوونەوەرێکی پێ ڕاناگا دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا بیر لە خۆی دەکاتەوە. لە خۆشەویستەکەی، لە دایکی، لە بنەماڵەکەی. دەیان جار لە زیندوو مانەوە بێ هیوا دەبێ و دیسان هەوڵی بۆ دەدا. لە نێوان ئاسمان و زەوی دا هەڵواسراوە. کاتێک بیر دەکاتەوە دەزانێ کە چەند حەزی لە خۆشەویستەکەیەتی. ئەو خۆشەویستەی کە ماوەیەک لەمەوبەر بە بێ هیچ هۆکارێک بە جێی هێشتووە. لە ئاکام دا بە چەقۆیەک کە پێیەتی دەستی دەبڕێ و دەڕوا. ڕزگار دەبێ... ڕەنگە ژیانی ئەو شاخەوانە دوای ئەو 127 سەعاتە دەگۆڕدرێ. ڕەنگە بۆ خۆشی دەگۆڕدرێ. دەبێ بە مرۆڤێکی‌تر. مرۆڤێک کە نرخی ژیان باشتر دەزانێ. (پێویستە بڵێم کە ئەو فیلمە بە پێی چیرۆکی ڕاستەقینەی شاخەوانێک ساز کراوە.)
ئەوانە ناڵێم کە بڵێم ژیان ئاوا بە واتایە و هێندە نرخ‌دارەو... بەڵام پێم وایە هەر کەس لە هەل و مەرجێکی ئاوا دا بمێنێ پاش ئەم ڕووداوە ڕوانگەی سەبارەت بە ژیان دەگۆڕدرێ. هاوڕێ‌یەک زۆر ئازاری بە دەست باوکیەوە کێشابوو. دەیگوت تەنانەت پاش ئەوەی لە بابم جیا بوومەوە و کرێکاریم دەکرد هەموو ڕۆژێ لە بەر ئەوەی بابم حاجە بوو و وەستاکەم ڕقی لە حاجیان بوو، 200 تمەنی لە هەموو کەس کەمتر دەدامێ. جا هەر ئەو هاوڕێ‌یە دەگوت باب "موهبت"ێکی زۆر گەورەیە. (نازانم کوردیەکەی چیە و بیریشی لێ ناکەمەوە.) دەیگوت ئەگەر باوکم بەو حالەوە بۆ من موهبت بێ، ژیان چیرۆکێکی ئەفسووناویە کە نابێ لە دەستی بدەم.

***

دوێنێ فیلمی (loose change)م چاو لێکرد. نازانم بۆ دوو سێ ڕۆژ بوو بیرم لە ڕووداوەکانی یازدەی سێپتامبر دەکردەوە. دۆکۆمێنتارێکە لە سە ڕووداوی یازدەی سێپتامبر. باش ساز کراوە. مەبەستم ئەوەیە کە زانیاری زۆر باشی تێدایە. دوا بە دوای ئەوەی‌دا چووم هەندێک شتم لە سەر ڕووداوەکە خوێندەوە. بیرەوەری ئەو کاتم زیندوو کردەوە کە ئەم ڕووداوە قەوما. لە بیرمە بە شێوەیەکی زۆر نامەردانە ئەو کات لەو بابەتە ناڕەحەت نەبووم. خەڵکێکی زۆر کوژران. بۆ خۆی تراژیدیەک بوو. بەڵام لانی کەم ئەوەی هەبوو کە هەموو دونیا باسی کرد. قەتیش لە بیر ناچێتەوە. پێم وابێ ئەو ڕووداوە لە کوردستانێ قەومابا، بی بی سی فارسیش باسی نەدەکرد. دەنگی ئامریکا نازانم، ڕەنگە لە بەر دڵی عەلی جەوانمەردی! باسێکیان کردبا... . لە کۆتایی فیلمەکەدا و دوای ئەوەی کە زۆرم ئەو سایت ئەو سایت کرد دیسان بەو ئەنجامە گەیشتم:"ئەمریکا خەریکە هەموو دونیا بە (من دەنووسم کەر، ئێوە بیخوێننەوە بە شێت) شێت دەزانێ." قەڵا قوپ...

۲/۰۵/۱۳۹۰

پاییز...!

لە بیرمە یەکەم وشەیەیک کە بۆ فەریدەم نووسی "پاییز" بوو. پێم گوت پاییزەکەم! نازانم بۆ وام پێ گوت؟! ڕەنگە لە بەر ئەوەی یەکەم جار کە بینیم کراسێکی سەرتابەخوار زەردی لە بەر دابوو. یان لە بەر ئەوەی کە رەنگی پرچەکانی لە گەڵا زەردەکانی دارستانە تەسکەکانی بناری قەندیل دەچوو ئەو کاتەی دیمەنێکی ئەفسانەییان لە سەرەتای پاییز بەدی دێنا. ئەو پاییز بوو. وەکوو هەموو ڕووداوە گرینگەکانی ژیانم کە چاوەڕوانی هاتنی پاییز دەبوون و ئینجا دەقەومین. ئەمڕۆ کە جارێکی تر ئەم وشەیەم بە زمان هێنا فەریدە گوتی:"لە بیرتە یەکەم جار وات پێ گوتم؟" لە بیرم بوو. زۆر لە مێژ بوو ئەم وشەیەم لە بیر کردبوو. ڕەنگە لە بەر ئەوەی ئاوارەیی و پەنابەری هەموو شتێکی لە بیر بردبوومەوە. لە بەر ئەوەی کە لەو وڵاتە قا‌قڕەی ئێستا لێی دەژیم دیتنەوەی پاییز زۆر ئەستەمە. ژیانی ئەمریکا زۆر ترسناکە. هێندە ترسناک کە ئەگەر بێت و مرۆڤ وشیار نەبێ هەموو شتێکت لە بیر دەباتەوە. تەنانەت ئەو ئامانجانەی کە لە پێناویان دا ئامادە بووی هەموو شتێک و تەنانەت گیانت فیدا بکەی. ئەمریکا بۆ ئەوەی شتێکت بداتێ، شتێکت لێ دەستێنێ. دەبێ مرۆڤ وشیار بێ نرخی ئەو شتانەی وا بە دەستیان دێنێ زیاتر بێ لەو شتانەی وا لە دەستیان دەدا. لێرە هیچ شتێک ئەو جۆرە نیە کە لە وڵاتی خۆمان تەجرەبەمان کردووە. هێندەی کە لە وڵاتی ئێمە کوشتن و خوێن ڕشتن و لە سێدارەدانی ئاشکرا هەیە، لێرەش کۆمەڵێک بێ ڕەحمی لە خۆی دا شاردۆتەوەو دڵتەنگی قەت دیوارە کورتەکەی بەر ماڵی هیچ پەنابەرێک بەرنادا.
وەک بڵەی تاسەی دیتنی پاییزەکانی کوردستان قەت کۆتایی نەیە، هەموو ڕۆژێ جارێک بیر لە مەرگ دەکەمەوە. بووین بە بینەر. ئیتر لەو هەموو دڵەڕاوکێ و ئەوین و ترس و هەڵات هەڵات و کۆبوونەوەو گریان و تۆران و ئاشت بوونەوە، تەنیا ترسی ئەوە ماوە کە تۆ بڵەی دوو پارتی سەرەکی ئەمریکا لە سەر بودجەی ئەمساڵ پێک بێن یان نا؟! ژیان لێرە زۆر پێکەنینیە. لانی کەم بۆ من کە قەت لەو دەلاقەوە سەیری ژیانم نەکردووە. لە گەڵ تەواوی ئەو شتانەدا لە هەوڵی ئەوە دام کە لە بیرم نەچێتەوە بۆ لێرەم. بەڵام دڵنیام کە هەموو دەرفەتەکان بە کار دێنم بۆ ئەوەی لێرە نەمرم. دەتوانم بیر لە مەرگ بکەمەوە لێرە، بەڵام قەت ناتوانم لێرە بمرم...
...
لە کوێ دەستم پێ کرد و گەێشتم بە کوێ. ژیانیان وەها پێ تاڵ کردووین کە تەنانەت ناتوانین دوو ڕەستە بۆ ئەوین بنووسین. بەڵام لە لە گەڵ هەموو ئەو شتانەدا هەبوونی پاییزێک کە ڕەنگ و بۆنی کوردستانی پێوەیە، لەو وڵاتە کاول کراوەدا هەستێکی هێندە بە تین و گەرمم دەداتێ کە لانی کەم لە بیرم ناچێتەوە خەڵکی کوێم و دەبێ رۆژێک بگەڕێمەوە بۆ کوێ.
پاییزەکەم! تۆ تەنیا بیرەوەری کوردستانی کە هێشتاش هەر لە گەڵمی و دڵنیام ڕۆژێک پرچە زەردە درێژەکانت ڕێگای کوردستانم بۆ خۆش دەکەنەوە... .

***
پ . ن: لەو هەل و مەرجەی کە لە باشووری کوردستان هەیە و ئەو نەکبەتیەی کە نایهەوێ بەرۆکی ئەو خەڵکە بەردا نووسینێکی ئاوا نۆستالۆژیک لە سەر کوردستان زۆر پێکەنینیە. مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیرە...

۱/۱۴/۱۳۹۰

ڕوخساری پێکەنینی ئەمیر کاستاریکا لە کوردستان



ئەنوەر ‌حەسەن پوور


نووسین لە سەر دەرهێنەرێکی وەک بەهمەن قوبادی بە چەند هۆکار کارێکی دژوارە.
یەکەم: سینەما لە کورستان پرۆسەیەکی زۆر ساوایە. هێندە ساوا کە ئەو فیلمانەی بە هەر هۆکارێک لە ئاستی جیهانی دا قسەیەکیان بۆ گوتن پێ بووە یان بە هەندێک هۆکاری سیاسی لە ئاستی جیهانی دا دەنگیان داوەتەوە، لە ژمارەی پەنجەکانی دەست کەمترە. ئەو بابەتە هێندە ترسێنەرە کە مرۆڤ بوێرانە دەتوانێ بڵێ جگە لە چەند فیلم هیچ دەرهێنەرێک و بەرهەمەکانی خاوەن ئەو تایبەتمەندیانە نین کە بتوانن لە مێژووی سینەما دا بمێننەوە. بێ گومان ئەو پێوانەیە کە من بە پشتیوانی ئەو، ئەم ڕوانگەیە دەدرکێنم ڕوانینێکی تەواو شەخسیەو بە هیچ شێوەیەک پێداگری لە سەر ناکەم. تەنیا و تەنیا گرێدراوی شێوازی ڕوانینی بینەرە، جا چ بینەر کەسێکی ئاسایی بێت یان بینەرێکی پرۆفشناڵ. بێ شک ئەم بانگەشەیە لە پێوەندیەکی چڕ و پڕ دایە لە گەڵ بابەتی ساوا بوونی سینەما لە کوردستان و ناتوانین نکۆڵی لە هەل و مەرجی سیاسی – کۆمەڵایەتی – ئابووری کوردستان بکەین. مێژوویەکی لاواز لە بواری سینەما کە بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانی لە ژێر کاریگەری تیغی سانسۆری ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی سەر کوردستان لە دایک بوون و دەرهێنەر لە ڕووی ناچاریش بێ هەموو لایەنەکانی لە بەر چاو گرتووە.

۱۱/۰۹/۱۳۸۹

خەڵك لە گەڵ سینەماكاری ژن كێشەیان نیە، كێشە كاربەدەستەكانن!


(شیلان سەعدی لە بەردەم چەند پرسیاردا)
سازدانی:
ئەنوەر حەسەن پوور

زۆر باش هاوکاری کراوم و لە هەر دوک لا خەڵک هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەکردووم و بە پێچەوانە بۆیان سرنج راکێش بووە کە ژنێک کاری فیلم دەکا بە تایبەت لە گووندەکان. دەبێ بڵێم کێشەی ئێمە لە بواری کۆمەڵایەتی و لەگەڵ خەڵک نییە و ئەوان بەو باوەڕە گەیشتوون کە ژن لە هەموو بوارەکان دا دەتوانێ ئیش بکا و قەبووڵیان کردووە. زۆرترین کێشە لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە کار بەدەستن و بە داخەوە باوەڕی ئەوان بە دەرهێنەری ژن کەمترە.

۱۰/۱۲/۱۳۸۹

ئێمە ڕەخنەگری سینەماییمان نیە (كەیوان فەھیمی لە بەردەم چەند پرسیاردا)



سازدانی: ئەنوەر حەسەن پوور
كەیوان فەھیمی لە ساڵی 1978 لە شاری مەھاباد لە دایك بووە، بەكەلۆریای شانۆی لە زانكۆی سوورەی تاران تەواو كردووەو فۆتۆگرافی و دەرھێنەری سینەمای لە ناوەندی فێركاری سینەمای لاوانی مەھاباد تێپەڕاندووە. 

۸/۱۱/۱۳۸۹

من بڕوام بە شۆڕش و ھونەرمەندانی شۆڕش ھەیە!


وەڕگێڕان لە توركیەوە
 ئەنوەر حەسەن پوور

ئەم وت و وێژە لە لایەن دورسون ئاكچام و دوا بە دوای سەركەوتنی فیلمی "ڕێگا" لە فیستیڤاڵی فیلمی كەن دا لە گەڵ یڵماز گونەی ئەنجام دراوە و لە ساڵی 1982 و لە ژمارە 9ی گۆڤاری "توركیای دیمۆكراتیك" دا بڵاو بۆتەوە. بەو باوەڕەوە كە ھیچ نووسراوەیەك ناتوانێ یڵماز گونەی وەك تێڕوانینەكانی خۆی بناسێنێ و لە بەر ئەوەی كە زۆر كەم لە ڕوانینەكانی یڵماز گونەی وەرگێڕدراونە سەر زاراوەی سۆرانی زمانی كوردی، ئەم دیمانەیە وەرگێڕدراوە. ئەم بابەتە لە ژماری پێنجی گۆڤاری فیلم دا بڵاو بۆتەوە. لینكی داگرتنی ئەو گۆڤارە لە كۆتایی بابەتەكە ھاتووە.

۸/۰۳/۱۳۸۹

ئێمە بوین بە فیلمسازی ڕۆژاوایی که‌ له کوردستان فیلم دروست ده‌که‌ین

وت و وێژێك لە گەڵ ئەمیر غوڵامی
سازدانی ئەنوەر حەسەن پوور

بە نێوی ماڵپەڕی بیست و چوار كاتژمێر لە ھەوڵی ئەوە داین كە دەست بە زنجیرە ھەوڵ دانێك بكەین لە پێناو باسێكی تێر و تەسەل لە مەڕ سینەمای كوردی، خەسارەكانی و ئەو ڕەھەندانەی دەبێ ڕاوەستەیان لە سەر بكرێت. بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستا ھەندێك پرسیارمان ئاڕاستەی تاقمێك لە نووسەران، دەرھێنەران و ڕەخنە گرانی كورد كردووە. ئامانجمان ئەوەیە كە لەم ڕێگەوە بتوانین ڕێگە لە بەر دەم باسێك بكەینەوە بەڵكوو ئەم ھەوڵ دانە ھەنگاوێك بێت لە پێناو بەرەو پێش بردنی ڕەخنەی سینەمایی و شوێنێك بۆ گوێ گرتن لەو نووسەر و ھونەرمەندە بە توانایانە ساز بكرێت. ھەر بۆیە و لەم پێناوەدا پێشوازی دەكەین لە ھەموو ئەو بابەتانەی لە سەر سینەمای كوردی و ڕەھەندەكانی دەكرێت و بۆ ئەمەش دەستی یارمەتی ھەموو خاوەن بیر و ڕایەك دەگرین.
كاك ئەمیر غوڵامی یەكێك لەو دەرھێنەرە لاوانەیە كە خاوەن زۆر بیر و ڕای گرینگە لە سەر سینەمای كوردی و پێشتریش لێكۆڵینەوەیەكی تێر و تەسەلی لەم بارەوە كردووە كە جێگای سەرنجێكی زۆرە. كاك ئەمیر لە فێستیڤاڵی فیلمی دۆكۆمێنتاری لەندەن و مێلبۆرن و فێستیڤاڵی فیلمی كورتی لەندەن بەشداری كردووە و خاوەن چەند بەرھمی گرینگ و جێی تێڕامانە. كاك ئەمیر غوڵامی بەشی دەرھێنەری سینەمای تەواو كردووە و ئێستاش لەو بوارەو بەردەوما بە چالاكیەكانی دەدات.

۶/۲۰/۱۳۸۹

كورتە فیلمێكی نووسراو

وێڵم و تاریكە دەورم فەڕشی ڕێگەم مەینەتە
بێ كەسم تەنھا ئەناڵم مەرگی خۆمم عەزرەتە

سازی ئاھەنگی شەوانم سۆزی جەرگی لەت لەتە
یاوەر و یاری ئەنیسم ئاو و ئەشكی حەسرەتە

***

ھێشتا گۆڕانیەكە تەواو نەببوو كە ئەو دوایین ھەناسەی كێشا. ئیتر غوربەت بە ھەموو ئازارەكانیەوە تەواو ببوو...

Older Posts